ئێران كاردەكات هەناردەی بۆ عێراق بگەیەنێتە 20 ملیار دۆلار

2 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

لەدوای ساڵی ٢٠٠٣ەوە هەروەكچۆن پەیوەندییە سیاسی و جەماوەرییەكانی عێراق و ئێران رۆیشتە قۆناغێكی نوێوەو گەیشتە ئاستێكی زۆر بەرزو باڵا، ئاوەهاش پەیوەندییە بازرگانییەكانی هەردوو وڵات قۆناغێكی گرنگی بڕی و دەروازە سنورییەكانی ئێران بوون بەشادەماری ئابووری و ژیاری عێراق و ساڵانە بەملیارەها دۆلار ئاڵۆگۆڕی بازرگانی تیادا ئەنجامدەدرێت كەئەگەر بێتو سنوری ئێران نەبێت بەشێكی زۆری پێداویستییەكانی هاووڵاتییانی عێراق دابینناكرێت.

سەرۆكی ژووری هاوبەشی بازرگانی ئێران - عێراق پێشبینی دەكات لەدەیەی داهاتوودا عێراق ببێت بەگەورەترین بازاڕی ئابووری بەتایبەت بۆ ئێران.

یەحیا ئال ئیسحاق سەرۆكی ژووری هاوبەشی بازرگانی ئێران-عێراق دەڵێت: "عێراق بازاڕێكی ستراتیژییە، پێشبینی دەكات لەچەند مانگی داهاتوودا هەناردەی ئێران بۆ عێراق بەرزتر بێتەوە و بگات بە ١٠ ملیار دۆلار لەساڵێكدا، هاوكات هیواشی خواستووە لەساڵانی داهاتوودا بگات بە ٢٠ ملیار دۆلار".

راشیگەیاند: "باوەڕی وایە لەوەی لە ١٠ ساڵی داهاتوودا عێراق دەبێت بەگەورەترین بازاڕی ئابووری لەناوچەكەدا بەتایبەتیتر بۆ ئێران، لەڕووی ئابوورییەوە عێراق وڵاتێكی لاواز نییە، چونكە بەتەنیا لەمانگی رابردوودا بەبەهای ١١ ملیار دۆلار نەوتی فرۆشتووەو بەپێی ئەو پلانەی دایناوە تا كۆتایی ئەمساڵ لەداهاتی نەوت ١٢٠ ملیار دۆلاری دەستدەكەوێت.

ماڵپەڕی (trade map)ی بازرگانی كە نەخشەی بازرگانی وڵاتان بۆ هاوردەو هەناردەكردن و خواستی نێودەوڵەتی دەخاتەڕوو، ئاشكراشیدەكات لەماوەی ساڵی ٢٠٢١ سووتەمەنی و ئاسن بەگرنگترین هاوردەی عێراق لەئێرانەوە دادەنرێت.

ئاماژەی بۆ ئەوەشكردووە: عێراق لەماوەی ساڵی رابردوودا 24 كاڵای سەرەكی لەئێرانەوە هاوردە كردووە، كەبەهای دارایی هەشت ملیار و ٩١٤ ملیۆن و ٦٠٥ هەزار دۆلار بووە، هەروەها لەنێوان ساڵانی 2017 بۆ 2021 هاوردەكردنی عێراق لەئێرانەوە بەڕێژەی لە 1٪ زیادیكردووە.

هاوكات سوتەمەنی كانزایی لەپلەی یەكەمدا هاتووە لەهاوردەی عێراق لەئێرانەوە بەبەهای دوو ملیارو ٩٢٧ ملیۆن و ٦٥١ هەزار دۆلار، دواتر بەرهەمی ئاسن و پۆڵا دێت كە بەبەهای یەک ملیارو ١٤٩ ملیۆن و ٧٢٢ هەزار دۆلار بووە، دواتریش بەرهەمە پلاستیكیەكان بەبەهای 788 ملیۆن دۆلار.

لەبەرامبەردا هەناردەی عێراق بۆ ئێران گەیشتووەتە یەک ملیارو ١٩٦ ملیۆن و ٥٩٧ هەزار دۆلار، ئەمەش لەنێوان ساڵانی 2017 بۆ 2021 بەڕێژەی 88% زیادی كردووە.

گرنگترین هەناردەی عێراق بۆ ئێران دانەوێڵە بووە، كەبەهاكەی 770 ملیۆن دۆلار بووە، دواتر پاشماوەی پیشەسازی خۆراك دێت، هەروەها ئامادەكردنی پەین و عەلەفی ئاژەڵی بەبەهای 101 ملیۆن دۆلار.

وەنەبێت ئاڵوگۆڕی كەلوپەلی بازرگانی و خۆراكی تاكە پەیوەندیی ئابووری عێراق و ئێران بێت، بەڵكو كارەباش یەكێكی دیكەیە لەو بابەتانەی ئێرانییەكان رەوانەی عێراقی دەكەن و ساڵانە عێراق سەدان ملیۆن دۆلار بەكارەبای ئێرانی دەدات و بڕی نزیكەی دوو هەزار مێگاوات كارەبا لەو وڵاتە دەكڕێت و لەمانگی تەمموزی رابردووش عێراق و ئێران یەكەم رێككەوتنی درێژخایەنیان لەبواری كارەبا ئیمزاكرد.

لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا سەرەڕای ئاڵوگۆڕی بازرگانی، یەكێك لەو گرفتانەی وەهایكردووە عێراق سودی تەواوەتی لەو بازرگانییە نەبینێت باڵادەستی گرووپ و هێزە چەكدارەكانە لەزۆرینەی زۆری دەروازە سنورییەكاندا كەوەهایكردووە بەشێكی زۆر داهاتی دەروازەكان بۆ خۆیان ببن و خەزێنەی گشتی دەوڵەتی عێراق لەگومرگی ئەو ئاڵوگۆڕە بازرگانییە سودمەندبێت.

بەپێی دانپیانانی خودی وەزارەتی دارایی عێراق كە بەهۆی باڵادەستی گرووپ و هێزە چەكدارەكانەوە لەدەروازەكاندا داهاتی گومرگەكان تەنیا لەسەدا ١٢ی بۆ حكومەت دەگەڕێتەوەو ئەوەی دیكەی بۆ ئەو هێزو گرووپانە دەڕوات.

شێوازی دەستكەوتنی پارەكەشیان بەهۆی قاچاخیكردن و سەرانە سەندن و چەندین جۆری تری پارەسەندنەوەیە كەداهاتی ساڵانەی ئەم گرووپ و هێزو میلیشیایانە دەگاتە ١١ ملیار دۆلار.

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار