تورکیا یاسایەک دژی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان پەسند دەکات

2 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

پەرلەمانی تورکیا یاسایەک لە دژی رۆژنامەگەریی و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان پەسند دەکات و هەر بەشداربویەکی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ئەگەر بابەتی ئەمنی و ئاسایشیی وڵاتەکە بڵاو بکاتەوە ساڵێک بۆ سێ ساڵ زیندانیی بەسەردا دەسەپێت.

ئاژانسی مێزۆپۆتامیا بڵاوی کردەوە رۆژی پێنجشەممە پەرلەمانی تورکیا بە زۆرینەی دەنگی پەرلەمانتارانی پارتی داد و گەشە (ئاکەپە) و پارتی نەتەوەپەرست (مەهەپە) یاسای (دێفۆرماسیۆن)ی پەسند کرد کە بە بە یاسای سانسۆر لە وڵاتەکە ناو دەهێنریت.

بە پێی ئەو یاسایە رۆژنامەوانان و بەشداربوانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان نابێت هیچ بابەتێک لەسەر مەترسیی بۆ ئاسایشی دەرەوە و ناوخۆی تورکیا بڵاو بکەنەوە و بە پێچەوانەشەوە سزای ساڵێک بۆ سێ ساڵ بەسەر ئەو کەسانەدا دەسەپێت.

لەو یاسایەدا ئاماژە بەوە کراوە تەنات بڵاوکردنەوە و هاوبەشکردنی ئەو هەواڵ و نوسینانەی کە دەبنە هۆی تێکدانی ئاسایش و مەترسیی بۆسەر سەقامگیریی تورکیا هاوشێوەی ئەو کەسەی یەکەمجار هەواڵ و پەیاماکەی بڵاو کردوەتەوە سزا دەدرێت واتا شەیرکردن و ریتویتکردن بە پێشلکردنی یاساکە لەقەلەم دەدرێت وەک تاوانبار سزای بەسەردا دەسەپێنرێت.

زیاتر لە هەفتەیەک ئەو یاسایە ناکۆکیی لە نێوان پەرلەمانتارانی ناو پەرلەمانی تورکیای لێکەوتوەتەوە و رۆژنامەوان و چالاکوانانیش یاساکە بە مەترسیدار دەزانن دژی ئازادیی رادەربڕین.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار