ئەکادیمیای ژنۆلۆژی ئیدانەی تیرۆرکردنی ناگیهان ئاکارسەل دەکات

2 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

ئەکادیمیای ژنۆلۆجی لە ڕاگەیەندراوێکدا ئیدانەی تیرۆرکردنی یەکێک لە ئەندامانی ئەکادیمیاکەیان دەکات وداوا دەکەن بە زوترین کات بکەرانی تاوانەکە ئاشکرا بکرێت، کەمێک پێش ئێستا ئەکادیمیای ژنۆلۆژیی ڕاگەیەندراوێکی لەبارەی تیرۆرکردنی ناگیهان ئاکارسەل، ئەندامی ئەکادیمیاکە بڵاوکردووەتەوە، کە بەیانی ئەمڕۆ لە گەڕەکی بەختیاریی شاری سلێمانی لەلایەن ماتۆڕسوارێکەوە بە تەقەی لێکراو گیانی لەدەستدا. 

لە بەیاننامەکەدا هاتووە:”کاتژمێر ٠٩:٣٠ خولەکی بەیانی ئەمڕۆ ناگیهان ئاکارسەل، ئەندامی ئەکادیمیای ژنۆلۆژیمان و هەمانکات ئەندامی دەستەی وەشانی گۆڤاری ژنۆلۆژی لە ئەنجامی هێرشێکی چەکدارییدا لە شاری سلێمانی شەهیدبوو، ئێمە بەتووندی ئەم تاوانە سیاسییە شەرمەزار دەکەین، کە هێزە فاشیست و هەژموونخوازەکان لە سەرانسەری جیهاندا بەرامبەر ژنانی بەرخۆدێر ئەنجامی دەدەن”.

هەروەها ئەکادیمیای ژنۆلۆژیی داواش لە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکات، “بەزووترین کات بکەرانی ئەم تاوانە بدۆزنەوە، کە درێژکراوەی تاوانە دڕندانەکانی پێشووە کە بەرامبەر هەریەک لە یاسین بوڵوت و محەمەد زەکی چەلەبی و سوهەیل خورشید ئەنجامدران، ئەگەر بکەرانی ئەم تاوانە ئاشکرانەکرێن، ئەوە حکومەتی هەرێمیش دەکەوێتە بەر شەپۆلی شۆڕش ژن، کە ئێستا سەریهەڵداوە”.

ئاماژە بەوەش دەکات، کە ناگیهان ماوەیەکی زۆر ڕەنجی داوە لە تێکۆشانی ئازادیی ژندا، بەتایبەت لە کارەکانی بزووتنەوەی گەنجانی زانکۆ، چاپەمەنیی و کاروخەباتی ژنۆلۆژی، “بە فیداکارییەکی گەورەوە پێشەنگایەتیی کردووە، لەبەر خاتری ئەو تێکۆشانەش چەندین ساڵ لە زینداندا بەرخۆدانی کردووە”.

هاوکات تیشکی خستووەتەسەر تێکۆشانی شەهید ناگیهان لە ڕۆژئاوای کوردستان و دەڵێت:”لە ساڵە هەرە زەحمەتەکانی شۆڕشی ژندا لە ڕۆژئاوای کوردستان، لە هەموو ناوچەکانی ڕۆژئاوا و بەتایبەت لە عەفرین، بە بوێریی و پێداگیرییەکی زۆرەوە هەوڵیداوە بۆ ئەوەی شۆڕشی ڕۆژئاوا ڕەنگ و شوناسی  ژن وەربگرێت و ژنان هۆشیار بکاتەوە، دەست لەسەر دڵ بووە بۆ ژنانی شەنگال، کە ڕووبەڕووی وەحشییەتی داعش ببوونەوە، لێکۆڵینەوەی زۆری کردووە بۆ ڕوونکردنەوەی کۆمەڵناسیی و مێژووی شەنگال و شەنگالییەکان”.

لەبارەی کارەکانی شەهید ناگیهانیشەوە لە باشووری کوردستان، ڕایگەیاندووە:”ناگیهان ئاکارسەل لەگەڵ ژنانی باشووری کوردستاندا لە سلێمانی کاروباری کتێبخانەی بەرهەمەکانی ژنانی کورد و ناوەندی لێکۆڵینەوەی بەڕێوەدەبرد، لەکاتێکدا بە زانستی ژن پێشەنگایەتیی خوڵقاندنی ڕۆشنبیریی ژنی دەکرد، بەدەستی چەپەڵ و تاریکی هێزە داگیرکەرەکان بەشێوەیەکی دڕندانە شەهیدکرا”.

ئەوەش هاتووە:”ناگیهان ئاکارسەل چەندین ساڵ ڕەنجی دا بەرامبەر ئەو فاشیزمەی، کە ژینا ئەمینیی بەشێوەیەکی دڕندانە کوشت، کاری بۆ بەدیهێنانی شۆڕشی زیهنیی و زانستیی ژنان بە دروشمی “ژن، ژیان، ئازادیی” دەکرد، ئێمە ناگیهان ئاکارسەل بە بەرزکردنەوەی تێکۆشانی ژنانی کوردستان دەژیێنین، جەخت دەکەینەوە، کە تۆڵەی هەڤاڵ ناگیهان لە زیهنییەتی تاریکی فایشزم و پیاوەتیی دەکەینەوە”.

ئەکادیمیای ژنۆلۆژیی داواش لە هەموو ژنانی شۆڕشگێڕ، دیموکرات، ئازدیخواز و ئەکادیمیستەکان دەکات، “ئەم تاوانە سیاسییە شەرمەزار بکەن و بە دروشمی “ژن، ژیان، ئازادی” تێکۆشانی دژی داگیرکاریی و فکری تاریکی فاشیزم بەهێزبکەن”.

ژنۆلۆژیی بەتایبەتیش داوا لە شاناز ئیبراهیم ئەحمەد و کافییە سلێمان و هەموو ژنانی باشووری کوردستان دەکات، “فشار لە حکومەتی هەرێمی کوردستان بکەن بۆ دۆزینەوەی تاوانباران، لە بەرامبەری ئەم تاوانەش وەک وەک بەشێک لە شۆڕشی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە دروشمی “ژن، ژیان، ئازادی” چالاکیی بکەن”.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار