سەعدی ئەحمەد پیرە: تا ئێستا یەك بەرنامەی هاوبەشمان نیە لەبەغداد
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
سەعدی ئەحمەد پیرە ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لەچاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ هاوڵاتی رایگەیاند: «كێشەكان لەنێوانی یەكێتی و پارتی چارەسەر نەبوون و نەگەیشتووینەتە ئەنجامێك كەبتوانرێت ئێمە لەبەغداد بەیەك پلاتفۆڕم و یەك بەرنامەی هاوبەش بەشداری بكەین».
هاوڵاتی: ئایا پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتمانی كوردستان رێككەوتوون بەیەك وەفد بچن بۆ بەغداد؟
سەعدی ئەحمەد پیرە: «نەخێر، چونكە دوو بەرنامەی جیایان پێشكەشكردووەو هەریەكەو بەرنامەی خۆی پێشكەشكردووەو تائێستا پڕۆژەی هاوبەشیان نییە».
هاوڵاتی: باس لەڕێككەوتنی یەكێتی و پارتی دەكرێت لەسەر پۆستی سەرۆك كۆمار، ئایا ئەمە راستە؟
سەعدی ئەحمەد پیرە: «تائێستا ناتوانین پشتڕاستی بكەینەوە كە رێككەوتن كراوە، یەكێتی و پارتی هێشتا لەو بارەیەوە نەگەیشتوونەتە ریككەوتن».
هاوڵاتی: ئەندامێكی سەركردایەتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لەچاوپێكەوتنێكیدا لەژمارەی رابردووی رۆژنامەی هاوڵاتی-دا وتی یەكێتی و پارتی تیمی هاوبەشیان پێكهێناوەو نزیكن لەڕێككەوتن، تۆ دەڵێی چی؟
سەعدی ئەحمەد پیرە: «من ناتوانم پشتڕاستی بكەمەوەو نازانم چی بڵێم، تائێستا لەنێوان ئێمە و پارتی بەرەوپێشچوون هەیەو لێكتێگەیشتن هەیە، بەڵام پێویستە ئێمە بەیەك كارت داخڵی هەڵبژاردن ببین و بەیەك وەرەقە هەموو كورد بچێتە بەغدا بۆ دیالۆگی نیشتیمانی، بەڵام تائێستا هیچ نەبووە».
هاوڵاتی: لەسەر پرسە ناوخۆییەكانی هەرێمی كوردستانیش، وەكو پرسی داهات و خاڵە سنورییەكان و هەڵبژاردن، لەگەڵا پارتی نەگەیشتوونەتە رێككەوتن؟
سەعدی ئەحمەد پرە:»لەسەر هەڵبژاردنیش هێستا گفتوگۆكان كۆتایی نەهاتووە، بۆ پرسی داهات و خاڵە سنوورییەكانیش، نەگەیشتووینەتە گفتوگۆی ئەو بابەتانە».
هاوڵاتی: باس لەوەدەكرێت پارتی لەگەڵا چوارچێوەی هەماهەنگی لەبەغداد گفتوگۆیان كردووە، ئێوە لەمبارەیەوە چی دەڵێن؟
سەعدی ئەحمەد پیرە: «كۆبوونەوەیەكی تایبەت نییەو هەموو لایەنەكان دەرگای گفتوگۆیان دانەخستووەو گفتوگۆ هەر هەیە لەنێوان لایەنەكان، لەنێوان پارتی و لایەنەكان، لەنێوان یەكێتی و لایەنەكان، بەڵام باسەكەمان لەسەر مەوزوعی كوردستان و لایەنە سیاسییە كوردستانییەكان شتێكی هاوبەشە».
هاوڵاتی: بەڕای تۆ یەكێی و پارتی رێكدەكەون؟
سەعدی ئەحمەد پیرە: «بەدڵنیاییەوە رێكدەكەون چونكە ئەو ناكۆكیانەی كەهەیە ئەوەندە نییە، دواتریش ئێمە لەقیمەی ناڕێكیدا لەنێوان هەمووماندا شتی هاوبەشمان هەبووە، لەیەك سەنگەر شەڕی داعشمان كردووەو حكومەتی هەرێمی هاوبەشمان هەبووەو لەپەرلەمان لەژێر یەك سەقف كۆبوونەوەمان كردووە».
هاوڵاتی: جارێكی تر ئەوە رووناداتەوە پارتی و یەكێتی بەدوو وەفدی جیا بچن بۆ بەغدادو بەسەر دوو بەرەدا دابەش ببن؟
سەعدی ئەحمەد پیرە: «یەكێتی هیچ شتێكی لەگەڵ چوارچێوەی هەماهەنگی ئیمزا نەكرد، پارتی لەگەڵ سەدرو لەگەڵ سوننەكان رێككەوتنی ئیمزا كردبوو ئەوە زۆر فەرقی هەیە، بەڵام یەكێتی بەدەست خۆی نەبوو، ئەو مەوقیعەی كەهەوڵدرا پەرلەمان كۆببێتەوە بەبی یەكێتی و لایەنە سیاسییەكانی دیكە، لەكورددا بەس پارتی و لەسوننە بەس حەلبوسی و خەمیس خەنجەرو لەشیعەكانیش بەس رەوتی سەدری، باقییەكەی دیكە بۆ ئۆپۆزسیۆن، ئەوە ناچاری كردین كە بەیەكەوە دانیشین ئەگینا شتێكی بەرنامە بۆداڕێژراو نەبوو».
«حاڵی حازر یەكێتی و پارتی دوو وەرەقەیان هەیە، بەڵام هەردوولا زۆریان حەز لێیە كەوەرەقەی هاوبەش هەبێت و هەوڵی ئەوە دەدرێت كە لەڕێگای ئەو گفتوگۆیانەی كەبەردەوام دەكرێن وەكو ئەو گفتوگۆیەی لەپیرمام کرا لەنێوان كاك مەسعود و كاك بافڵ ئەو جۆرە گفتوگۆیانە بەردەوام دەبن، گەیشتنە ئەنجام ئەوكاتە وەرەقەی هاوبەشیش دەبێت و یەكڕیزی لایەنەكانی دیكەش دەبێت، نەگەیشتنە ئەنجام دەبێت بەردەوام بن تادەگەنە ئەنجام، بەڵام هەرگیزی تێدا نییە».
هاوڵاتی: تۆ گەشبینی بەوەی پارتی و یەكێتی رێكبكەون؟
سەعدی ئەحمەد پیرە: «بەڵێ یەكێتی و پارتی رێكدەكەون».
هاوڵاتی: ئایا پارتی و یەكێتی سەبارەت بەپۆستی پارێزگاری كەركوك گفتوگۆیان كردووە؟
سەعدی ئەحمەد پیرە: «دەبێت كورد بەیەكەوە هەوڵبدەن پۆستی پارێزگاری كەركوك بەدەستبهێنن و ئەو بۆچوونانەی كە لەوەوپێش باسكراوە بۆچوونی خراپ و نەزۆكن».