ئاگری راپەڕین گەورەترین زیندانی ئێران دەسوتێنێت

2 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

سەرهەڵدان و ناڕەزایەتیی گەیشتە گەورەترین زیندانی ئێران و بەهۆیەوە لانیكەم هەشت زیندانیی كوژران و 61 زیندانیی دیكەش برینداربون بەوتەی هەندێك سەرچاوەی ناوخۆی ئێران حەوت بەندكراوی ئەو زیندانە لەكاتی هەڵاتنیان لەبەشی باكوری زیندانەكە كەوتونەتە كێلگەی مین و بەهۆی تەقینەوەی مین گیانیان لەدەستداوە.

شەوی شەممە (16/10/2022) زیندانی ئێڤین گەورەترین زیندانی ئێران لەتاران ئاگری گرت و دەنگی تەقەكردن و تەقینەوەی زۆر لەو زیندانەوە بیستراو سەرچاوەكانی حكومەت ئاشكرایانكرد یەكەیەكی تایبەت لەهێزە ئەمنییەكان بۆ كۆنترۆڵكردنی بەندكراوان رەوانەی ئەو زیندانە كران .

هاوكات لەگەڵ بەردەوامبونی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەكان لەسەرتاسەری رۆژهەڵاتی كوردستان و زۆربەی شارەكانی ئێران زیندانی ئێڤین كە بەگەورەترین و گرنگترین زیندانی وڵاتەكە وەسف دەكرێت  ئاگری گرت.

ئەوەی لە تۆمارە ڤیدیۆییەكانی دەوروبەری زیندانەكە بڵاوكراوەتەوە ئاگركرتنی بەشێكی زۆری زیندانەكەبوو و چەند سەرچاوەیەكیش بەمیدیای ناوخۆی ئێرانیان راگەیاندوە لە كاتژمێر نۆی شەوی شەممە پشێوی لەبەندی (7)ی زیندانەكە دروستبووە بەهۆیەوە شەڕو پێكدادان هاتووەتە ئاراوە، 

زیندانی ئێڤین لانیكەم 15 هەزار زیندانیی لەخۆدەگرێت كە ژمارەیەكی بەرچاویان چالاكانی سیاسی و رەخنەگران و رۆژنامەوانان و چالاكانی مەدەنیی كۆماری ئیسلامی ئێرانن.

رووبەری زیندانی ئێڤین 200 دۆنمەو لەساڵانی 1960 دەست بەدروستكردنی كراوەو لەساڵی 1971 دروستكردنی زیندانەكە تەواو بووە.

بەشێك لەو زیندانە بەتایبەت بەندی (209) و (240) راستەوخۆ لەلایەن دەزگای هەواڵگریی ئێران (ئیتڵاعات) سەرپەرشتیی دەكرێت چونكە زیندانیانی ئەو دوو بەشە زۆرینەیان پێكدێن لەچالاكوان و رەخنەگرانی سیاسیی دژی دەسەڵات.

بەندی ژمارەی (7)ی ئێڤین حەوت هۆڵ لەخۆی دەگرێت كە هەر هۆڵێك 200 بۆ 700 زیندانیی لەخۆدەگرێت و بەوتەی بەرپرسانی زیندانەكەش ئەو بەشە تایبەت بەزیندانیانی بواری ماددی و دارایی بەڵام زۆرجار زیندانیانی سیاسیش رەوانەی ئەو بەشە دەكرێن.

لەساڵی 2015 نزیكەی 130 كیلۆگرام تریاك لەو زیندانە دەستی بەسەرداگیرا كەئاماژەبوو بەوەی ماددە هۆشبەرەكان بەئاسانی لەو زیندانەدا مامەڵەی پێوە دەكرێت.

لەساڵی 2018 ئەو زیندانە لەلایەن وەزارەتی گەنجینەی ئەمریكاو ساڵی 2021 لەلایەن یەكێتی ئەوروپا بەتۆمەتی پێشلكاریی مافەكانی مرۆڤ سزای بەسەردا سەپێنرا.

دەیان نوسەرو شاعیرو هونەرمەندی ئێران ئەزمونی بەندكرانیان لەو زیندانە هەیەو دەیان كتێب و چیرۆك سەبارەت بەو زیندانە نووسراوە.

لە 43 ساڵی رابردوو لانیكەم 100 كەسایەتی ناودارو سیاسەتمەداری ئێران لەزیندانی ئێڤین بەندكراون و ژمارەیەكیشیان هەر لەهەمان شوێن لەسێدارە دراون.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار