سۆمۆ بۆ کۆمپانیا جیهانییەکان: نەوتی هەرێمی کوردستان مەکڕن

2 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

لەلێدوانێکی ڕۆژنامەنوسیدا بەڕێوەبەری کۆمپانیای فرۆشتنی نەوتی خاوی عێراق ناسراو بە سۆمۆ رایگەیاند، داوایان لە کۆمپانیا جیهانییەکان کردووە نەوتی خاو لە هەرێمی کوردستان نەکڕن، حکومەتی هەرێمی کوردستانیش ناچارە بڕیارەکەی دادگەی فیدراڵی جێبەجێ بکات.
 
لەوبارەیەوەعەلا یاسری، بەڕێوەبەری کۆمپانیای سۆمۆ، شەوی رابردوو 19/9/2022، بە ئاژانسی فەرمیی هەواڵەکانی عێراقی راگەیاندووە: بەپێی بڕیارەکەی دادگەی فیدراڵی هەموو ئەو گرێبەستانەی کە حکومەتی هەرێمی کوردستان واژووی کردوون بۆ دەرهێنان و هەناردەکردنی نەوت پووچەڵن.
 
عەلا یاسری وتی: وەزارەتی نەوت رێکاری گرتووەتەبەر بۆ گواستنەوەی ئەم دۆسیەیە بەتەواوەتی (دۆسیەی نەوتی هەرێمی کوردستان) بۆ ژێر دەسەڵاتی حکومەتی فیدراڵی، بەڵام حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەم هەنگاوەی لا پەسەند نەبوو، بۆیە وەزارەتی نەوت رێکاری یاسایی گرتەبەر".
 
بەڕێوەبەری کۆمپانیای سۆمۆ دەڵێت: حکومەتی هەرێمی کوردستانیش ناچارە بڕیارەکەی دادگەی فیدراڵی جێبەجێ بکات. دەشڵێت: کۆمپانیای سۆمۆ داوای لە هەموو کۆمپانیا جیهانییەکان کردووە نەوتی خاو لە هەرێمی کوردستان نەکڕن.
 
بە وتەی بەڕێوەبەری کۆمپانیاکە ساڵی رابردوو هەرێمی کوردستان، رۆژانە نزیکەی 420 هەزار بەرمیل نەوتی خاوی هەناردە کرد، بەڵام ئەمساڵ بڕی هەناردەی رۆژانەی دابەزیوە بۆ 355 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا.
 
بەڕێوەبەری کۆمپانیای سۆمۆ دەڵێت:حکومەتی هەرێمی کوردستان نەوتی خاو بە نرخێکی کەمتر دەفرۆشێت بەراورد بە نرخی فرۆشتنی نەوت لە لایەن حکومەتی فیدراڵەوە، جیاوازیی نێوان هەردوو نرخەکە 16 بۆ 20 دۆلار دەبێت بۆ هەر بەرمیلێک.
 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار