ئهندامێکی لیژنهی دارایی زانیاری لهبارهی بانگهێشتکردنی پارێزگاری بانکی ناوهندی عێراق سهبارهت بهنرخی دۆلار دهخاته ڕوو
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
ئهندامێکی لیژنهی دارایی پهرلهمانی عێراق ناوهڕۆکی کۆبوونهوهی لیژنهکهیان لەگەڵ هەریەک لە (پارێزگاری بانکی ناوەندی عێراق، وەزیری پلاندانان، بریکاری وەزیری دارایی، سەرۆکی دیوانی چاودێری) دهخاته ڕوو.
د.نەرمین مەعروف غەفور، ئەندامی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاندووه: ئەمڕۆ یەکشەممە (٩ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٢)، وەک لیژنەی دارایی و لەسەر بانگهێشتی پێشوەختەمان، لەگەڵ هەریەک لە (پارێزگاری بانکی ناوەندی عێراق، وەزیری پلاندانان، بریکاری وەزیری دارایی، سەرۆکی دیوانی چاودێری) کۆبووینەوە.
وتیشی “بانگهێشتی ئەو بەرپرسە باڵایانەی عێراق بۆ گفتوگۆکردن بوو لەبارەی پرسەکانی تایبەت بە بەهای دۆلار بەرامبەر بە دینار و رێکخستنەوەی کاری بانکە بازرگانییەکان لە عێراق، هەروەها گفتوگۆ لەبارەی چاپکردنی (٢٠ هەزار دینار)ی کرا کە پێشنیارکراوە و بانکی ناوەندی ئامانجییەتی جێبەجێی بکات”.
د.نەرمین مەعروف، ئاماژەی بەوەشدا “هەر لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆمان لەبارەی هەندێ پرسی تایبەت بە وەزارەتەکانی پلاندانان و بازرگانی کرد، کە تایبەتە بەجێبەجێکردنی یاسای ئاسایش و خۆراک و بەدواداچوونەکانی لیژنەی دارایی بۆ جێبەجێکردنی بڕگە و مادەکانی تایبەت بە یاساکە”.
ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، ئەوەشی خستەڕوو “لە کۆبوونەوەکەدا چەندین پرسیارمان ئاڕاستەی پارێزگاری بانکی ناوەندی کرد و بڕیارە لەماوەی دوو هەفتەی ئایندە وەڵاممان بداتەوە”.
د. نەرمین مەعروف، باسی لەوەشکرد “من بە نووسراوی فەرمی پرسیارم ئاڕاستەی بانکی ناوەندی کردووە، لەبارەی کاری بانکەکان لە هەرێمی کوردستان و چارەنووسی لقی سلێمانی بانکی ناوەندی، کە چەند ساڵێکە بەنیازن ئەو لقە بکەنەوە، ئێمە چاوەڕێی وەڵامەکانی بانکی ناوەندی دەکەین و بەدواداچوون دەکەین بۆ جێبەجێکردنی بابەتەکان”.