وەزیرەکەی سەدر نوێترین پەیامی سەدر لەسەر دروستکردنی حکومەتی نوێی عێراق بڵاودەکاتەوە
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
وەزیرەکەی موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر لە نوێترین پەیامیدا رایگەیاند، "بەشداریی لە حکومەتی نوێی عێراقدا ناکەین."
رۆژی شەممە 15-10-2022، ساڵح محەممەد عێراقی، ناسراو بە وەزیری موقتەدا سەدر لە تویتێکدا لە هەژماری تویتەری تایبەتی خۆی هێرشی تووندی کردە سەر هێزەکانی پێکهێنەری حکومەتی نوێی عێراق و ناویبردن بە "حکومەتی داهاتوو حکومەتێکی میللیشیای تاقیکراوەیە".
محەمەد عێراقی ڕاشیگەیاند : "هەوڵەکان بۆ پێکهێنانی حکومەتێکی نیشتمانی لە عێراق شکستیان هێناوە". و"پلانی مانەوەی گەندەڵ و گەندەڵکاران لە عێراق هەیە و رەوتی سەدر رێگە نادات داهاتی عێراق بچێتە بانکە گەندەڵەکان".
ئەو وەزیرە وتیشی: "دووپاتیدەکەینەوەکە هیچ کەسێکی سەر بە ئێمە بەشداری حکومەت ناکات، چ ئەوانەی لە حکومەتەکانی رابردوو بوون یان حکومەتی ئێستا بەشدارن؛ یان ئەوانەی لە دەرەوەی حکومەتن یان ئەوانەی پێشتر؛ یان ئەوانەی لە ئێمە جیادەبنەوە چ لە نێوخۆی عێراق بێت یان دەرەوەی؛ یان هەر کەسێک لەسەر ئێمە هەژمار دەکرێ بە راستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ، بە رەهایی هەر پاساوێک بۆ بەشدارییکردنیان رەتدەکەینەوە."
وەزیرەکەی موقتەدا سەدر داواشی کرد "عێراق نەبێتە یاری دەست ئەجێندای دەرەکی و چەک نەکەوێتە دەست کۆنترۆڵنەکراوەکان و پارەی خەڵکیش نەچێتە گیرفان و بانکی گەندەڵکارانەوە."
ئەمەش لە کاتێکدایە ڕۆژی پێنج شەمە هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری عێراق کراو تیایدا لـەتیف رەشید هەڵبژێردرا وەک سەرۆککۆماری نوێی عێراق و محەمەد شیاع سودانیش ڕاسپێردرا بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق.