نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشداری لە خراپبوونی دۆخی عێراق دەدات
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
لە ساڵیادی هەڵبژاردنەکانی عێراق 10ی تشرینی یەکەمی 2021 ساڵێك لەمەوبەر، یونامی ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە تیایدا ڕایگەیاند "لەدوای یەک ساڵ لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنێكی سەخت، ئێستا ئیدی کاتی ئەوەیە دەستوبرد بکرێت". و داوای لە بەرپرسانی عێراق کرد بەرپرسیارێتی لە ئەستۆ بگرن و قسە و کرداریان یەکبخەن.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: "بەر لە یەک ساڵ، عێراقییەکان چوونە سەر سندووقەکانی دەنگدان بە هیوای دروستکردنی داهاتوویەکی نوێ بۆ وڵاتەکەیان. لە ژێر گوشاری خەڵک و خۆپێشاندانی سەرانسەری وڵات کە تێیدا سەتان لاوی عێراقی گیانیان لەدەستدا و هەزارانیش بریندار بوون، هەڵبژاردنێكی سەخت ئەنجامدرا، بەڵام بە داخەوە ئەو پرۆسە دیموکراسییە سیاسەتی دابەشکاری بەدوادا هات کە دواجار بە بێهیواییەکی گشتی تاڵ گەیشت".
یونامی دەشڵێت: "ئەمڕۆ عێراق هێندە کاتی لە بەردەستدا نییە؛ قەیرانە دوورودرێژەکە ئاماژەیەکی مەترسیدارە بۆ ناسەقامگیریی زیاتر و رووداوەکانی ئەم دواییەش بەڵگەن لەسەر ئەم قسەیە. سەرەڕای ئەوە، درێژەدان بەم قەیرانە سیاسییە هەڕەشە لە ژیانی خەڵک دەکات. هەربۆیەش پەسندکردنی بودجەی 2023 بەر لە کۆتایی ئەمساڵ گرنگ و پێویستە".
هەروەها باسی لەوەشکردووە: "لە چەند هەفتە و مانگی رابردوودا هەوڵی چڕ بۆ هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان درا تاوەکو بە سەقامگیریی سیاسی بگەن، بەڵام هیچ ئەنجامێكی نەبوو. ئێستا کاتی هاتووە چینی سیاسی بەرپرسیارێتی لەئەستۆ بگرێت".