نەتەوەیەکگرتووەکانیش لەسەرپارە دزراوەکەی دەستەی گشتی باجی عێراق هاتە دەنگ

2 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

دوای دیارنەمانیی بڕی ٢ ملیار و ٥٠٠ ملیۆن دۆلار لەدەستەی گشتی باجی عێراق، نێردەی تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق داوادەکات ئەو پارە دزراوانە بگەڕێننەوە بۆ خاوەنی راستەقینەی خۆیان، هەروەها چەند پێشنیازێکیش دەداتە لایەنەکان کە چۆن ئەو پارەیە بۆ خزمەتی هاووڵاتیان بەکاربهێنن.

جێنین پلاسخارت، نێردەی تایبەتی سکرتێری گشتیی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق لە تویتێکدا لەبارەی "دزین"ـی 3.7 تریلیۆن دیناری عێراقی، کە دەکاتە نزیکەی 2.5 ملیار دۆلار تویتێکی کرد و تێیدا نووسیویەتی: "عێراق دەتوانێت چی بە پارە دزراوەکانی بکات کە چەندین ملیار دۆلارە؟ بۆ قوتابخانە، نەخۆشخانە، وزە، ئاو و رێگە و هی دیکەش."

پلاسخارت هەروەها داواکارییەک لە بەرپرسانی عێراق دەکات و دەڵێت: "ئەو پارانە بگەڕێننەوە بۆ خاوەنی راستەقینەی خۆیان."

جێگای ئاماژەیە رۆژی 15ى تشرینى یەکەمى 2022، ئیحسان عەبدولجەبار، وەزیری نەوتی عێراق لە روونکردنەوەیەکدا رایگەیاند: "ئەو کاتەى وەزیرى دارایی بووە بەوەکالەت، لێکۆڵینەوەى لە دزرانى 3.7 ترلیۆن دینارى عێراقى (2.5 ملیار دۆلارى) پارەى باج کردووە لە بانکى رافیدەین و ئەنجامەکەى رادەستى لایەنە پەیوەندارەکان و لیژنەى دارایی پەرلەمانى عێراق کردووە."

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار