چالاکوانان: سوپای پاسداران لە زاهیدان 88 خۆپیشانده‌ری کوشتووه‌ که‌ یەکێکیان منداڵێکی دوو ساڵە

2 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

له‌ڕاگه‌یه‌ندراوێکدا کەمپینی چالاکڤانانی بەلووچ ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ ئاشکرای کردووه‌، ژمارەی کوژراوانی خۆپێشاندان و ناڕەزایەتییەکانی رۆژی هەینی و رۆژانی دواتری

شاری زاهیدان گەیشتووەتە 88 کەس و ناوی سه‌رجه‌م کوژراوه‌کانی بڵاوکردۆته‌وه‌.

کەمپینی چالاکڤانانی بەلووچ دەڵێت، لەنێو کوژراوەکاندا منداڵێکی دوو ساڵان و پێنج مێرمنداڵی 12،14 و 16 ساڵان هەن، هەروەها زیاتر لە 300 کەسیش بریندار بوون.

رۆژی هەینی 30-09-2022 دوای تەواوبوونی نوێژی هەینی لە مزگەوتی مەکی زاهیدان، بۆ پشتیوانی لە ناڕەزایەتییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران و سەرکۆنەکردنی دەستدرێژیکردنە سەر کچێکی 15 ساڵان لەلایەن فەرماندەیەکی پۆلیسی شاری چابەهاری پارێزگای سیستان و بەلوچستان، ژمارەیەک لە نوێژخوێنان لە نزیک مزگەوت خۆپێشاندانیان کرد.

مەولەوی عەبدولحەمید، پێشنوێژی مزگەوتەکە و کەسایەتیی دیاری سوننە و بەلووچەکانی ئێران لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا دەڵێت، ژمارەیەک گەنج چوونەتە نزیک بنکەیەکی پۆلیس و درووشمیانداوە، "بەڵام هێزەکانی پۆلیس تەقەیان لە سەر و دڵی خۆپێشاندەران کرد و دەستڕێژی لەوانەش کرا لەنێو مزگەوتدا بوون".

پارێزگاری سیستان و بەلوچستان و سوپای پاسداران لەو پارێزگایە دەڵێن، ژمارەیەک کەس بە هاندانی دژبەرانی کۆماری ئیسلامیی ئێران، پشێوییان ناوەتەوە و تەقەیان لە خەڵک کردووە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار