هیومان ڕایتس وۆچ: دەسەڵاتی ئێران بە چەکی جەنگیی ڕوبەڕوی خۆپیشاندەران بوەتەوە
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
ڕێکخراوێکی نێودەوڵەتی دەسەڵاتی ئێران تۆمەتبار دەکات بە تەقەکردنی راستەوخۆ و بەکارهێنانی چەکی سەربازیی و جەنگی لە دژی خۆپیشاندەران.
ڕێکخراوی ھیومان رایتس وۆچ، بۆ چاودێریی مافەکانی مرۆڤ رایگەیاندوە لە 16 شاری رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران زیاترین توندوتیژیی بەرامبەر خۆپیشاندەران کراوە.
بە پێی بەیاننامەی رێکخراوەکە لە شارەکانی سنە، سەقز، دیواندەرە و شاری شنۆ و سەردەشت لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان هێزە ئەمنییەکان زۆر بە توندی روبەڕوی خۆپیشاندەران بونەتەوە و چەک و گوللـەی تایبەت بە جەنگ بەکارهێنراوە. لە تاران و کرمان و مەشهەد و ئەسفەهانیش توندوتیژیی زۆر تۆمار کراون و لەو شارانە پۆلیس چەکی جەنگیی بەکار هێناوە.
رێکخراوی ھیومان رایتس وۆچ ئاماژەی بەوە کردوە کە لە خۆپیشاندانەکانی 20 رۆژدا نۆ منداڵ کوژراون و جگە لە شاری زاهیدان بە گشتی ناو و ناسنامەی 47 کوژراوی خۆپیشاندانەکانیان تۆمار کردوە کە بە تەقەی راستەوخۆ و بە تەقەی چەکی سەربازیی کوژراون.
لە کۆتایدا ئەو رێکخراوە رایگەیاندوە شێوازی سەرکوتەکان بە تاوان دژی مرۆڤایەتیی دەستنیشان دەکرێت و دەبێت نەتەوەیەکگرتوەکان دەسەڵاتی ئێران لەو تاوانکارییانە راگرێت.