له‌ڕۆژنامه‌ی (هاوڵاتی)ییه‌وه‌....زیاتر 76%ی خەڵكی ئێران لەژێـر هێڵی هەژارییەوە دەژین

2 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی 
لەدوایین ئامارەكاندا دەركەوتووە 65 ملیۆن كەس لەكۆی 85 ملیۆن دانیشتوی ئێران لەژێر هێڵی هەژارییەوە دەژین و دەسەڵاتی ئەو وڵاتەش پێداگریی لەوەدەكات بەبێ هەڵوەشانەوەی سزا نێودەوڵەتییەكان دەتوانێت خەڵك لەقەیران و هەڵاوسانی ئابوریی رزگار بكات، وەكو وەڵامێكیش بۆ لێدوانێكی وەزیری دەرەوەی ئێران كە باسی لەوەكردبوو ئەمریكا زۆر پەلەیەتی بۆ كاراكردنەوەی رێككەوتنی ئەتۆمیی و هەوڵی رازیكردنی تاران دەدات، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا رایگەیاند: كاری سەرەكیی ئێستای وڵاتەكەی پشتیوانییە لەخەڵك و خۆپیشاندەرانی ئێران كەدژی دەسەڵاتەكەیان و لەپێناو مافەكانیان تێدەكۆشن و ئامانجی واشنتۆن چالاك كردنەوەی رێككەوتنی ئەتۆمیی نیە.
زیاتر لە 42 ساڵە سزای نێودەوڵەتیی لەسەر ئێران هەیەو ئەو سزایانەش لەدوای ساڵی 2018 بەكشانەوەی ئەمریكا لەڕێككەوتنی ئەتۆمیی زۆر زیاتری كردووەو كەڵەكەبوونی قەیرانە ئابوریی و سیاسییەكان دانیشتوانی وڵاتەكەی خستووەتە بەردەم دوو بژاردەی ناڕەزایەتی و برسێتی.
مانگێك زیاترە شەقام و كۆڵانەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان و ئێران ئارامیی بەخۆیەوە نەبینیوەو حكومەتیش دەیەوێت بەبەڵێنی زیادكردنی موچەو گەڕانەوە بۆ رێككەوتنی ئەتۆمیی كەف و كوڵی ئەو خۆپیشاندانانە دامركێنێتەوە، بەڵام كورد وتەنی لەهەموو كاتێك زیاتر هەست بەوە دەكرێت كەدەسەڵاتی ئێران دەستی لەبنی هەمانە دەرچووەو چیتر خەڵكی ناڕازیی بەبەڵێنی موچەو رێككەوتنی ئەتۆمیی رازیی نابێت، چونكە تینوی ئازادییە.
 
دەسەڵات دۆخی خراپی ئابوریی بۆ ناشاردرێتەوە
ئیحسان خاندوزی، وەزیری دارایی و ئابوریی ئێران  دوو هەفتە دوای سەرهەڵدانی ناڕەزایەتییەكان دانی بەوەدانا كەدانیشتوانی وڵاتەكەی لە 10 ساڵی رابردوو كەمترین پشكیان لەداهاتی گشتیی هەبووە و لەو ماوەیەشدا بەردەوام بەش و پشكیان زۆر زیاتر دابەزیوە.
لەدوایین ئامارەكانی ناوەندی ئاماری كۆماری ئیسلامی ئێران كە لەسەر پاشەكەوتی دارایی لەسەرتاسەری ئەو وڵاتە بڵاویكردووەتەوە، دانیشتوانی یەزد بەپاشەكەوتی 44 ملیۆن تمەن لەساڵێكدا كەدەكاتە نزیكەی هەزارو 300 دۆلار بەبەراورد بەئاستی شوێنەكانی دیكە زیاترین پاشكەوتیان بووە.
بەپێی ئەو ئامارانە، خەڵكی پارێزگاكانی سنەو كرماشان لەڕۆژهەڵاتی كوردستان و سیستان و بەلوچستان لەباشوری رۆژهەڵاتی ئێران كەمترین پاشەكەوتیان بەراورد بەسەرجەم شوێنەكانی دیكەی هەبووە كە دەكاتە ساڵانە پێنج ملیۆن تمەن كە بەدۆلار دەبێتە (147) دۆلار، بەزمانێكی دیكە توانای پاشەكەوتی دانیشتوانی ئەو سێ پارێزگایە لەساڵێكدا تەنها ئەو بڕە دۆلارە دەستنیشانكراوەیە كە رەنگە 25 كیلۆ گۆشتی لەساڵێكدا پێ بكڕدرێت.
ئەوەی مایەی سەرنجە زیاترین خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیی لەو ناوچانەش روودەدات كە بەپێی ئامارەكانی حكومەتیش ئاستی پاشەكەوتی ماددی و دارایی تێیاندا زۆر كەمەو دەكرێت بوترێت ئاستی هەوڵدان بۆ ئازادیی و ناڕەزایەتیی لەو ناوچانە زیاترە كە لەهەموان زیاتر گیرۆدەی هەژاریی و پەیداكردنی نانن.
 
ئێران و سوریا خەونی هاوبەش
لەئامارە نێودەوڵەتییەكاندا دەركەوتووە هەر هاووڵاتییەكی سوریا پێویستە موچە یان داهاتی 88 ساڵی خۆی كۆبكاتەوە بۆ ئەوەی بتوانێت لەو وڵاتەدا كە نزیكەی 12 ساڵە جەنگە، خانوویەك بكڕێت كە رەنگە خۆی نەتوانێت تێیدا بحەوێتەوەو دەبێت بەمیرات جێیبهێڵێت.
ئێرانیش لەكۆی 113 وڵاتی جیهان لە رووی كڕینی خانووەوە دەكەوێتە ریزبەندی 96، واتە یەكێك لەو وڵاتانەی لە رووی ئاسانكاریی بۆ كڕینی خانوو دەكەوێتە ریزبەندیی دوایین وڵاتانی سەر گۆی زەوی و هاوكات دەكەوێتە ریزبەندی 10 وڵاتی یەكەمەوە كە بەراورد بەداهاتی تاك زیاترین نرخی زەوی و خانووی تێدا تۆماركراوە، بەگشتی لەبەراوردەكاندا دەركەوتووە داهاتی زۆربەی دانیشتوانی ئەو وڵاتە پێویستی بەپاشكەوتی زیاتر لە 60 ساڵ هەیە بۆ ئەوەی بتوانێت خانوویەك یان شوقەیەكی 90 مەتریی بكڕێت.
بەپێی ستانداردە جیهانییەكان هەر خێزانێكی چوار كەسی دەبێت بەپاشكەوتی پێنج بۆ 15 ساڵ بتوانن ببنە خاوەنی خانوی خۆیان، بەڵام لەئێران و سوریا خەونێكی قورسە بۆ بەدەستهێنانی خانوو دەست بەپاشەكەوتی ماددی بكەیت لەكاتێكدا سوریا 12 ساڵە لەجەنگدایەو ئێرانیش لەدوای ساڵی 1988و جەنگی هەشت ساڵە لەگەڵ رژێمی بەعسی عێراق هیچ جەنگێكی دیكەی بەخۆیەوە نەبینیوە.
 
خەونی كڕینی خراپترین ئۆتۆمبێل
لەئێران كڕینی خراپترین ئۆتۆمبێلیش خەونێكی گەورەیە بۆ نموونە ئۆتۆمبێلی پراید (سایپا) كە لە رووی كوالێتی و تۆكمەییەوە بەخراپترین ئۆتۆمبێلی وڵاتەكەو تەنانەت رۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش لەقەڵەم دەدرێت و لەئێران بەتوانجەوە پێی دەوترێت «بكوژ» نرخەكەی دەگاتە شەش هەزارو 200 دۆلار.
بەپێی ئەو تووێژینەوە ئابوریانەی كەكراوە هەر هاووڵاتییەكی ئەو وڵاتە یان موچەخۆر یان كاسبێك ئەگەر داهاتی مانگانەی بگاتە 200 دۆلار دەبێت 31 مانگ سەرجەم داهاتەكەی پاشەكەوت بكات تا بتوانێ ئۆتۆمبێلێكی پراید بكڕێت و چارەنووس و ژیانیشی بخاتە مەترسییەوە.
ئەوە لەكاتێكدایە لەئەڵمانیا بەپاشەكەوتی سەرجەم موچەی پێنج مانگ دەتوانرێت ئۆتۆمبێلێكی گونجاو لەسەرووی 10 هەزار دۆلار بكڕدرێت كە تائاستێكی باش ژیانت تێیدا پارێزراوە، لەبەلجیكا بەپاشەكەوتی 11 مانگ دەتوانریت ئۆتۆمبێلێكی 22 هەزار دۆلاری بكڕدرێت و لەئەمریكا بە 13 مانگ ئۆتۆمبێلێكی 17 هەزار دۆلاریی.
ئەوەی جێگەی سەرنجە موچەی مامۆستایەك لەئێران دەگاتە پێنج ملیۆن و 200 هەزار تمەن كەناكاتە 200 دۆلار، بۆیە پرایدی بكوژ بۆ زۆربەی موچەخۆرانیش بووەتە خەونێكی ئاستەم لەو وڵاتە.
 
ئەمریكا ئاوی پاك دەكات بەدەستی ئێراندا
زیاتر لەیەك ساڵ و نیوە دوو كابینەی حكومەت لەئێران هەوڵی ئەوەیاندا كە چالاككردنەوەی رێككەوتنی ئەتۆمیی وەك خاڵێكی بەهێزی خۆیان بەخەڵكی وڵاتەكە پیشانبدەن و هیوایان لەسەر ئەوە هەڵچنیبوو بەو رێككەوتنە دۆخی ئابوریی بەرەو باشی بەرن، بەڵام رۆژی دووشەممە (17/10/2022) واشنتۆن بەلێدوانێكی فەرمی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا هەموو ریسەكانی لەدەسەڵاتی تاران كردەوە بەخوری و رایگەیاند؛ لەماوەی دەستپێكردنی خۆپیشاندانەكانی ئەو وڵاتەوە هیچ داواكارییەكمان بۆ دانوستان لەسەر گەڕانەوە بۆ رێككەوتنی ئەتۆمیی ئاڕاستەی ئێران نەكردووە .
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا بەفەرمی رایگەیاندووە؛ كاری سەرەكیی ئێستای ئەو وڵاتە پشتیوانییە لەخەڵك و خۆپیشاندەرانی ئێران كەدژی دەسەڵاتەكەیان و لەپێناو مافەكانیان تێدەكۆشن، بۆیە ئامانجی واشنتۆن چیتر چالاككردنەوەی رێككەوتنی ئەتۆمیی نێوان ئێران و وڵاتانی (5+1) نییە.
لێدوانەكەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا دوای ئەوەهات كە حسێن ئەمیر عەبدوڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران رۆژی یەكشەممە (16/10/2022) رایگەیاندبوو ئەمریكا زۆر پەلەیەتی بۆ كاراكردنەوەی رێككەوتنی ئەتۆمیی و هەوڵی رازیكردنی تاران دەدات بەداواكارییەكانی.
ئەوەی جێگای سەرنجە پێش سەرهەڵدانی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەكان بۆ مەرگی ژینا ئەمینی، ئێران بەنێوەندگیری قەتەر داوای كردبو لەچوارچێوەی گەڕانەوەی بۆ رێككەوتنی ئەتۆمیی لانیكەم 100 ملیۆن بەرمیل نەوتی كۆگاكراوی خۆی لەماوەی سێ مانگدا لەبازاڕەكاندا بفرۆشێت، بەڵام ئەمریكا تەنها بە فرۆشی 50 ملیۆن بەرمیل رازیی ببوو، بەڵام تاران بەوە ناڕازیی بوو بەهیوای ئەوەی بتوانێت واشنتۆن رازیی بكات و بەهیچ شێوەیەك چاوەڕێی سەرهەڵدانی شۆڕشی ژینای لەوڵاتەكە نەدەكرد.
 
