سه‌رۆکی ئۆکرانیا بڕیاریدا باڵوێزی ئێران له‌وڵاته‌که‌ی ده‌ربکات

2 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی
دوای ئەوەی کە ژمارەیەک درۆنی ئێرانی کە لە لایەن رووسیاوە بەکارهاتبوون، لە نێوەڕاست و باشووری ئۆکراینا خرانەخوارەوە، سەرۆکی ئۆکراینا ڕایگه‌یاند وەزارەتی دەرەوەی وڵاتەکەی راسپاردووە "کاردانەوەی تووند" دژی ئێران بنوێنن، 
 
ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا لە گوتاری شەوانەی خۆیدا، رۆژی هەینی 24-09-2022، ئاماژەی بەوە کرد، بڕیاریانداوە باڵیۆزی ئێران دەربکەن و ژمارەی ستافی باڵیۆزخانەکەش کەمبکەنەوە، هاوکات وەزارەتی دەرەوەی ئۆکراینا رایگەیاند، لەسەر ئەو پرسە، "رێکخەری کاتیی کاروباری ئێرانیان لە ئۆکراینا بانگهێشتکردووە". 
 
کیێڤ بە دیپلۆماتە ئێرانییەکەی گوتووە، پێدانی چەک لە لایەن ئێرانەوە بە رووسیا، "راستەوخۆ دژی بێلایەنبوونە،" و "کارێکی نادۆستانەیە کە گورزێکی گەورە لە پەیوندییەکانی ئۆکراینا و ئێران دەدات."
 
هەر لە رۆژی هەینی کیێڤ گوتی، کەسێکی سڤیل لە هێرشێکی درۆنیی هێزەکانی رووسیادا بۆ سەر شاری ئۆدێسای باشووری ئۆکراینا کوژراوە و درۆنێکی دروستکراوی ئێرانی لە لایەن هێزە ئۆکراینییەکانەوە خراوەتەخوارەوە، گوتەبێژی زیلینسکی دەڵێت، "بەکارهێنانی چەکی ئێرانی لە لایەن سەربازانی رووسیاوە، هەنگاوەکانی ئێرانن دژی سەروەری و یەکپارچەیی وڵاتەکەمان."
 
دەقی گوتەکانی ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا:
 
"سوپای رووسیا درۆنی ئێرانییان بەکارهێنا بۆ هێرشکردنە سەر شارەکانی دنیپرۆ پێترۆڤسک و ئۆدێسا. من وەزارەتی دەرەوەم راسپارد کاردانەوەی تووند دژی ئەمە بنوێنن. جیهان هەموو راستیێک لەبارەی هاوکاریکردنی لایەنی شەڕانگێز دەزانێت و ئەوە لێکەوتی خۆی دەبێت. بڕیاردراوە مۆڵەت لە باڵیۆزی ئێران لە ئۆکراینا بسەندرێتەوە و ژمارەی کارمەندانی باڵیۆزخانەی ئێرانیش بە شێوەیەکی بەرچاو کەمبکرێتەوە. شەش لەو درۆنە ئێرانییانە لە لایەن چەکی دژەفڕۆکەی هێزەکانمان لە رۆژهەڵات و باشوور خرانەخوارەوە. یەکێکی دیکەیان لە لایەن سیستمی بەرگریی ئاسمانیی هێزە دەریاییەکانمان خرایەخوارەوە."

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار