وەزارەتی ناوخۆی ئێران: لە کەمترین ماوەدا کۆتایی بە ناڕەزایەتییەکان دەهێنین
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
بەرپرسێکی باڵای وەزارەتی ناوخۆی ئێران رایگەیاند لە یەکشەممەوە هەر کەسێک لە خۆپیشانداندا دەستگیر بکرێت تا رۆژی دادگایکردن و سەپاندنی سزا بەسەریدا ئازاد ناکرێت و لە کەمترین ماوەشدا کۆتایی بەو خۆپیشاندانە دەهێنرێت.
مەجید میرئەحمەدی، راوێژکاری ئاسایشی و سەربازیی وەزارەتی ناوخۆی ئێران بە میدیاکانی وڵاتەکەی راگەیاند؛ چیتر لێبوردن هیچ کەسێک ناگرێتەوە و هەر کەسێک لە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکاندا دەستگیر بکرێت، دەبێت بە دەستبەسەری بمێنێتەوە تا ئەو رۆژەی دادگایی دەکرێت.
ئەو بەپرسە وتویەتی ئەوە داویین هۆشدارییە کە دەدرێت بەوانەی نیازی بەشدارییان لە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکاندا هەیە، چونکە توندترین سزایان بەسەردا دەسەپێت.
راوێژکارەکەی وەزارەتی ناوخۆ، ئاماژەی بەوە کردوە هەوڵ دەدەن لە چەند رۆژی داهاتودا کۆتایی بەو خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییانە بهێنن کە بە وتەی ئەو پیلانی دوژمنانە و دەستی نەیارانی کۆماری ئیسلامی ئێرانی لە پشتە.
لێدوانی ئەو بەرپرسە لە کاتێکدایە زیاتر لە 24 رۆژە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیی زۆربەی رۆژهەڵاتی کوردستان و شارەکانی ئێرانی گرتوەتەوە و بە پێی دوایین ئاماریش کە رێکخراوی مافەکانی مرۆڤ لەو وڵاتە بڵاوی کردوەتەوە 187 کەس لەو ماوەیەدا کوژراون.