ساڵێک تێپه‌ڕى و حکومه‌تی نوێی عێراق دروستنه‌کرا...پارتى و یه‌کێتیش له‌سه‌ر کاندیدی سه‌رۆک کۆمار رێکنه‌که‌وتوون

2 ساڵ لەمەوپێش



هێمن مه‌حموود

 

ساڵێک به‌سه‌ر دوایین هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مان له‌عێراقدا تێپه‌ڕی و هه‌رچه‌نده‌ جموجوڵێکی سیاسی لایه‌نه‌ سیاسییه‌کان له‌ئارادایه‌ بۆ ئه‌وه‌ی به‌زووترین کات حکومه‌تی نوێ پێکبهێنرێت، به‌ڵام هێشتا به‌ته‌واوه‌تی چاره‌نووسی پێکهێنانی ئه‌و حکومه‌ته‌ دیار نییه‌و ناشزانرێت که‌ی سه‌رۆک وه‌زیرانی نوێ سوێندی یاسایی ده‌خوات.

له‌ماوه‌ی ئه‌م ساڵه‌دا سه‌ره‌ڕای هه‌وڵه‌ به‌رده‌وامه‌کانی هه‌ریه‌که‌ له‌هه‌ردوو لایه‌نی (سه‌درییه‌کان) و (چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی) به‌ڵام هیچکامیان نه‌یانتوانی ده‌نگی یه‌کلاکه‌ره‌وه‌ بۆ پێکهێنانی حکومه‌ت په‌یدا بکه‌ن و هه‌موو هه‌وڵه‌کانیان به‌فیڕۆچوو.

به‌بڕوای به‌شێک له‌چاودێرانیش ئه‌وه‌ی وایکرد که‌دۆخی سیاسی عێراق چه‌ق ببه‌ستێت و دروستنه‌کردنی حکومه‌ت ئه‌وه‌نده‌ درێژه‌بکێشێت به‌هۆی دوو

هۆکاری سه‌ره‌کییه‌وه‌یه‌ که‌یه‌که‌میان بڕیاره‌کانی دادگای باڵای فیدراڵیی و دووه‌میان رێکنه‌که‌وتنی لایه‌نه‌ سیاسییه‌کان به‌تایبه‌تیش رێکنکه‌وتنی سه‌درییه‌کان له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌کانی سه‌ر به‌چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگیی.

یه‌کێک له‌بڕیاره‌کانی دادگای فیدراڵی ئه‌وه‌بوو که‌ده‌بێت ٢٢٠ په‌رله‌مانتار بۆ دانیشتنی هه‌ڵبژاردنی سه‌رکۆماری نوێ ئاماده‌بن که‌ئه‌وه‌ش ئه‌سته‌مه‌ جێبه‌جێبکرێت. هۆکاری دووه‌م رێکنه‌که‌وتنی لایه‌نه‌ سیاسییه‌کانه‌، به‌تایبه‌تیش رێکنکه‌وتنی سه‌درییه‌کان له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌کانی سه‌ر به‌چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگیی له‌باره‌ی قۆناغی داهاتوو.

له‌ساڵیادی هه‌ڵبژاردنه‌ په‌رله‌مانییه‌که‌شدا مسته‌فا کازمی سه‌رۆک وه‌زیرانی حکومه‌تی کاربه‌ڕێکه‌ر رایگه‌یاند دۆخی ساڵێک دوای هه‌ڵبژاردن ئه‌وه‌ی سه‌لماندووه‌ که‌ په‌نابردن بۆ سندووقه‌کانی ده‌نگدان پێویسته‌ په‌یوه‌ست بێت به‌بڕوابوونی سه‌رجه‌م لایه‌نه‌ سیاسییه‌کان به‌به‌شداریکردن به‌بنه‌مای دیموکراسییانه‌وه‌و پیاده‌کردنی کاری سیاسی به‌گوێره‌ی چوارچێوه‌و کولتوورو به‌هاکانی، داواشی له‌لایه‌نه‌ سیاسییه‌کان کرد که‌په‌نا بۆ دیالۆگ و هه‌نگاوی هێمن و بونیاتنه‌رانه‌ ببه‌ن بۆ چاره‌سه‌ری قه‌یرانی سیاسی.

نێرده‌ی نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتووه‌کانیش له‌عێراق (یونامی) ده‌ڵێت: له‌چه‌ند هه‌فته‌و مانگی رابردوودا هه‌وڵی چڕ بۆ هه‌موو لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌کان درا تاوه‌کو به‌سه‌قامگیریی سیاسی بگه‌ن، به‌ڵام هیچ ئه‌نجامێکی نه‌بوو. ئێستا کاتی هاتووه‌ چینی سیاسی به‌رپرسیاریەتی له‌ئه‌ستۆ بگرێت، داواشی له‌هه‌موو لایه‌نه‌کان کردووه‌ بێ مه‌رج ده‌ست به‌دیالۆگ و دانوستاندن بکه‌ن و رێکبکه‌ون له‌سه‌ر ئامانجه‌ سه‌ره‌کییه‌کان، وه‌ک دابینکردنی داواکارییه‌کانی خه‌ڵکی عێراق و پێکهێنانی حکومه‌تێک به‌ده‌سه‌ڵاتێکی ته‌واوەوه‌.

هاوکات نێد پرایس، گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریکا له‌ راگه‌یاندراوێکدا ئاماژه‌ی به‌وه‌کردووه‌، دوای ساڵێک له‌ده‌نگدانی عێراقییه‌کان بۆ هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خته‌، به‌ئامانجی پێکهێنانی حکومه‌تێک که‌گوزارشت له‌خواستی گه‌لی عێراقی بکات، تائێستا سه‌رکرده‌ سیاسییه‌کانی عێراق نه‌یانتوانیوه‌ ناکۆکییه‌ سیاسییه‌کانیان چاره‌سه‌ر بکه‌ن. ده‌ڵێت، واشنتن له‌گه‌ڵ گفتوگۆی فراوان و گشتگیری لایه‌نه‌کانی عێراقه‌ له‌پێناو دانانی نه‌خشه‌ڕێگایه‌ک بۆ ئاینده‌.

له‌ئێستاشدا دوای کشانه‌وه‌ی سه‌درییه‌کان و پێکهێنانی (هاوپه‌یمانیەتی ئیداره‌ی ده‌وڵه‌ت) که‌پێکدێت له‌هاوپه‌یمانیی چوارچێوه‌ی هاوئاهه‌نگی، یه‌کێتی، پارتی، هاوپه‌یمانیی سه‌روه‌ری، عه‌زم و بابلیون) هه‌ست به‌جموجوڵ و فشارێکی زۆری لایه‌نه‌ ده‌ره‌کی و ئیقلیمییه‌کان ده‌کرێت تا به‌زووترین کات په‌رله‌مانی عێراق کۆببێته‌وه‌ و سه‌رۆک کۆمار ده‌ستنیشانبکات و سه‌رۆک کۆماریش که‌سێک بۆ پێکهێنانی حکومه‌ت رابسپێرێت.

به‌پێی ئه‌و زانیارییه‌ میدیاییانه‌ی بڵاوکراوه‌ته‌وه‌ هاوپه‌یمانیەتی ئیداره‌ی ده‌وڵه‌ت مۆڵه‌تی یه‌ک هه‌فته‌ی بۆ (یه‌کێتی و پارتی) دیاریکرد که‌کاندیدی هاوبه‌شی خۆیان بۆ پۆستی سه‌رۆک کۆمار یه‌کلابکه‌نه‌وه‌، که‌چی به‌بێ ئه‌وه‌ی بگه‌نه‌ ئه‌نجام، مۆڵه‌ته‌که‌ رۆژی سێشه‌ممه‌ کۆتاییهات.

سۆران جه‌مال تاهیر، وته‌بێژی یه‌کێتی نیشتمانیی کوردستان رایگه‌یاندووه‌ که‌ ئه‌وان وه‌ک یه‌کێتی نایانه‌وێت پرسی سه‌رۆک کۆمار به‌زۆرینه‌و که‌مینه‌ یه‌کلابکرێته‌وه‌، به‌ڵکو ده‌بێت به‌ رێککه‌وتنی نێوان یه‌کێتی و پارتی بێت، بۆیه‌ باشترین چاره‌سه‌ر ئه‌وه‌یه‌ به‌ رێککه‌وتن پۆستی سه‌رۆک کۆمار یه‌کلابکرێته‌وه‌و پۆسته‌که‌ لای یه‌کێتی بمێنێته‌وه‌. ده‌رباره‌ی ئه‌گه‌ری رێکنه‌که‌وتنیش ده‌ڵێت، ئه‌وکاته‌ دڵته‌نگییه‌ک دروست ده‌بێت، ده‌رئه‌نجام ناچارین سیناریۆی 2018 دووباره‌ ببێته‌وه‌ و به‌ده‌رئه‌نجامه‌که‌شی رازی بین.

ئه‌حمه‌د ئه‌سه‌دی، سه‌رکرده‌ له‌چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی له‌لێدوانێکی رۆژنامه‌وانیدا رایگه‌یاند «کورد دوو بژارده‌ی له‌به‌رده‌مه‌، یان رێککه‌وتن له‌سه‌ر کاندیدێک، یان دووباره‌بوونه‌وه‌ی سیناریۆی ساڵی 2018و چوونه‌ ناو کۆبوونه‌وه‌ی په‌رله‌مان و یه‌کلاییکردنه‌وه‌ی کاندیدی سه‌رۆک کۆمار به‌په‌رله‌مانتاران».

محه‌مه‌د حه‌لبوسی سه‌رۆکی په‌رله‌مانی عێراق له‌دانیشتنى رۆژى سێشه‌ممه‌ى په‌رله‌ماندا واده‌ى هه‌ڵبژاردنى سه‌رۆک کۆمارى دیاریکردو رایگه‌یاند: رۆژى پێنجشه‌ممه‌ کۆبوونه‌وه‌ی په‌رله‌مانی عێراق بۆ هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆک کۆمار به‌ڕێوه‌ده‌چێت.

دیاریکردنی کاندیدی سه‌رۆک کۆمار گرفتی سه‌ره‌کی نێوان یه‌کێتی نیشتیمانی و پارتی دیموکراته‌، یه‌کێتی که‌ (به‌رهه‌م ئه‌حمه‌د ساڵح)ی سه‌رۆک کۆماری ئێستای کاندیدکردووه‌، له‌به‌رامبه‌ردا پارتی (رێبه‌ر ئه‌حمه‌د)ی وه‌زیری ناوخۆی حکومه‌تى هه‌رێمی کاندیدکردووه‌و دوای چه‌ندین گه‌ڕی گفتوگۆو دانوستاندن هێشتا هیچ لایه‌کیان وازیان له‌کاندیدی خۆیان نه‌هێناوه‌و له‌سه‌ر کاندیدی هاوبه‌ش رێکنه‌که‌وتوون. مه‌سرور بارزانی سه‌رۆکی حکومه‌تی هه‌رێم و

ئه‌ندامی مه‌کته‌بی سیاسی پارتی رایگه‌یاند: پارتی پێیباشه‌ کاندیدی سه‌رۆک کۆمار له‌په‌رله‌مانی کوردستان یه‌کلابکرێته‌وه‌، یه‌کێتیش هه‌رزوو ئه‌و داوایه‌ی ره‌تکردووەته‌وه‌.

به‌پێی راگه‌یاندراوێکیش شاندی هاوپه‌یمانیەتی به‌ڕێوه‌بردنی ده‌وڵه‌ت به‌سه‌رۆکایه‌تی (محه‌مه‌د حه‌لبوسی) دوای کۆبوونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ مه‌سعود بارزانی سه‌رۆکی پارتی، ئاماژه‌ی به‌وه‌کرد: ده‌بێت پێش کۆبوونه‌وه‌ی په‌رله‌مانی عێراق له‌سه‌ر ده‌ستنیشانکردنی سه‌رۆک کۆمار، رێککه‌وتن له‌نێوان لایه‌نه‌کاندا ئه‌نجامبدرێت.

هاوکات سه‌رچاوه‌یه‌ک له‌ڕه‌وتی سه‌در به‌ڕۆژنامه‌ی (عه‌ره‌ب ئه‌لجه‌دید)ی راگه‌یاندووه‌ ته‌نگه‌ژه‌ی سیاسی له‌عێراقدا درێژه‌ ده‌کێشێت و ئه‌وان وه‌ک سه‌درییه‌کان هه‌ڵوێستیان نه‌گۆڕاوه‌ و سوورن له‌سه‌ر هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی په‌رله‌مان و ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خته‌، جه‌ختیشی له‌وه‌کردووەته‌وه‌ هه‌ر حکومه‌تێک له‌سه‌ر بنه‌مای براوه‌و دۆڕاو درووستبکرێت له‌ساڵێک زیاتر ناخایه‌نێت و ئه‌وان وه‌ک سه‌درییه‌کان شه‌قامیان به‌ده‌سته‌وه‌یه‌، که‌هیچ هێزێکی دیکه‌ به‌ده‌ستیه‌وه‌ نییه‌.

هه‌موو ئه‌مانه‌ له‌کاتێکدایه‌ له‌ماوه‌کانی رابردوودا له‌سه‌ر داوای مسته‌فا کازمی سه‌رۆک وه‌زیران دوو گه‌ڕی دیالۆگی نیشتمانیی له‌نێوان لایه‌نه‌ سیاسییه‌کان، جگه‌ له‌ ره‌وتی سه‌در به‌ئامانجی دۆزینه‌وه‌ی رێگاچاره‌یه‌ک بۆ قه‌یرانی سیاسی ئێستا به‌ڕێوه‌چوو به‌بێ ئه‌وه‌ی هیچ به‌رهه‌مێکی هه‌بێت و ناکۆکییه‌کان هه‌ر به‌رده‌وامبوون.

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار