نوێترین زانیاری سهبارهت به دۆسییهی مردنی ژینا ئهمینی

3 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
باوکی ژینا ئهمینی وهڵامی وتهکانی وهزیری ناوخۆی ئێرانی دهداتهوه سهبارهت به گیانلهدهستدانی کچهکهی و ڕایدهگهیهنێت کچهکهی هیچ نهخۆشییهکی نهبووهو بهرپرسانی ئێران درۆ دهکهن.
دوای ئهوهی ئەحمەد وەحیدی وهزیری ناوخۆی ئێران ڕایگهیاندبوو کە پۆلیس توندوتیژی بەرامبەر بە ژینا ئەمینی نەکردووە و هۆی مردنەکەی بۆ "نەخۆشییەکی سەردەمی منداڵی" گەڕاندووەتەوە. ئهمجهد ئهمینی باوکی ژینا ئهمینی تهواوی ئەو قسانە رەتدەکاتەوە و دەڵێ، "کچەکەم هێچ نەخۆشییەکی نەبوو، ئەوان [بەرپرسانی ئێرانی] درۆ دەکەن".
ئەمجەد ئەمینی، باوکی ژینا ئەمینی، سەرلەبەری ئەو راپۆرتانەی ئەمڕۆ (یەکشەممە 18ـی ئەیلول) لە میدیاکانی نزیک لە حکومەتی ئێران و بە تایبەت قسەکانی ئەحمەد وەحیدی وەزیری ناوخۆی ئەو وڵاتە لەبارەی هۆکاری مردنی کچەکەی، رەتدەکاتەوە.
ئەمجەد ئەمینی، بە رۆژنامەی (هەممیهەن)ـی وتووە، "ژینا هیچ نەخۆشییەکی نەبووە، ئەو کەسانەی دەڵێن کچەکەم پەرکەم یان نەخۆشییەکی دیکەی هەبووە، درۆ دەکەن. قورسترین نەخۆشی ئەو، پەسیوی بووە، ئەو دەنگۆیانە قسەی خۆیانە".
سەرەڕای ئەوەی تا ئێستا راپۆرتی پزیشکی داد لەبارەی هۆکاری مردنی ژینا ئەمینی بڵاونەبووەتەوە، بەڵام ئەحمەد وەحیدی وەزیری ناوخۆی ئێران لە لێدوانەکانیدا هەوڵیداوە هۆکارەکە بۆ دۆخی تەندروستی ژینا بگەڕێنێتەوەو وتویهتی ئەو خاتوونە لە تەمەنی پێنج ساڵیدا نەشتەرگەری مێشکی بۆ کراوە.
دهربارهی ئهوهش که بەرپرسانی ئەمنی ئێران، گرتەی ڤیدیۆیی (ژینا ئەمینی)ـیان لە بنکەیەکی پۆلیسی تاران بڵاوکردووەتەوە. لەو گرتەیەدا تەنها ئەوە نیشاندراوە کە لەناکاو ژینا دەکەوێتە سەر زەوی.
باوکی ژینا لەبارەی ئەو فیلمەوە دەڵێت: هەندێ شوێنی ئەو فیلمەی بڵاوبووەتەوە، بڕدراوە. بۆ ئەو کاتەی کچەکەم لە ئۆتۆمبێل دادەبەزێنن، نیشان نادەن. بۆ نیشانیان نەدا لە ناو رێڕەوی بنکەی پۆلیسدا چی روویداوە؟ ئەوان گوشاری دەروونیان بۆ هێناوە و دواجار ئەو کارەساتەی لێکەوتەوە.
هاوکات مەعسومە ئبتیکار، راوێژکاری پێشووی سەرۆککۆماری ئێران بۆ کاروباری ژنان، لەوبارەیەوە بە ماڵپەڕی (دیدەبانی ئێران)ـی وتووە: ئەو فیلمە بڕدراوە و دوای بڵاوبوونەوەی، کۆمەڵێک پرسیار دروستبووە.

