ئێران: بەڵێنمان لە عێراق وەرگرتوە رێگریی لە هەڕەشەی چەکداری دژی وڵاتەکەمان بکات
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
ئێران : هێرشەکانی سوپای پاسدارن بۆ سەر هەرێم لە چوارچێوەی یاسا و رێساکانی نەتەوەیەکگرتوەکاندا بووە .
وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند؛ هێرشەکانی ئێران بۆ سەر پارتە نەیارەکانی هەرێمی کوردستان بە پێی یاسا و رێساکانی نەتەوەیەکگرتوەکاندا بوە و عێراقیش بەڵێنی داوە رێگریی لە هەڕەشە چەکداراییەکانی دژی ئێران بکات.
ناسر کەنعانی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران؛ لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند پێشتر حکومەتی هەرێم و بەرپرسانی عێراق لە هێرشەکانی سەر پارتە نەیارەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە (28/9/2022) ئاگادار کراونەتەوە و ئەوەی لە ماوەی رابردودا کراوە هاوشێوەیەی ئەو هێرشانەبوە کە پێشتریش کراون.
ئەو وتیشی تاران چاوەڕوانیی ئەوەی لە عێراق هەیە کە رێگە نەدات چەکدارە نەیارەکان مەترسیی بۆ ئێران دروست بکەن و لە کۆبونەوەیەکی هەفتەی رابردوشدا ئێران وەڵامی ئەرێنیی بۆ داواکارییەکانی عێراق هەبوە.
کەنعانی وتیشی: عێراق کۆمەڵێک بەڵێنی داوە و دەبێت پابەند بێت بە پاراستنی سنورەکانی نێوان وڵاتەکەی لەگەڵ ئێران. وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران جەختی لەوە کردەوە کە نابێت خاکی عێراق ببێتە هەڕەشەی چەکدارایی بۆسەر کۆماری ئیسلامی و دەسەڵاتی وڵاتەکەی.