ئێران کۆمەڵە و دیموکرات و پەژاک بە هاندانی خۆپشاندانەکان تۆمەتبار دەکات
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
وەزارەتی ناوخۆی ئێران کۆمەڵە و دیموکرات و پەژاک بە هاندانی خۆپیشاندان لە رۆژهەڵاتی کوردستان تۆمەتبار دەکات و دەڵێت لە ژێر کاریگەریی ئیسرائیل و ئەمریکا دەیانەوەێت گورز لە کۆماری ئیسلامی ئێران بوەشێنن.
ئەحمەد وەحیدی، وەزیری ناوخۆی ئێران لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی هەواڵی (تەسنیم) رایگەیاندوە؛ پارتەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە ماوەی رابردودا ویستویانە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکان ئاڕاستە بکەن و هەر بەو هۆیەشەوە ئاسایشی شاری سنە تێکچوە.
وەحیدی ناوی کۆمەڵە و دیموکرات و پەژاکی هێناوە و وتویەتی: ئەوان و ئەمریکا و ئیسرائیل دڵخۆشن بە دروستبونی گرژیی لە ئێران و ناوچە کوردییەکان و ئامانجیان پارچەکردنی وڵاتەکەیە.
هەر وەها ئەو پارتانەی تۆمەتبار کردوە بەوەی کە دەیانەوێت زیان بە سەرمایەگوزاریی و خزمەتگوزارییەکان بگەیەنن و بەڵێنیشی داوە بودجە و پڕۆژەی خزمەتگوزاریی زیاتر بۆ پارێزگای سنە تەرخان بکرێت.
لێدوانەکانی ئەو بەرپرسەی کۆماری ئیسلامی ئێران لە کاتێکدایە جگە لە شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان خۆپیشاندان لە کۆی 31 پارێزگا زیاتر لە 29 پارێزگای وڵاتەکە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیی بەڕێوەچو و لە تارانی پایتەختیش بە شێوەیەکی بەرفراوان خۆپیشاندانەکان بەردەوامە.