ژماره‌یه‌ك په‌رله‌مانتار داوای كۆتایی هێنان به‌یاسای خانه‌نشینی‌ ناوخۆ ده‌كه‌ن

2 ساڵ لەمەوپێش



هه‌وڵێك بۆ كۆتایهێنان به‌ خانه‌نشینی‌ خراپی‌ هێزه‌ سه‌ربازییه‌كان ‌و ناوخۆو مووچه‌ی‌ خانه‌نشینی‌ (٢٢٠ هه‌زار) دیناری له‌ئارادایه‌.

له‌و باریه‌شه‌وه‌ عومه‌ر گوڵپی‌ ئه‌ندامی‌ لیژنه‌ی‌ دارایی‌ له‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان رایگه‌یاند: به‌مه‌به‌ستی‌ كۆتایهێنان به‌ جیاوازی زۆری خانه‌نشینی شارستانی‌‌و خانه‌نشینی‌ سه‌ربازی‌‌و هێزه‌كانی‌ ناوخۆ(پۆلیس‌و ئاسایش) و كۆتایهێنان به‌ خانه‌نشینی (٢٢٠ هه‌زار) دیناریی، به‌ واژۆی‌ (٢٠) په‌رله‌مانتار، پێشنیازه‌ یاسای به‌ركارو كارپێكردنی‌ یاسای‌ ژماره‌ (٩)ی‌ ساڵی‌ (٢٠١٤)، یاسای‌ خانه‌نشینی‌ یه‌كگرتووی‌ عێراقمان پێشكه‌ش كرد.

وتیشی: له‌ ئێستادا هه‌رێمی‌ كوردستان به‌ پێی‌ هه‌شت یاسا كار له‌گه‌ڵ پرسی‌ خانه‌نشینی‌ له‌ هه‌رێمی‌ كوردستان ده‌كات، به‌ پێی‌ ئه‌و یاسایانه‌ زۆرێك له‌ فه‌رمانبه‌رانی‌ شارستانی‌‌و سه‌ربازی‌‌و هێزه‌كانی‌ ناوخۆ له‌ پۆلیس‌و ئاسایش، پاش زیاتر له‌ (٣٠ تا ٤٠) ساڵ خزمه‌ت، ته‌نها بڕی‌ (٢٢٠,٠٠٠ تا ٣٠٠,٠٠٠) دینار مووچه‌یان بۆ ده‌مێنێته‌وه‌ كاتێك خانه‌نشین ده‌بن، ئه‌مه‌ بێجگه‌ له‌وه‌ی‌ یه‌كێك له‌ یاساكان كه‌ یاسای ژماره‌ (٢٧)ی‌ ساڵی‌ (٢٠٠٦)ی‌ عێراقه‌ كه‌ بێجگه‌ له‌وه‌ی‌ له‌ هه‌رێمی‌ كوردستان به‌ركار نه‌كراوه‌، كه‌ ئه‌مه‌ سه‌رپێچی‌ یاساییه‌، ته‌نانه‌ت له‌ به‌غداش هه‌ڵوه‌شاوه‌ته‌وه‌!

ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو: یاسای‌ خانه‌نشینی‌ یه‌كگرتوو، ژماره‌ (٩)ی‌ ساڵی‌ (٢٠١٤)، بێجگه‌ له‌وه‌ی‌ هه‌موو چین‌و توێژه‌كان له‌ یه‌ك یاسادا كۆ ده‌كاته‌وه‌، دادگه‌رییه‌كی‌ باشیش له‌ مووچه‌ی‌ خانه‌نشینیدا به‌دیده‌هێنێت‌و به‌پێی‌ یاساكه‌ هیچ مووچه‌یه‌كی‌ خانه‌نشینی‌ له‌ (٤٠٠,٠٠٠) دینار كه‌متر نابێت، هه‌روه‌ها ئاسانكاری‌ له‌ ئاڵوگۆڕی‌ سود له‌نێوان كه‌رتی‌ تایبه‌ت‌و كه‌رتی‌ گشتیدا ده‌كات، وه‌ دۆخی‌ ژیانی‌ خانه‌نشینان‌و واریسته‌كانیان باش ده‌كات، هه‌روه‌ها جیاوازی‌ نێوان مووچه‌ی‌ خانه‌نشینی‌ پۆلێنه‌ جیاوازه‌كانی‌ فه‌رمانبه‌ری‌ شارستانی‌‌و سه‌ربازی‌‌و باڵاو تایبه‌تدا كه‌م ده‌كاته‌وه‌.

ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌شكرد: ماوه‌ته‌وه‌ ده‌سته‌ی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ په‌رله‌مان‌و لایه‌نه‌كانی‌ ده‌سه‌ڵات له‌ حكومه‌ت، به‌ پێی‌ یاسا هاوكاربن بۆ كۆتایهێنان به‌و دۆخه‌ خراپه‌ی‌ خانه‌نشینی‌ و به‌ركاركردنی ئه‌م یاسایه‌، به‌تایبه‌ت كه‌ ئێستا دۆخی‌ دارایی‌ باشه‌و بۆ جێبه‌جێكردنی‌ ئه‌م یاسایه‌ ته‌نها نزیكه‌ی‌ ( ده‌ ملیار دینار) پێویسته‌.

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار