نەبوونی یاسای بودجە مەترسی بۆ ئابووریی عێراق دروستدەكات
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
سەرباری گرفتی پێكنەهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی عێراق لەدوای ساڵێك لەهەڵبژاردن، گرفتێكی سەرەكی كە لەئێستادا بۆ عێراقییەكان لەئارادایە نەبوونی بودجەیە لەئەمساڵداو پەسەندنەكردنیەتی لەلایەن پەرلەمانەوە كە ئەمەش بەبڕوای شارەزایانی بواری ئابووری دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی قەرزی ناوخۆیی و قەرزی دەرەكی، ئەویش بەهۆكاری ئەو فشارانەی ساڵی داهاتوو لەسەر بوودجەی ٢٠٢٣ درووستدەبێت.
دابەزینی چاوەڕوانكراوی نرخی نەوت و بەرزكردنەوەی نرخی سوود لەلایەن وەزارەتی گەنجینەی ئەمریكییەوە وادەكات عێراق سوود لەو داهاتە نەوتییە نەبینێت كە بەهۆی بەرزی نرخی نەوتەوە لەهاوینی ٢٠٢٢ بەدەستیهێناوە.
بەگوێرەی راپۆرتە ئابوورییەكانی وەزارەتی دارایی و ئابووریش چاوەڕواندەكرێت بەكۆتایی هاتنی ئەمساڵ خەرجی فیعلی دەوڵەتی عێراق نزیكەی ١٢٩ ترلیۆن دۆلار بێت، لەساڵی ٢٠٢٣ش بەهۆی زیادبوونی ژمارەی دانیشتوان (لەماوەی دوو ساڵدا دوو ملیۆن كەس)و ناردنی پارە بۆ هەرێم و ئەو خەرجییانەی لەیاسای پاراستنی خۆراكدا دەكرێت، چاوەڕواندەكرێت خەرجی نزیك بێتەوە لە ١٥٠ ترلیۆن دینار.
وەنەبێت نەبوونی پرۆژەیاسای بودجە هەر تەنیا زیانی بۆ هاووڵاتیانی عێراقی هەبێت، بەڵكو بەهۆی ئەوەی كە لەسەدا ٩٠ زیاتری داهاتی عێراق پشت بەداهاتی نەوت دەبەستێت و دەبوو ئێستا لەگەڵ بەرزی نرخی نەوتدا عێراقییەكان سوودیان لەزیادەی ئەو نرخە وەربگرتایە، كەچی بەپێچەوانەوە سەرەڕای داهاتێكی زۆری نەوت لەم چەند مانگەی رابردوودا كەچی نەتوانراوە سوود لەزیادەی نەوت ببینرێت.
عێراق لەمانگەكانی (ئازار، نیسان، ئایار) بری ٣٣ ملیار دۆلاری لەنەوت دەستكەوتووە، كەئەمەش بەبەراورد بەو ماوەیە لەساڵی رابردوو بڕی ١٧ ملیارو ٢٥٠ ملیۆن دۆلاری زیادە، ئەمەش بەپێی داتاكانی خودی وەزارەتی نەوت، كەچی ئەم داهاتە بێشومارە واینەكردووە ئابوورییە لاوازەكەی عێراق ببوژێنێتەوە، چونكە هیچ حكومەتێكی نییە دەسەڵاتی تێپەڕاندنی بوودجەی هەبێت و ئەوەی هەیە حكومەتی كاربەڕێكەرەو دەسەڵاتی تەواوی خەرجكردنی نیە.
داهاتی گشتی عێراق بەدابەزینی نرخی نەوت تائاستی ٤٥ دۆلار بۆ هەر بەرمیلێك كە بودجەكەی بۆ ساڵێك بەداهاتە نانەوتییەكانی ترەوە دەگاتە ٩٠ ترلیۆن دینار هیچ مەترسییەك دروست ناكات، چونكە خەرجی دەوڵەت تائەو ئاستەیە، بەڵام لەخوار ئەوەوە زیان لەبودجە دەدات و دەبێت بەقەرز پڕبكرێتەوە.
هەموو ئەمانەش لەكاتێكدایە داهاتی نەوت لەمانگی رابردوودا زیاتر لە هەشت ملیار دۆلار بووەو بەپێی تازەترین لێدوانی بانكی ناوەندی عێراقیش یەدەگی نەختینەیی عێراق بۆ ٨٧ ملیار دۆلار بەرزبووەتەوە بەئاماژەدان بەوەی هەموو خەرجیەكی كۆنترۆڵنەكراوی حكومەت بەشێوەیەكی ناڕاستەوخۆ كاریگەری لەسەر یەدەگەكە دەبێت و كەمیدەكاتەوە، بەپێی وتەی مستەفا كازمی سەرۆكوەزیرانیش چاوەڕوان دەكرێت تاكۆتایی ئەمساڵ بگاتە ١٠٠ ملیار دۆلار.
لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا سەرەڕای گەورەیی و زەبەلاحی بوودجەكەی، كەچی بەشێكی ئەو پارانە بەهەدەردەرێت و بەشێكی زۆریشی بۆ موچەی فەرمانبەران تەرخاندەكرێت كە لەدوای ساڵی ٢٠٠٤ەوە تاساڵی ٢٠١٩ بەڕێژەی لەسەدا ٤٠٠ زیادیكردووە، بەجۆرێك سێ ملیۆن و ٣٠٠ هەزار كەس فەرمانبەرن، هاوكات بەشێكی بودجەكە بۆ بواری سەربازی و دابینكردنی خۆراكی مانگانەی هاووڵاتیان دابیندەكرێت كە بەپێی تازەترین ئاماریش ٤٠ ملیۆن و ٣٦٠ هەزار هاووڵاتی لەخۆراكی مانگانە سوود وەردەگرن، بەپێی وتەی وەزارەتی بازرگانی زیاتر لەپێنج ملیۆن كەس لەو ژمارەیە بەنایاسایی وەریدەگرن ئەویش بەهۆی بەرزی موچەكانیانەوە.