وێنەکانی خومەینی و خامنەیی لە خوێندگەکانی ئێران لادەبرێن

2 ساڵ لەمەوپێش



بەهۆی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییانەی لە خوێندنگەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران، بڕیار دەدرێت وێنەکانی خومەینی و خامنەیی لە پۆلەکانی خوێندن لاببرێن.

رۆژنامەی (میهەن) لە ئێران ئاشکرای کردوە لە چەند رۆژی رابردودا ژمارەیەک مامۆستا و بەڕێوبەری خوێندگەکانی وڵاتەکە بەهۆی لابردنی وێنەکانی روحەڵا خومەینی دامەزرێنەری کۆماری ئیسلامی و عەلی خامنەیی رێبەری کۆماری ئیسلامی، سزا دراون.

حکومەت بە بەڕێوبەری خوێندگەکانی راگەیاندوە؛ بۆ ئەوەی لە چوارچێوەی ناڕەزایەتییەکاندا، خوێندکاران وەک بێڕێزیی ئەو وێنانە لە پۆلەکان دانەگرن و دواتر نەیانسوتێن یان نەیان دڕێنن، سەرجەم وێنەکانی ئەو دو کەسایەتییەی کۆماری ئیسلامی ئێران لە پۆلەکاندا دادەگیرێن.

بە پێی زانیارییەکانی ئەو رۆژنامەیە؛ لە بڕیارەکەی حکومەتدا جەخت لە وێنەکانی خامنەیی کراوەتەوە و ئاماژە بەوە کراوە ئەگەر مەترسییەک لەسەر وێنەکانی رێبەری کۆماری ئیسلامی نەبێت ئەوا ئاساییە لە پۆلەکاندا بمێنێتەوە و دانەگیرێن.

ئەو بڕیارە لە کاتێکدایە دەیان تۆماری ڤیدیۆیی بڵاوکراوەتەوە کە خوێندکاران وێنەکانی خومەینی و خامنەیی لە کتێبەکانیاندا دەدڕێن و وێنە هەڵواسراوەکانی ئەو دو بەرپرسەش دادەگرن و دەیانسوتێنن.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار