به‌ده‌ل به‌روارى: به‌رده‌وامم له‌خه‌باتى مه‌ده‌نى و له‌ده‌ستگیرکردن ناترسم

گروپی گێڕانه‌وه‌ی پاشکه‌وت و لێبڕینی مووچه‌ کاراده‌کرێته‌وه‌

2 ساڵ لەمەوپێش



عه‌مار عه‌زیز

به‌ده‌ل به‌روارى ده‌ڵێت: به‌رده‌وامم له‌خه‌باتى مه‌ده‌نى و له‌ده‌ستگیرکردن ناترسم، به‌ڵکو ئێمه‌ له‌زوڵم و زۆردارى ده‌سه‌ڵات ده‌ترسین، وتیشى: ماوه‌ى زیاتر له‌دوو هه‌فته‌یه‌ له‌گه‌ڵ‌ ژماره‌یه‌ک که‌سایه‌تی و خاوه‌ن ماف له‌چین و تووێژه‌ جیاوازه‌کانی کۆمه‌ڵی کوردستان گروپی گێڕانه‌وه‌ی پاشکه‌وت و لێبڕینی مووچه‌مان پێکهێناوه‌و من وه‌کو نوێنه‌ری پارێزگاى دهۆک به‌شداریم کردووه‌.

به‌ده‌ل به‌رواری چالاکى کۆمه‌ڵى مه‌ده‌نى که‌ وه‌کو نوێنه‌ری پارێزگای دهۆک به‌شدارى له‌گروپى گێڕانه‌وه‌ی پاشکه‌وت و لێبڕینی مووچه‌ کردووه،‌ له‌چاوپێکه‌وتنێکیدا له‌گه‌ڵ‌ هاوڵاتى رایگه‌یاند: « له‌ساڵانی 2017 و 2018 گروپێک دامه‌زرابوو به‌ناوی کوا پاشکه‌وتی من، که‌ ئه‌مه‌ش یه‌که‌م گرووپ بوو که‌ داوای پاشکه‌وت بکات، له‌پلانی ئێمه‌دابوو ئه‌و گرووپه‌ بکه‌ینه‌ گروپێکی سه‌رانسه‌ری کوردستان به‌ڵام له‌به‌ر به‌رژه‌وه‌ندی چه‌ند که‌سێک له‌ھەولێر و سلێمانی سه‌رینه‌گرت، له‌ 2018 له‌شاری دهۆک ده‌ستمانکرد به‌گه‌وره‌ترین گردبوونه‌وه‌ بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی پاشکه‌وت، دواتر ده‌زگا ئه‌منیه‌کان ئێمه‌یان ده‌ستگیرکرد، ماوه‌یه‌کی زۆر له‌زیندان بووین دواتر ئازادکراین».

وتیشى: «یه‌که‌م کۆبوونه‌وه‌مان له‌شاری هه‌ولێر له‌ 24ی ئه‌یلولی 2022 بوو، به‌هۆی ئه‌و دۆخه‌ی ئێستای عێراق و هه‌روه‌ها پرسی بۆردومانکردنی ناوچه‌ سنورییه‌کان له‌لایه‌ن ئێران و تورکیاو پرسی درێژکردنه‌وه‌ی ماوه‌ی په‌رله‌مانی کوردستان، ئه‌مانه‌ هه‌موو وایانکرد که‌مێک دوابکه‌وین، ئێمه‌ نامانه‌وێت ئه‌مجاره‌ په‌له‌ بکه‌ین هه‌روه‌ها نامانه‌وێت کارێک بکه‌ین دواتر هیچ ئامانجێکی نه‌بێت، به‌خۆشحاڵییه‌وه‌ رێکخراوی ئێن پی ئه‌ی که‌ رێکخراوێکی نه‌رویجییه‌، پشتگیریمان ده‌کات».

له‌باره‌ی ئامانجی سه‌ره‌کى دامه‌زراندنی گروپه‌که‌، به‌ده‌ل به‌رواری وتى:»چه‌ند ئامانجێکمان هه‌یه‌ له‌وانه‌ کارکردن بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی پاشکه‌وتی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران، هه‌روه‌ها  پرسی جیاوازی مووچەی‌ فه‌رمانبه‌ران به‌تایبه‌ت خانه‌نشینان له‌گه‌ڵ عێراق و هاوتاکردنیان، هه‌روه‌ها پله‌به‌رزکردنه‌وه‌ی فه‌رمانبه‌ران له‌گه‌ڵ‌ دابه‌شکردنی مووچه‌ له‌کاتی خۆیدا، هه‌موو ئه‌مانه‌ له‌چوارچێوه‌ی چالاکی مه‌ده‌نی و ئاشتیانه‌ ده‌بێت، جیاوازی گروپی ئه‌مجاره‌ ئه‌وه‌یه‌ که‌ ئه‌م گروپه‌ سه‌رانسه‌رییه‌و نوێنه‌رانی هه‌موو پارێزگایه‌ک له‌گروپه‌که‌دا به‌شدارن».

سه‌باره‌ت به‌میکانیزمى کارکردن و چۆنیه‌تی دروستکردنی فشار له‌سه‌ر حکومه‌ت بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی پاشکه‌وتی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران، به‌ده‌ل به‌روارى ده‌لێت: «چالاکییه‌کانمان به‌شێوه‌ی مه‌ده‌نی ده‌بێت، به‌دواداچوونی یاسایی ده‌که‌ن و کۆمه‌ڵێک دادوه‌رو پارێزه‌ر له‌گه‌ڵ ئێمه‌ ده‌بن تاوه‌کو له‌ڕێگای یاسایی پاشکه‌وتی مووچه‌ بکه‌ینه‌ ماڵ له‌سه‌ر حکومه‌ت و ئه‌وان دانپێدانان بکه‌ن و دواتر بۆ فه‌رمانبه‌رانی بگێڕنه‌وه‌.» 

له‌وه‌ڵامى ئه‌و پرسیاره‌ى ئایا مه‌ترسى نیه‌ به‌هۆى ئه‌م چالاکییانه‌وه‌ جارێکى تر رووبه‌ڕووى ده‌ستگیرکردن ببیته‌وه‌، وتى: «من له‌ده‌ستبه‌سه‌رکردن ناترسم، به‌ڵکۆ ئێمه‌ له‌زوڵم و زۆرداری ده‌سه‌ڵات ده‌ترسین، به‌داخه‌وه‌ له‌سه‌ر ماف و داواکارییه‌کانی خۆت ده‌ستگیربکرێی و دواتر تۆمه‌تی ئه‌خلاقی و ته‌قینه‌وه‌ یان په‌یوه‌ندی به‌پارتی کرێکارانى کوردستان (په‌که‌که‌) دروستده‌کرێن که‌هه‌موو ئه‌مانه‌ دوورن له‌ڕاستی، من له‌ 1993 تاوه‌کو ئێستا به‌رده‌وامم له‌کارکردن، ئامانجی سه‌ره‌کی من ته‌نها خزمه‌تکردنه‌ به‌کوردستان و لای من هه‌ر چوارپارچه‌ی کوردستان زۆر پیرۆزه‌ و به‌رده‌وام ده‌بم له‌سه‌ر خه‌باتی مه‌ده‌نى.». 

«به‌ده‌ل به‌روارى ده‌ڵێت: «رێکخراوی پاو که‌ ته‌مویلی دارایی له‌ڕێکخراوی ئێن پی ئه‌ی نه‌رویجی وه‌رده‌گرێت ، ئه‌مانه‌ پرۆژه‌یه‌کیان هه‌یه‌ به‌ناوی (تعزیز الدیموقراتیه‌) بۆماوه‌ی چوار ساڵ، پێکهێنانی گروپه‌که‌ی ئێمه‌ به‌شێکه‌ له‌و پرۆژه‌یه‌و من گه‌شبینم که‌پێکه‌وه‌ ده‌توانین شتێکی باش بۆ مووچه‌خوران به‌ده‌ستده‌هێنین، به‌مه‌رجێک خه‌ڵک له‌گه‌ڵ ئێمه‌ هاوکاربێت و له‌پشته‌وه‌ خیانه‌تمان لێنه‌کات».

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار