بەرپرسی لقی بەغدادی پارتی بۆ هاوڵاتی: خواستی ئێمە ئەوەیە لەگەڵ یەكێتی رێكبكەوین لەسەر پارێزگاری كەركوك
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
بەرپرسی لقی پێنجی پارتی دیموكراتی كوردستان لەبەغداد دەڵێت: هەوڵی جددی هەیە رەوتی سەدر پەراوێز نەخرێن و بوونی ئەوان لەناو حكومەتدا پێویستیەو حكومەتەكە زیاتر سەقامگیرتر دەبێت، لەناو چوارچێوەی هەماهەنگیش ئێمە نامانەوێت دابەشبوون هەبێ، بەڵام لەناو ئەوان دابەشبوون هەیە لەسەر زۆر بابەت كەپەیوەستە بەخۆیانەوە»..
شوان محەمەد تەها بەرپرسی لقی پێنجی پارتی دیموكراتی كوردستان لەبەغداد لەچاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ هاوڵاتی سەبارەت بەپرسی نەوت لەڕێككەوتنی پارتی و یەكێتی لەگەڵ چوارچێوەی هەماهەنگی، رایگەیاند: «لێکتێگەیشتن هەیەو ئەوان دەڵێن با بەپێی دەستوورو یاساو ئێمەش لەگەڵ ئەوەین و با یاسای نەوت و غاز دەربكرێت، ئەو پرسانە بە لێكتێگەیشتنی سیاسی چارەسەردەكرێن و من پێموانییە ئەگەر لێكتێگەیشتنی سیاسی هەبێت بڕیارەكانی دادگای فیدڕاڵی ببێتە بەربەست».
وتیشی: «خواستی ئێمە ئەوەیە لەگەڵ یەكێتی بگەینە رێككەوتن سەبارەت بەدانانی كوردێك بۆ پارێزگاری كەركوك، بەڵام ئەو بارودۆخەی لەكەركووك هەبووە ئیعتیرافمان پێنەكردووە، بۆیە نەچووینەتە ژێرباری ئەوەی پارێزگاری كەركوك كورد بێت یان كورد نەبێت».
هاوڵاتی: مەرج و داواكاری سەرەكی ئێوە چیە بۆ رێككەوتن لەگەڵ چوارچێوەی هەماهەنگی؟
شوان محەمەد تەها: «داواكاری سەرەكی ئێمە داواكارییەكانی هەرێمی كوردستانەو تائێستا هیچ لایەنێكی سیاسی كوردی بەدیاریكراوی پارتی و یەكێتی شتێكی تاكلایەنەیان پێشنیارنەكردووەو تەنها ئەو بابەتانەن كە رەهەندی كوردستانیبوونیان هەیە وەك ناوچە جێناكۆكەكان و پرسەكانی هەرێم و پێشمەرگەو پرسی شەنگال».
هاوڵاتی: سەبارەت بەپرسی نەوت لێكتێگەیشتن لەنێوانتاندا هەیەو گەیشتوون بەڕێككەوتن؟
شوان محەمەد تەها: «ئەوان دەڵێن با بەپێی دەستوورو یاسا بێت و ئێمەش دەڵێین بەڵێ بەپێی دەستوورو یاسا بێت و با یاسایەك بۆ نەوت و غاز دەربكرێت كەچەندین ساڵە دواخراوە، ئێمە دەمانەوێت یاساكە دەربكرێت».
هاوڵاتی: لەگەڵ چوارچێوەی هەماهەنگی لەسەر ئەو بڕیارانەی دادگای فیدراڵی سەبارەت بەپرسی نەوتی هەرێمی كوردستان دەریكردوون لێكتێگەیشتنتان هەیە؟
شوان محەمەد تەها: «ئەو پرسانە بەلێكتێگەیشتنی سیاسی چارەسەردەكرێن و من پێموانییە ئەگەر لێكتێگەیشتنی سیاسی هەبێت دادگای فیدڕاڵی ببێتە بەربەست».
هاوڵاتی: هەفتەی رابردوو هەواڵی ئەوە بڵاوكرایەوە كە محەمەد شیاع سودانی كاندیدی چوارچێوەی هەماهەنگی بۆ سەرۆك وەزیران سەردانی مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستانی كردووەو بەڵێنی داوە ئەگەر ئەو ببێتە سەرۆك وەزیران رێگانادات پرسی نەوت ببێتە كێشە لەنێوان هەرێم و بەغداد، زانیاری تۆ لەم بارەیەوە چیە؟
شوان محەمەد تەها: «زانیاریم لەسەر ئەو سەردانە نییە».
هاوڵاتی: لەناو چوارچێوەی هەماهەنگیدا دابەشبوون و رای جیاواز هەیە سەبارەت بەداواكارییەكانی ئێوە؟
شوان محەمەد تەها: تائێستا نەخێر، ئێمە نامانەوێت دابەشبوون هەبێت، بەڵام لەناو ئەوان دابەشبوون هەیە لەسەر زۆر بابەت كەپەیوەستە بەخۆیانەوە».
هاوڵاتی: لەسەر بابەتی سەرۆك كۆمار یەكێتی و پارتی لێكتێگەیشتنیان چۆنە؟
شوان محەمەد تەها: «تائێستا ماویەتی، لێکتێگەیشتن هەیە نەگەیشتووە بەرێككەوتن».
هاوڵاتی: پارتی دیموكراتی كوردستان سوورە لەسەر كاندیدەكەی خۆی بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار؟
شوان محەمەد تەها: «تائێستا رێبەر ئەحمەد كاندیدی پارتی دیموكراتی كوردستانە بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار».
هاوڵاتی: لەگریمانەی رێکكەوتنی پارتی لەگەڵا چوارچێوەی هەماهەنگی، پارتی دەگەڕێتەوە بۆ كەركوك؟
شوان محەمەد تەها: «بێگومان ئەوە یەكێكە لەبابەتەكانی ئێمە بۆ رێككەوتن لەگەڵا چوارچێوەی هەماهەنگی و بەپێی رێككەوتن دەمانەوێت ئاڵای كوردستان و پارتی لەكەركوك هەبێت و نامانەوێت لەبەردەم رەحمەتی كەسدا بین».
هاوڵاتی: سەبارەت بەپارێزگاری كەركوك، لەگەڵا یەكێتی نیشتمانی كوردستان گفتوگۆتان هەیە بۆ ئەوەی كە پارێزگارێكی كورد دابنرێت؟
شوان محەمەد تەها:» ئەوە هەمیشە خواستی ئێمە بووەو نامانەوێت بگەڕێینەوە سەر چوارگۆشەی یەكەم، دیارە كێ هۆكاری ئەوە بووە بارودۆخی كەركوك بەچ ئاقارێكدا بكەوێت و ئێمە ئەو بارودۆخەی لەكەركوك هەبووە ئیعتیرافمان پێنەكردووە، بۆیە نەچووینەتە ژێرباری ئەوەی كورد بێت یان كورد نەبێت، بەقەد ئەوەی ئیعتیرافمان بەو واقیعەی كەركوكی ئێستا نەكردووەو ناشیكەین».
هاوڵاتی: بەڵام رەخنەتان لێدەگیرێت كەپارتی دوای 16ی ئۆكتۆبەر گەڕاوەتەوە بۆ موسڵ و ناوچەكاتی تر بەڵام ناگەڕێتەوە بۆ كەركوك؟
شوان محەمەد تەها:» ئەوە رەخنە نییە ئەوە تەبریراتی نامەنتقییەو خەڵك دەزانێت بابەتی كەركوك بۆ ئێمە گرنگەو ئێمە نەمانوتووە موسڵ كوردستانەو نەشمانوتووە بەغدا كوردستانە، كێشەی ئێمە لەسەر ناوچە كوردستانییەكانەو هەڵوێستی نیشتیمانی لەسەر كوردستان دەبێت لەسەر شوێنەكانی دیكە نابێت».
هاوڵاتی: دەمانەوێت رات بزانین لەسەر هەڵوێستی رەوتی سەدر، پێشبینی دەكەیت بۆ ئەو هاوپەیمانێتیەی لەنێوان یەكێتی و پارتی و سوننەكان و چوارچێوەی هەماهەنگی دروستدەكرێت، رەزامەندی سەدر وەربگیرێت، ئایا سەدر رەزامەندی دەبێت؟
شوان محەمەد تەها:» هەوڵی جددی هەیە رەوتی سەدر پەراوێز نەخرێن و بوونی ئەوان لەناو حكومەتدا پێویستییەكە حكومەتەكە زیاتر سەقامگیرتر دەبێت، ئێمە وەكو پارتی هەمیشە هەوڵمانداوە، كاتی خۆیشی كە لەگەڵ سەدر بووین هەوڵمانداوە لایەنەكان پەراوێز نەخرێن و لەسەر ئەو بۆچوونەی سەرەتا بەردەوامین تاوەكو ئێستاش».
هاوڵاتی: پارتی ئێستا لەگەڵا چوارچێوەی هەماهەنگی لەگفتوگۆو هەوڵی رێككەوتندان، لەكاتێكدا پێشتر لەگەڵا رەوتی سەدر هاوپەیمانیتان هەبوو، ئەمە گرفتی بۆ دروستنەكردوون لەگەڵا هاوپەیمانە نوێیەكەتان (چوارچێوەی هەماهەنگی)؟
شوان محەمەد تەها:» ئێمە ئەوكاتەی لەگەڵ سەدریش بووین، بەربەستێكی ئەوتۆمان لەگەڵ چوارچێوەی هەماهەنگی نەبوو و تەنها كێشەكەی ئێمە لەسەر ئەو بابەتانە بوو كە پەیوەست بوون بەهەرێمی كوردستان و خەڵكی كوردستانەوە».
هاوڵاتی: ئایا دوای رێككەوتنتان لەگەڵ چوارچێوەی هەماهەنگی وەكو لقی پارتی دەگەڕێنەوە بەغدادو بارەگاكەتان دەكەنەوە، لەكاتێكدا پێشتر وەكو ناڕەزاییەك دژی ئەو هێرشانەی كرایەسەرتان، بارەگەكەتان تەخت كرد؟
شوان محەمەد تەها:» من بەغدام جێنەهێشتووەو ئێمە ئیشی خۆمان هەر دەكەین، ئۆرگانەكانی پارتی وەك خۆیان لەبەغداو باشووری عێراق كاردەكەن.
هاوڵاتی: واتە ئێستا بەرچاوتان روونە بۆ رێككەوتن لەگەڵ چوارچێوەی هەماهەنگی؟
شوان محەمەد تەها:» زۆر، چاوەڕێدەكەین پتەوتریش بێ».
هاوڵاتی: سەركردەیەكی چوارچێوەی هەماهەنگی باسی دابەشكاری ژمارەی وەزارەتەكانی لەنێوان پێكهاتەكان كردووە، لە 22 وەزیر دەڵێت چوار وەزیر دەدرێت بەكورد، ئێوە ئەو پشكە بەكەم نازانن؟
شوان محەمەد تەها:»ئێمە مەسەلەی وەزارەتەكانمان زۆر بەلاوە گرنگ نییە بەقەد ئەوەی گرنگە ئەو بابەتانەی پەیوەستە بەهەرێمی كوردستانەوە جێبەجێبكرێن».
هاوڵاتی: لەو هاوپەیمانێتیە نوێیەدا پرسی بودجەی هەرێم چارەسەركراوە؟
شوان محەمەد تەها:» بەڵێ ئەوەش یەكێكە لەو بابەتانە»
هاوڵاتی: ئێوە داوای بودحە دەكەن، یان تەنیا بەهاتنی 200 ملیار دینار رازین؟
شوان محەمەد تەها:» نەخێر 200 ملیار بۆ كاتی قەیرانە، ئێمە داوای بودجەی هەرێمی كوردستان دەكەین».