ئێران لە دژی سزاکان هەڕەشە لە ئەوروپا دەکات
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
بڵاوکراوەیەکی ئەمریکی ئاشکرای کردوە؛ بەرپرسانی ئێران لە چەند نامەیەکی نهێنیدا هەڕەشەی ئەوەیان کردوە کە ئەگەر یەکێتی ئەوروپا سزا بەسەر تاراندا بسەپێنێت ئەوا کۆتایی بە پەیوەندییە سیاسییەکان لەگەڵ ئەو یەکێتییە دەهێنن.
پێگەی (پۆلیتیکۆ) لە ئەمریکا بڵاوی کردوەتەوە؛ لە دوو نامەی تایبەتدا حسێن ئەمیرعەبدوڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران و غوڵامحسێن دێهقانی نێردراوی ئەو وڵاتە لە ئەوروپا بۆ جۆزێپ بۆڕێڵ، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا داوایان کردوە بە بێ رەچاوکردنی بارودۆخی ناوخۆیی وڵاتەکەیان بیر لە سزادانی تاران نەکەنەوە.
لە نامەکەی وەزیری دەرەوەی ئێراندا هاتوە ئەگەر ئەوروپا سزاکانی بەسەر تاراندا بسەپێنێت رەنگە پەیوەنییەکانیان لەگەڵ یەکێتی ئەوروپا راگرن و بەردەوام نەبن لە کاری دیپلۆماسیی لەگەڵ وڵاتانی ئەندامی یەکێتی ئەوروپا.
بڕیارە رۆژی دوشەممەی داهاتو یەکێتی ئەوروپا ئەو سزایانەی بەهۆی سەرکوتی خۆپیشاندەران و خەڵکەوە لە دژی کۆماری ئیسلامی ئێران ئامادەی کردوە ئاشکرا بکات.