وەزیری دەرەوەی ئەمریکا: "ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بە قوڵی پابەند دەمێنێتەوە بە هاوبەشی ستراتیژی خۆی لەگەڵ عێراق"
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا لە ڕۆژی نیشتیمانی عێراقدا پیرۆزبای لە گەلی عێراق کردو ڕیگەیاند هانی سەرکردە عێراقییەکان دەدەن بۆ دەستپێکردنی دیالۆگی بنیاتنەر
ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بەبۆنەی رۆژی نیشتیمانیی عێراقەوە لە راگەیێندراوێکدا پیرۆزبایی لە گەلی عێراق کرد و گوتی، "جێگەی خۆشحاڵی بێوێنەمە کە بەناوی حکومەتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاوە پیرۆزبایی لە خەڵکی عێراق بکەم بەبۆنەی رۆژی نیشتمانییانەوە."
ئاماژەی بەوەش کرد، "ئەمڕۆ رۆژێکە بۆ بەبیرهێنانەوە و شانازیکردن بە دەستکەوتەکانی عێراق و خۆڕاگری خەڵکەکەیەوە. لە ماوەی 90 ساڵدا عێراق لە دۆخێکی زۆر ناهەمواردا جەنگاوە بۆ برەودان بە کۆمەڵگەیەکی گشتگیر و یەکسان بۆ هاونیشتمانییەکانی و هەروەها بۆ نەوەکانی داهاتووی عێراقییەکان."
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا گوتیشی "لەم رۆژە نیشتمانییەدا، هانی سەرکردە عێراقیەکان دەدەین بۆ دەستپێکردنی دایەلۆگێکی بنیاتنەر و گشتگیر بۆ زاڵبوون بەسەر بنبەستی پرۆسەی سیاسی و کارکردن بە ئاراستەی باشکردنی ژیانی عێراقییەکان."
چەختیشی لەوە کردەوە، "ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بە قوڵی پابەند دەمێنێتەوە بە هاوبەشی ستراتیژی خۆی لەگەڵ عێراق و هەروەها قوڵکردنەوە و بەهێزکردنی پەیوەندییەکانمان لەگەڵ عێراقدا لە ژێر رۆشنایی رێککەوتننامەی چوارچێوەی ستراتیژی نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکان و عێراقدا."