سەدر پەیامێکی نوێی لەبارەی کۆبوونەوەی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بڵاوکردەوە
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر لە نوێترین پەیامیدا لە تویتەر لەبارەی کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆچوونی خۆی دەربڕی و ستایشی ئەنجوومەنەکەی کرد لە پشتیوانیکردنی عێراق بە تایبەت دژی ئەو هێرشانەی کە "لێرە و لەوێ" دەکرێنە سەر خاکی عێراق.
موقتەدا سەدر لە تویتەکەیدا ڕایگەیاند کە دژی پێکهێنانی حکومەت بە شێوەیەکی بەپەلە دەوەستێتەوە، چونکە حکومەتێکی زۆر لە عێراق پێکهات و زۆربەیان زیانیان بە خەڵک گەیاندووە
هەروەها داوای لە ئەنجوومەنی ئاسایش نێودەوڵەتی کرد" گوێ لە وتەکانی نوێنەری عێراق نەگیرێت، چونکە هیچ لە وتەکانیدا ئاماژەی بە راستییەکان نەدەدا."
گوتیشی "لە بەدیهێنانی چاکسازیش هاوکاری نەتەوەیەکگرتووەکان دەکەین."
لەبارەی ئەو چەکانەی کە لە دەستی گرووپ و هێزە چەکدارەکاندان، رێبەری رەوتی سەدر دەڵێت، سەرۆکوەزیرانی عێراق رووبەڕووی فشارێکی زۆری ئەو هێزانە دەبێتەوە، لەکاتێکدا خۆی سەرۆکوەزیرانە و بەشێک لە چەکدارەکان گوێڕایەڵیی فەرمانەکانی ناکەن.
ڕاشیگەیاند، لە هەمووی گرنگتر ئەوەیە چەکداری لە دژی ناڕەزایی خەڵک بەکارنەهێنرێت و لە چوارچێوەی دەوڵەت بکرێتە دەرەوە.