پاشەكشێی ئێران لەپێوەرە نێودەوڵەتییەكان
سندوقی دراوی نێودەوڵەتی لە (9/10/2022) پێشبینی خۆی لەسەر ئابوریی ئێران بڵاوكردەوە، كە بەپێی پێشبینییەكە گەشەی ئابوریی وڵاتەكە لەساڵی داهاتوودا دابەزین بەخۆیەوە دەبینێت و بێكاریش بەرزدەبێتەوە، بەڵام هەڵاوسان وەك خۆی دەمێنێتەوە.
بەپێی پێشبینییەكە، گەشەی ئابوریی ئێران كە لەساڵی 2022 نزیكەی 3%بووە بۆ 2% لەساڵی داهاتوودا دابەزین بەخۆیەوە دەبینێت و رێژەی بێكاری لە 9.4% بۆ 9.6% بەرز دەبێتەوەو هەڵاوسانی ئابوریش لە 40%دا دەمێنێتەوە.
 
موچەی مامۆستا وەك بارمتە
ئەگەرچی زیاتر لەسێ مانگە مامۆستایانی سەرتاسەری رۆژهەڵاتی كوردستان و ئێران لەدۆخی خۆیان ناڕازین، بەڵام لەگەڵ سەرهەڵدانی ناڕەزایەتییەكان بەڵێن بەمامۆستایان درا كە لانیكەم موچەی هەر مامۆستایەك بڕی دوو ملیۆن و (300) هەزار تمەنی بۆ زیادبكرێت، كە ئەوەش تائێستا سێ جار لەلایەن پەرلەمانی ئێرانەوە دواخراوە.
لەئامارەكانی حكومەتدا هاتووە 26 هەزار مامۆستا چاوەڕێی ئەوە دەكەن پلەكانیان بەرز بكرێتەوەو ئەو بڕە پارەیەی ئاماژەی پێكراوە بەموچەكانیان زیاد بكرێت بۆ ئەوەی موچەكانیان بگاتە حەوت ملیۆن و (728) هەزار تمەن كەدەكاتە (227) دۆلار.
تەنها دوای 15 رۆژ لەخۆپیشاندانەكان لەكاردانەوەی مەرگی ژینا، میدیاكان و بەرپرسانی حكومەت بەڵێنیانداوە كە موچەی سەرجەم كارمەندانی حكومەت بەڕێژەی 20% بەرزبكەنەوە كەئەوەش هاوشێوەی بەرزبوونەوەی موچەی مامۆستایان، لەپەرلەمانی ئێران دەستی بەدەستی پێدەكرێت.
لەئێستادا كرێكارێكی ئاسایی ئەگەر 30 رۆژ لەمانگێكدا كاربكات نزیكەی شەش ملیۆن تمەنی دەستدەكەوێت كەدەكاتە (176) دۆلار لەكاتێكدا هێڵی هەژاریی لەئێران بە 18 ملیۆن تمەن واتە (529) دۆلار دەستنیشان كراوە، بۆیە هەر خێزانێكی چوار كەسی ئەگەر داهاتیان لەو بڕە كەمتر بێت بەهەژار لەقەڵەمدەدرێن.
 
لەهەژارییەوە بۆ نەداریی
حكومەتی ئێران ئامارێكی جیاوازتری بڵاوكردووەتەوەو رایگەیاندووە هێڵی هەژاریی بۆ خێزانێكی سێ كەسی لە تاران 12 ملیۆن تمەن، واتە ئەگەر داهاتی ئەو خێزانە لە (352) دۆلار كەمتر بێت لەژێر هێڵی هەژارییەوە دەژین و لەشوێنەكانی دیكەی ئێرانیش هەر خێزانێكی سێ كەسی ئەگەر لەهەشت ملیۆن و 979 هەزار واتە (264) دۆلار كەمتری هەبێت، دەكەوێتە ژێڕ هێڵی هەژارییەوە.
ئەوەی روونە موچەو داهاتی مانگانەی هیچ مامۆستاو كرێكارو كارمەندێك لەو وڵاتە هەشت ملیۆن تێناپەڕێنێت، بۆیە لەتارانەوە تاهەموو شارەكانی دیكەی ئەو وڵاتە زۆرینەی چینی كرێكارو موچەخۆر بەخوار هێڵی هەژاریی ئەژمار دەكرێن.
ئامارەكەی حكومەت پێوەری خێزانی بەسێ كەس داناوە، بەڵام ئامارێكی دیكە كەحكومەتیش حاشای لێناكات ژمارەی ئەندامانی خێزانی بەچوار كەس پێوانە كردووە، بۆیە ئەگەر هەر خێزانێكی چوار كەسی لەئێران داهاتی نەگاتە (529) ملیۆن دۆلار دەكەوێتە ژێر هێڵی هەژارییەوە لەكاتێكدا داهاتی زۆرینەی خێزانەكان لەژێر (264) دۆلارەوەیە، واتە نزیكەی نیوەی پێوەری هەژاریی كە رەنگە ناوی بنرێت نەداریی.
ژمارەی كۆی دانیشتوانی ئێران دەگاتە نزیكەی 85 ملیۆن كەس و بەپێی ئامارەكان 65 ملیۆن كەس لەچوارچێوەی خێزاندا داهاتیان لەخوار هێڵی هەژاریەوەیەو دەسەڵاتیش حاشای لەوەنەكردووە كە 70 ملیۆن كەس لەدانیشتوانی وڵاتەكە پێویستیان بەهاوكاریی داراییە.
 
برسێتی یان مەرگ بۆ ئازدی
لە 16ی مانگی رابردوەوە 30 پارێزگا لەكۆی 31 پارێزگای سەرتاسەری جوگرافیای ئێران خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیی بەخۆیەوە بینیوەو لەماوەی 38 رۆژ ناڕەزایەتیشدا زیاتر لە 260 كەس كوژراون وەك ژمارەیەك لەشارەزای سیاسی و كۆمەڵایەتیی ئاماژەی پێدەكەن دەسەڵاتی ئێران بۆ ئەوەی حاشا لەكوشتنی یەك كەس بكات دەیان كەسی دیكە دەكوژێت، واتە پاشەكشێ لەلایەن ئەو دەسەڵاتەوە بەدیناكرێت، بۆیە بەلێكدانەوەیەك و شیكردنەوەیەكی ئاسایی بۆ ئەو دۆخە خەڵك و دانیشتوانی ئەو جوگرافیایە بەهەموو رەنگ و نەتەوەو ئاینە جیاوازەكانەوە یان دەبێت لەسایەی هەژاریی و نەدارییەوە بژین و بێدەنگ بن یان دەبێت لەپێناو سەربەستیدا ئامادەی گیانبەختكردن بن.
دانیشتوانی ئەو وڵاتە لەهەموو كاتێك زیاتر كەوتوونەتە نێوان دوو بژاردەی سەربەستی یان برسێتیی لەكاتێكدا ئێران لەڕووی سەرچاوەی مرۆیی و سروشتییەوە بە یەكێك لەوڵاتە دەوڵەمەندەكانی جیهان ئەژماردەكرێت.

 


 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار