ململانێی یه‌كێتی و گۆڕان كردنه‌وه‌ی خوێنگایه‌ك له‌ بازیان دواده‌خات

2 ساڵ لەمەوپێش



سه‌ركۆ جه‌مال

ململانێكی یه‌كێتی و گۆڕان له‌سه‌ر دانانی به‌ڕێوه‌به‌ری خوێندنگایه‌ك له‌ سنوری بازیان له‌ پارێزگای سلێمانی، كردنه‌وه‌ی خوێندنگاكه‌ به‌ رووی خوێندنكاران و قوتابیاندا دواده‌خات، خوێندكارانیش له‌ خوێندنگایه‌كی تردا ده‌وام ده‌كه‌ن و ئه‌مه‌ش فشارێكی زۆری له‌سه‌ر ئه‌و خوێندنگایه‌ دروستكردووه‌و وایكردووه‌ نزیكه‌ی 70 خوێندكار له‌ پۆلێكدا ده‌وام بكه‌ن، ئه‌وه‌ له‌ كاتێكدایه‌ ئه‌و دوو حزبه‌ رێككه‌وتنیان هه‌یه‌ بۆ به‌ڕێوه‌بردنی حكومه‌تی خۆجێیه‌تی له‌ سنوری پارێزگای سلێمانی و ئیداره‌كانی گه‌رمیان و راپه‌ڕین.

له‌ سنوری بازیانی سه‌ر به‌ پارێزگای سلێمانی بینای خوێندنگایه‌ك دروستكراوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی چاره‌سه‌ری كه‌می بینای خوێندنگا بكرێت و فشار له‌سه‌ر خوێندنگای ره‌وا كه‌مبكرێته‌وه‌، به‌ڵام ململانێی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان و بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان له‌سه‌ر دانانی به‌ڕێوه‌به‌ری خوێندنگاكه‌ رێگربوه‌ له‌وه‌ی خوێندنگاكه‌ بكرێته‌وه‌، هه‌رچه‌نده‌ به‌ڕێوه‌به‌ری په‌روه‌رده‌ی رۆژئاوای سلێمانی ره‌تیده‌كاته‌وه‌ ململانێی حزبی هۆكاری دواكه‌وتنی كردنه‌وه‌ی خوێندنگاكه‌ بێت، به‌ڵام هێشتا خوێندنگاكه‌ به‌رووی قوتابیان و خوێندكاراندا نه‌كراوه‌ته‌وه‌، كه‌ بڕیاره‌ دوو ده‌وامی تێبكرێت یه‌كێكیان بنه‌ڕه‌تی و ئه‌وی ترییان ئاماده‌ییه‌.

به‌ناز ڕه‌مه‌زان، به‌ڕێوه‌به‌ری په‌روه‌رده‌ی رۆژئاوای سلێمانی به‌هاوڵاتی راگه‌یاند:»ئه‌و قسه‌یه‌ راست نییه‌ كه‌ به‌هۆی ململانێی حزبی كردنه‌وه‌ی خوێندنگاكه‌ دواكه‌وتنبێت، به‌ڕێوه‌به‌ره‌كان فه‌رمانی ده‌ستبه‌كاربوونیان بۆ ده‌رچووه‌، به‌ڵام به‌هۆی ئه‌وه‌ی خوێندنگه‌كه‌ تازه‌یه‌ كاتی ده‌وێت تا خوێندن تێیدا ده‌ستپێبكاته‌وه‌، دوو كێشه‌مان هه‌یه‌ كه‌ یه‌كێكیان هه‌ندێك ورده‌كاری ناو خوێندنگاكه‌یه‌، به‌ڵام ئێمه‌ چاوه‌ڕێی قرتاسیه‌ و وایت بۆرد و هه‌ندێك شت بووین تا خوێندن تێیدا ده‌ستپێبكاته‌وه‌».
وتیشی:»به‌ڕێوه‌به‌ری ئاماده‌ییه‌كه‌ ده‌مێكه‌ ده‌ستبه‌كاربووه‌، به‌ڵام بنه‌ڕه‌تییه‌كه‌ ماوه‌ی هه‌فته‌یه‌كه‌ فه‌رمانی بۆ ده‌رچووه‌».

به‌ڵام مامۆستا سۆران ره‌سوڵ به‌رێوه‌به‌ری قوتابخانه‌ی ڕه‌وا له‌قه‌زای بازیانی سه‌ر به‌ پارێزگای سلێمانی له‌لێدوانێكدا به‌هاوڵاتی وت:»قایمقامی بازیان گۆڕانه‌، وای به‌ شایسته‌ زانیوه‌ مامۆستایه‌ك كه‌ گۆڕان بێت بكرێته‌ به‌ڕێوه‌به‌ری خوێندنگاكه‌، دواتر یه‌كێتی ناڕه‌زایی پیشاندا گوایه‌ خه‌ڵك ناڕازین، دۆخه‌كه‌ ململانێیه‌كی سیاسی بۆ دروستبوو، دواتر مامۆستایه‌ك كه‌وته‌ نێوه‌ندگیری و به‌ حوكمی ئه‌وه‌ی دوو قۆناغی تێدایه‌ و یه‌كێكیان ئاماده‌یی و یه‌كێكیان بنه‌ڕه‌تییه‌ ، به‌ڕێوه‌به‌ری ئاماده‌ییه‌كه‌ بدرێت به‌ یه‌كێتی و به‌ڕێوه‌به‌ری بنه‌ڕه‌تییه‌كه‌ش بدرێت به‌ گۆڕان، ئێستا هه‌ردوو به‌ڕێوه‌به‌ر فه‌رمانیان بۆ ده‌رچووه‌ به‌ڵام تا ئه‌م كاته‌ی قسه‌ ده‌كه‌م هیچ خوێندكارێك ده‌وامی تێدا نه‌كردووه‌». 

وتیشی: بڕیاره‌ نزیكه‌ی %48ی خوێندكاره‌كانمان بچنه‌ خوێندنگا نوێیه‌كه‌،و به‌پێی لیستی ناوه‌كان هه‌تا 70 خوێندكار له‌پۆلێكدان، و به‌و په‌ڕی به‌رپرسیارێتییه‌وه‌ ئه‌و قسه‌یه‌ ده‌كه‌م سه‌ره‌تای كێشه‌كه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی بینایخوێندنگاكه‌ كه‌ له‌لایه‌ن كارگه‌كانی بازیانه‌وه‌ دروستكراوه‌».

«دواجار خوێندنگاكه‌ پێویستی به‌ به‌ڕێوه‌بردنه‌ و ده‌بێت خودی په‌روه‌رده‌ ئه‌وكاره‌ بكات، به‌داخه‌وه‌ نه‌ك ته‌نیا له‌سنووری بازیان له‌هه‌موو هه‌رێمی كوردستان حزب به‌رپرسی یه‌كه‌می ده‌زگاكان داده‌نێت، وه‌ك ده‌زانین له‌زۆنی سه‌وز یه‌كێتیی به‌رپرسی هه‌موو شتێك داده‌نێن و له‌ زۆنی زه‌ردیش پارتی، بینای ئه‌و خوێندنگایه‌ پێش ئه‌وه‌ی بازیان بكرێت به‌ قه‌زا دروستكراوه‌، واته‌ له‌سه‌رده‌می به‌ڕێوه‌به‌ری ناحیه‌ ئه‌و كارگه‌كانی هێنایه‌ ژێر بار تا ئه‌و خوێندنگه‌یه‌ دروستبكه‌ن»، مامۆستا سۆران ره‌سوڵ وای وت.
هاوكات سه‌رچاوه‌یه‌ك له‌قایمقامیه‌تی قه‌زای بازیان بۆ هاوڵاتی دواو ده‌ڵێت: «زیاتر له‌ 15 رۆژه‌ به‌رپرسانی كۆمیته‌ی بازیانی یه‌كێتی و مه‌كۆی گۆڕان له‌ بازیان له‌سه‌ر ئه‌و پرسه‌ گفتوگۆ ده‌كه‌ن و سه‌رئه‌نجام له‌ رۆژی 18-9-2022 هه‌ردوولا له‌سه‌ر ئه‌وه‌ رێككه‌وتوون كه‌ به‌ڕێوه‌به‌رێكیان گۆڕان بێت و به‌ڕێوه‌به‌رێكیشیان له‌یه‌كێتی بێت».

هاوڵاتی په‌یوه‌ندیكرد به‌ یه‌كێك له‌و به‌ڕێوه‌به‌رانه‌ی كه‌ بڕیاری ده‌ستبه‌كاربوونی بۆ ده‌رچووه‌، ئاماده‌نه‌بوو له‌وباره‌یه‌وه‌ لێدوان بدات، به‌ڵام پشتڕاستیكرده‌وه‌ كه‌به‌هۆی كێشه‌ی حزبییه‌وه‌ كردنه‌وه‌ی خوێندنگه‌كه‌ دواكه‌وتووه‌.
له‌ یه‌كی ئه‌م مانگه‌وه‌ به‌پێی بڕیاری وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ی حكومه‌تی هه‌رێم، ده‌وامی فه‌رمی مامۆستایان بۆ «موباشه‌ره‌كردن» ده‌ستیپێكردووه‌، ده‌وامی خوێندكارانیش له‌ 13-9-2022 ه‌وه‌ ده‌ستیپێكردووه‌.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار