ئەو لایەنانەی بەشداری یان بایکۆتی حکوومەتی نوێی عێراق دەکەن کامانەن؟

2 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی


ژمارەیەک لایەنی سیاسیی لە عێراق رایانگەیاندووە کە بەشداری لە حکوومەتی نوێیدا دەکەن و ژمارەیەک لایەنی دیکەیش رایانگەیاندووە کە بەشداری لە حکوومەتی نوێدا ناکەن.

ھاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت کە ھەریەک لە چوارچێوەی ھەماھەنگی، پارتی دیموکراتی کوردستان، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، ھاوپەیمانی عەزم، ھاوپەیمانی سەروەریی و بابلییۆن لە خۆدەگرێت، داوای لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق کردووە کە رۆژی شەممەی داھاتووە وەک وادەیەک بۆ دەنگدان لەسەر کابینەی نوێی حکوومەت دیاری بکات.

بۆیە چاوەڕوان دەکرێت بەم زووانە و بەرلە کۆتایی ھاتنی وادەی پێکھێنانی حکوومەتی نوێی، محەمەد شیاع سوودانی پێکھێنانی کابینەی حکوومەتەکەی تەواو بکات و پێشکەشی بە ئەنجوومەنی نوێنەرانی بکات بۆ ئەوەی دەنگی لەسەر بدرێت.

سوودانی ھەوڵدەدات بەرێککەوتنی پێشوەختە لەگەڵ لایەنە بەشداربووەکانی حکوومەت، کابینەکەی پێکبھێنێت بۆ ئەوەی لە ئەنجوومەنی نوێنەران کێشە و گرفتی بۆ دروست نەبێت و بە ئاسانی تێپەڕێندرێت.

ھەروەھا راسپێردراو بۆ پێکھێنانی حکوومەتی نوێ داوای لە لایەنە سیاسییە بەشداربووەکانی حکوومەت کردووە بۆ ھەر وەزارەتێک ناوی سێ کاندید بکەن، بۆ ئەوەی خۆی بڕیار لەسەر ناوی یەکێک لە کاندیدەکان بدات.

سوودانی لە میانی راسپاردنی بۆ پێکھێنانی حکوومەتی نوێ رایگەیاند کە لە ماوەی ١٠ رۆژدا، کابینەی حکوومەتەکەی پێکدەھێنێت و پێشکەش بە ئەنجوومەنی نوێنەرانی دەکات.

ــ ئەو لایەنانەی کە بەشداری لە حکوومەتی نوێی عێراقدا دەکەن

لە ماوەکانی رابردوودا، ھەریەک لە چوارچێوەی ھەماھەنگیی، پارتی دیموکراتی کوردستان، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، ھاوپەیمانی عەزم، ھاوپەیمانی سەروەریی و بابلییۆن پێکھێنانی ھاوپەیمانییەکی نوێیان بەناوی "ئیدارەی دەوڵەت" راگەیاند، ئەوەیش بە ئامانجی ھەڵبژاردنی سەرکۆماری نوێ و پێکھێنانی حکوومەتی نوێ.

رۆژی پێنجشەممە ١٣ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٢ لە دانیشتنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق تایبەت بە ھەڵبژاردنی سەرکۆمار، عەبدوللەتیف رەشید بە سەرکۆماری نوێ ھەڵبژێردرا.

دواتر سەرکۆمار، عەبدوللەتیف رەشید، محەمەد شیاع سوودانی بۆ پێکھێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی عێراق راسپارد. لە دوای ساڵی ٢٠٠٥ەوە پۆستی سەرکۆمار بۆ کورد، سەرۆکوەزیران بۆ شیعە و سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران بۆ سوننە بووە.

تا ئێستا ھەریەک لە چوارچێوەی ھەماھەنگیی، پارتی دیموکراتی کوردستان، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، ھاوپەیمانی عەزم، ھاوپەیمانی سەروەریی و بابلییۆن لە چوارچێوەی ھاوپەیمانی "ئیدارەی دەوڵەت" رایانگەیاندووە کە بەشداری لە حکوومەتی نوێدا دەکەن و ئەوەیان بە فەرمی راگەیاندووە.

ــ ئەو لایەنانەی کە بەشداری لە حکوومەتی نوێی عێراقدا ناکەن

رەوتی سەدر کە موقتەدا سەدر سەرکردایەتیی دەکات ھەر لەگەڵ کشانەوەی لە ئەنحوومەنی نوێنەران و پڕۆسەی سیاسیی رایگەیاند کە بەھیچ شێوەیەک بەشداری لە حکوومەتی نوێدا ناکات.

