ئه‌رمینیا دوو گه‌ریلا ته‌سلیمی ده‌وڵه‌تی توركیا ده‌كاته‌وه‌

2 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی
كۆما جڤاكێن كوردستان-كه‌جه‌كه‌ ئیدانه‌ی ڕاده‌ستكردنه‌وه‌ی دوو گه‌ریلای هه‌په‌گه‌ ده‌كات له‌لایه‌ن ده‌وڵه‌تی ئه‌رمه‌نستانه‌وه‌ به‌ ده‌وڵه‌تی تورك و ڕایده‌گه‌یه‌نێت: ڕاده‌ستكردنی ئه‌و دوو گه‌ریلایه‌ به‌ توركیا ده‌رخه‌ری ئه‌وه‌یه‌، كه‌ ئه‌رمینیا خیانه‌ت له‌ دۆزی گه‌لی ئه‌رمه‌نی و هه‌موو گه‌لان ده‌كات.

ئه‌مڕۆ هاوسه‌رۆكایه‌تیی كۆنسه‌ی به‌ڕێوه‌به‌ریی كۆما جڤاكێن كوردستان- كه‌جه‌كه‌ ڕاگه‌یه‌ندراوێكی له‌باره‌ی ڕاده‌ستكردنه‌وه‌ی دوو گه‌ریلای هه‌په‌گه‌ به‌ناوه‌كانی ئاتیلا چیچك ناسراو به‌ له‌هه‌نگ و حسێن یه‌ڵدرم ناسراو به‌ عه‌لشیر بڵاوكرده‌وه‌، كه‌ له‌چه‌ند ڕۆژی ڕابردوودا له‌لایه‌ن ده‌وڵه‌تی ئه‌رمینیاوه‌ ڕاده‌ستی ده‌وڵه‌تی توركی داگیركه‌ر كراونه‌ته‌وه‌.

كه‌جه‌كه‌ ده‌ڵێت: هه‌ردوو شۆڕشگێڕی كورد كه‌ بۆ ئازادیی گه‌لی كورد تێده‌كۆشان، بۆ ئه‌ركێكی شۆڕشگێڕانه‌ چوونه‌ته‌ ئه‌رمینیا، له‌كاتێكدا كه‌ خاكی ئه‌رمینیا به‌ پشتیوانی و دنه‌دانی ده‌وڵه‌تی تورك داگیرده‌كرێت، زۆر جێگای سه‌رنج و ماناداره‌، كه‌ ئه‌و دوو شۆڕشگێڕه‌ كورده‌ له‌لایه‌ن حكومه‌تی ئه‌رمینیاوه‌ ڕاده‌ستی ده‌وڵه‌تی تورك كراون، ئه‌م دۆخه‌ به‌ڕوونی ده‌ریخست، كه‌ حكومه‌تی پاشینیان هاوكاریی ده‌وڵه‌تی توركی داگیركه‌ری پاكتاوكار و ده‌سه‌ڵاتی فاشیستیی ئاكه‌په‌ – مه‌هه‌په‌ ده‌كات.

كه‌جه‌كه‌ ده‌ڵێت:”به‌ ناوی بزووتنه‌وه‌ی ئازادیی كوردستانه‌وه‌ ئیدانه‌ی حكومه‌تی پاشینیان ده‌كه‌ین، كه‌ هه‌ردوو هه‌ڤاڵمانی ڕاده‌ستی ده‌وڵه‌تی تورك كردووه‌”.

هاوسه‌رۆكایه‌تیی كه‌جه‌كه‌ جه‌خیشیكردووه‌ته‌وه‌:”ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ی حكومه‌تی پاشینیان، ئه‌و ڕه‌خنه‌و تاوانباركردنانه‌ پشتڕاست ده‌كاته‌وه‌، كه‌ سه‌باره‌ت به‌ داگیركردنی خاكی ئه‌رمینیا لێی ده‌گیرێت، ئه‌رمینیا له‌ جیاتی ئه‌وه‌ی پشتگیریی ئه‌و كه‌سانه‌ بكه‌ن، كه‌ له‌ دژی ده‌وڵه‌تی توركی داگیركه‌ر و پاكتاوكار تێده‌كۆشن، ڕاده‌ستی ده‌وڵه‌تی توركیان ده‌كه‌نه‌وه‌، ڕاده‌ستكردنیان به‌ ده‌وڵه‌تی تورك خیانه‌تكردنه‌ له‌ تێكۆشانی گه‌لی ئه‌رمه‌نی له‌ دژی كۆمه‌ڵكوژی و پاكتاوكاریی توركیا، كه‌ له‌ مێژوودا گه‌لی ئه‌رمه‌نیی كۆمه‌ڵكوژ كردووه‌ و ئه‌مڕۆش خاكی ئه‌رمینیا داگیرده‌كات.

دووپاتیشیكردووه‌ته‌وه‌:”ڕاده‌ستكردنه‌وه‌ی ئه‌و دوو هه‌ڤاڵه‌مان به‌ ده‌وڵه‌تی تورك، ڕاستیی ناپاكیی و خیانه‌ت و هاوكاریی نهێنیی حكومه‌تی پاشینیانی ئاشكراكرد”.

كه‌جه‌كه‌ داواش له‌ گه‌لان و دۆستان به‌تایبه‌تی گه‌لی ئه‌رمه‌ن ده‌كات، كه‌ “له‌ به‌رامبه‌ر ئه‌م حكومه‌ته‌ هاوكاره‌ بووه‌ستنه‌وه‌و ئێمه‌ له‌وه‌ دڵنیاین، كه‌ گه‌لی ئه‌رمه‌ن هه‌ڵوێستی پێویست به‌رامبه‌ر ئه‌و حكومه‌ته‌دا ده‌گرنه‌به‌ر و لێپرسینه‌وه‌ له‌ هاوكاریی و خیانه‌ت ده‌كه‌ن”.

هاوسه‌رۆكایه‌تی كه‌جه‌كه‌ ڕاشیگه‌یاندووه‌:”تێكۆشانی ئازادیی كوردستان نه‌ك ته‌نها بۆ ئازادیی گه‌لی كورد، به‌ڵكو بۆ ئازادیی و ڕزگاریی گه‌لانی ناوچه‌كه‌ و به‌تایبه‌تی بۆ ئازادیی گه‌لی ئه‌رمه‌ن تێده‌كۆشێت و گه‌لی كورد به‌ چاوی برایه‌تییه‌وه‌ سه‌یری گه‌لی ئه‌رمه‌ن ده‌كات”.

ئه‌وه‌ش له‌كاتێكدایه‌ دوێنێ ناوه‌ندی ڕاگه‌یاندن و چاپه‌مه‌نیی هه‌په‌گه‌ ڕایگه‌یاند:”له‌ مانگی ئابی ٢٠٢١دا هه‌ڤاڵانمان له‌هه‌نگ و عه‌لیشێر له‌ نزیك سنوری ئه‌رمینیا له‌سه‌ر ئه‌ركی خۆیان بوون تووشی سه‌ربازانی ئه‌رمینیا بوون، بۆ ئه‌وه‌ی دۆخێكی نه‌رێنیی نه‌یه‌ته‌ ئاراوه‌ هه‌ڤاڵانمان به‌ هه‌ستیارییه‌وه‌ مامه‌ڵه‌یان كرد، به‌ڵام دواتر هه‌ڤاڵانمان ده‌ستگیرو زیندانییكران، دواتر له‌ ٢٣ی شوباتی ٢٠٢٢ دا دادگای تێهه‌ڵچوونه‌وه‌ی ئه‌رمینیا بڕیاری ئازادكردنی بۆ ئه‌و دوو هه‌ڤاڵه‌مان ده‌ركرد، به‌ڵام له‌بری ئازادكردنیان، له‌لایه‌ن هه‌واڵگریی ئه‌رمینیاوه‌ ڕفێندراون و ڕاده‌ستی ده‌وڵه‌تی تورك كراونه‌ته‌وه‌.
 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار