یەکێتیی ئەوروپا: نابێت لهعێراق رێگە بدرێت تووندوتیژی پرۆسەی دیموکراسی لاوازبکات
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
وتهبێژی یەکێتیی ئەوروپا لهڕاگهیهندراوێکدا نیگەرانیی خۆی لە زیادبوونی گرژییەکان لە عێراق دەردەبڕێت و دەڵێت، نابێت پڕۆسەی دیموکراسی لە عێراق لاواز بکرێت. ئەوەش لەکاتێکدایە کە دوای دوو مانگ لە پەکخستنی، پەرلەمانی عێراق رۆژی چوارشەممە کۆبووەوە.
پیتەر ستانۆ، وتەبێژی یەکێتی ئەوروپا بۆ کاروباری دەرەوە لە راگەیێندراوێکدا ڕایگهیاند: یەکێتیی ئەوروپا زۆر نیگەرانە لە پێشهاتە سیاسی و ئەمنییەکانی ئەم دواییەی عێراق؛ گوتیشی کە تووندوتیژی "هەرگیز" چارەسەر نییە و نابێت رێگەی پێبدرێت دیموکراسی لاواز بکات.
پیتەر ستانۆ وتیشی: یەکێتیی ئەوروپا داوا لە هەموو لایەک دەکات سەرکۆنەی تووندوتیژییەکان بکات و ئاماژەی بەوەشکرد، پێویستە هەمووان دان بەخۆیاندا بگرن و کار بۆ نەهێشتنی گرژییەکان بکەن.
یەكێتیی ئەوروپا داواش لە لایەنەکان دەکات بە متمانەیەکی باشەوە بەشداری لە دیالۆگی بەرهەمداردا بکەن و لە چوارچێوەی دەستووردا خواست و بەرژەوەندیی گەلی عێراق بخەنە پێش هەموو شتێکەوە.
رۆژی 28ـی ئەیلوول و دوای زیاتر لە دوو مانگ لە پەککەوتنی، پەرلەمانی عێراق کۆبووەوە. هەمان رۆژ ناوچەى سەوز بە سێ مووشەک کرایە ئامانج و مووشەکەکان لەبەردەم باڵەخانەى پەرلەمان کەوتنە خوارەوە. بەهۆی مووشەکەکانەوە حەوت کەس بریندار بوون.