رۆژی ١٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٢ سەرکردە لە رەوتی سەدر، ساڵح محەمەد عێراقی کە بە وەزیرەکەی سەدر ناسراوە لە تویتێکدا، ھەڵوێستی رەوتەکەی لەبارەی پێکھێنانی حکوومەتی نوێ راگەیاند.

ساڵح محەمەد عێراقی لە تویتەکەیدا رەخنەی لە ھەوڵەکانی چوارچێوەی ھەماھەنگیی بۆ پێکھێنانی حکوومەتێکی نوێ گرت و بە "حکوومەتی ھاوپەیمانیی شوێنکەوتەیی و میلشیایی تاقیکراوە" ناوی برد، ھاوکات بەشدارییکردنی رەوتەکەی لە حکوومەتی نوێ رەتکردەوە و ئاشکرای کرد کە ھەوڵ ھەیە بۆ رازیکردنی رەوتی سەدری بۆ بەشدارییکردن بە پێدانی پۆست لەو حکوومەتەدا.

ھاوکات سەرۆکی رەوتی حیکمەی نیشتمانیی، عەممار حەکیم رایگەیاندووە کە بەشداری لە حکوومەتی نوێدا ناکەن.

نووسینگەی سەرۆکی رەوتی حیکمەی نیشتمانیی لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە عەممار حەکیم لەگەڵ راسپێردراو بۆ پێکھێنانی حکوومەتی نوێی عێراق، محەمەد شیاع سوودانی کۆبووەتەوە.

راشیگەیاندووە کە لە کۆبوونەوەکەدا، عەممار حەکیم بە محەمەد شیاع سوودانی راگەیاندووە "رەوتی حیکمەی نیشتمانیی بەشداری لە حکوومەتی نوێدا ناکات".

ھەروەھا ھەریەک لە بزووتنەوەی ئیمتیداد، ئیشراقەی کانوون، نەوەی نوێ، یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان و کۆمەڵی دادگەریی کوردستان پێشتر رایانگەیاند بوو کە دەبنە ئۆپۆزسیۆن و بەشداری لە حکوومەتی نوێدا ناکەن.

ــ دابەشکردنی پۆستەکان

بەپێی ئەو رێککەوتننامەیەی کە ھەریەک لە چوارچێوەی ھەماھەنگیی، پارتی دیموکراتی کوردستان، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، ھاوپەیمانی عەزم، ھاوپەیمانی سەروەریی و بابلییۆن لە چوارچێوەی ھاوپەیمانی "ئیدارەی دەوڵەت" واژوویان کردووە، پۆستەکان بەم شێوەیە بەسەر ئەو ولایەنانە دابەش بوون.

پۆستی سەرکۆمار بە کورد دراوە و دەگوترێت سێ جێگری دەبێت کە یەکێکیان شیعە، ئەوەی دیکە سوننە و ئەوەی دیکەیش تورکمان.

سەرچاوە نافەرمییەکان باس لەوە دەکەن کە کابینەی نوێی حکوومەتی عێراق ٢٢ وەزارەت لەخۆدەگرێت کە بەپێی ئیستیحقاقی ھەڵبژاردن و ژمارەی کورسیی لایەنە سیاسییەکان لە ئەنجوومەنی نوێنەراندا دابەشکراون و ١٢یان پشکی لایەنەکانی سەربە چوارچێوەی ھەماھەنگیین کە بریتیین لە وەزارەتەکانی ناوخۆ، نەوت، دارایی، کەرەبا، تەندروستیی، خوێندنی بالا، کشتوکاڵ، گواستنەوە و گەیاندن، کارو کاروباری کۆمەڵایەتیی، وەرزش و لاوان، دەرامەتە ئاوییەکان و پەیوەندییەکان.

ھاوکات پشکی سوننە لە حکوومەتی نوێی عێراق شەش وەزارەتە کە بریتیین لە وەزارەتەکانی بەرگریی، پلاندانان، پەروەردە، پیشەسازی، بازرگانیی و رۆشنبیری.

ھەروەھا چوار وەزارەت لە کابینەی نوێی حکوومەت بەر کورد دەکەون کە بریتیین لە وەزارەتەکانی دەرەوە، داد، ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێبوون و ژینگە.

سێ وەزارەتیش لە دەرەوەی وەزارەتە سیادییەکانی کابینەی نوێی حکوومەتدا ھەن کە دەدرێن بە سەربەخۆکان، مەسیحیی و تورکمان.

سه‌رچاوه‌: ئاژانسی ئانادۆڵۆ

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار