لهڕۆژنامهی (هاوڵاتی)ییهوه...كابینەكەی سوودانی لەبەردەم چەندین ئاڵنگاریدایە
2 ساڵ لەمەوپێش
هێمن مەحموود
دواجار حكومەتەكەی محەممەد شیاع سوودانی دوای ساڵێك لەململانێ راگەیەندراو هەر حزب و لایەنێك بەشدار لەدرووستكردنی ئەو حكومەتەدا پشكی خۆی بردو كابینەكە دەستی بەكارە دەستوورییەكانی خۆی كرد كە بەر لەدەستكردن بەكارەكانی هەر لەڕێگاوە چەندەها دۆسیەو تەنگژەی سیاسی و یاسایی لەبەردەمیدا قووتبوونەتەوەو دەبێت رووبەڕوویان بێتەوەو چارەسەریان بۆ بدۆزێتەوە.
هەرچەندە لەبەرنامەی كابینەكەیدا سودانی باسی لەبەجێگەیاندنی چەندین بەڵێن كرد لەكەرتە ژیانییەكانی وەك كارەباو هەلی كارو گەشەی ئابووری و چاكسازی و ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەخت و هەمواركردنەوەی یاسای هەڵبژاردن و چاكسازی لەبواری نەوت و پەیوەندییەكانی هەرێم و بەغداو چەندین بواری دیكە، بەڵام پێناچێت هەروا بەئاسانی بتوانێت بەڵێنەكانی بەدیبهێنێت ئەگەر بێت و پشتگیری لایەنە سیاسییەكان و ئارامییەكی سیاسی نەبێت (ئەمەش بەهۆی رەوتی سەدرەوە تاڕادەیەك ئەستەمە). عائید هیلالی سەركردە لەچوارچێوەی هەماهەنگی بڕوای وایە سەركەوتنی سوودانی لەكارنامەیەكدا پەیوەستە بە یەكگرتووی هەمووان لەپشتییەوە و بۆ ئەمەش چەند نمونەیەك دەهێنێتەوە.
مەلەفی ئەمنی پێویستی بەگەشەپێدان و پشتگیریكردنی پلانەكانی ئێستا هەیە، پێویستی بەهاوكاری و پشتگیری لایەنە سیاسییەكان هەیە و دەبێت پابەندی رێككەوتننەكان بن، مەلەفی ئابووری پێویستی بە پشتگیری هەیەو دەبێت داهاتی زۆر و جۆراوجۆر بكات،
جیا لەهەموو ئەو مەلەفانە، كابینەكەی سوودانی چەندین ئاڵنگاری یاسایی دیكەی لەبەردەمدایە كە چەندین ساڵە نەتوانراوە جێبەجێبكرێت بەڵام سوودانی لەبەرنامە وەزارییەكەیدا بڕیاری داوە بەسەریاندا زاڵبێت و تێیان بپەڕێنێت، بۆ نمونە سوودانی بڕیاری داوە لەماوەی شەش مانگدا یاسای ئەنجومەنی فیدراڵی و دادگای فیدراڵی دەربكات و لەماوەی سێ مانگیشدا هەمواری یاسای هەڵبژاردن بكات و لەماوەی ساڵێكیشدا هەڵبژاردن ئەنجامبدات.
هاوكات لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا بابەتی ئامادەكردنی یاسای بودجەی ٢٠٢٣ لەكاتێكدا كەوا كەمتر لە دوو مانگی لەبەردەمدا ماوە، یەكێكی ترە لەو گرفتانەی دەبێت چارەسەر بكات، ئەمە لەكاتێكدا كە پارەیەكی زۆر و یەدەگێكی دارایی زەبەلاحی لەبەردەستدایە كە تاكۆتایی ساڵ نزیكدەبێتەوە لە ١٠٠ ملیار دۆلار.
یەكێكی تر لەو مەلەفانە هەبوونی چەكە لەدەرەوەی یاساو چۆنییەتی رووبەڕووبوونەوەی گرووپە چەكداریی و میلیشیاییەكانە كە زۆربەیان لەناو حكومەتەكەی سوودانی دا پۆستیان هەیەو نزیكن لەئێرانەوە، هاوكات مەلەفی گەڕانەوەی ئاوارەكان و ئاشكراكردنی بكوژانی خۆپیشاندەرەكان.
سەرەڕای هەموو ئەمانەش یەكێكی تر لەو مەلەفە ئاڵۆزو چارەسەرنەكراوانەی كە چەندین ساڵە هەیەو نەتوانراوە چارەسەربكرێت، یاسای نەوت و غاز و بابەتی هەناردەكردنی نەوتی هەرێم و گرفت و ناكۆكییەكانی نێوان حكومەتی ناوەندو هەرێمی كوردستانە، كە تائێستا بەچارەسەرنەكراوی ماوەتەوە، تەنانەت پێش دەستبەكاربوونی سوودانیش ئەوە بڵاوكرایەوە كە ناوبراو لەكاتی بینینی مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی بەڵێنی ئەوەی بەبارزانی داوە هەركاتێك بوو بەسەرۆك وەزیران كێشەی نێوان هەرێم و بەغداو بابەتی بڕیارەكانی دادگای فیدراڵی چارەسەر بكات.
لەلایەكی ترەوە وەك یەكەم هەنگاو بۆ جێبەجێكردنی كارنامەی حكومەتەكەی، وەزارەتی دارایی عێراق رایگەیاندووە دەستیكردووە بەئامادەكردنی رەشنوسی پرۆژە یاسای بودجەی ساڵی ٢٠٢٣ و هەوڵەكانی لەوبوارەدا دەستپێكردووە. ئەمە لەكاتێكدایە محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆكوەزیران مۆڵەتی یەك هەفتەی داوەتە وەزیرانی كابینەی حكومەتەكەی بۆ ئەوەی فۆرمی ئاشكراكردنی سامانەكانیان پڕبكەنەوەو رادەستی دەستەی دەستپاكیی عێراقی بكەن.
لەبواری رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵیشدا سوودانی رایگەیاندووە كە هیچ هێڵێكی سوریان نیە لەبەردەم هەر دۆسییەیەكی گەندەڵی پەیوەست بەهەر كەس و لایەنێكی سیاسی و حكومەت هەموو پشتیوانییەكی دەستەی دەستپاكی دەكات، چ لەئاستی رێوشوێنەكانی جێبەجێكردن بێت یاخود لایەنی یاسادانان، لە رێگەی پێشكەشكردنی پرۆژەیاسا بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی كەببێتە مایەی داخستنی دەروازەكانی، ئەوەشی دووپاتكردۆتەوە كەوا یەكەم پێوەریان بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ حكومەتی وڵاتان بریتییە لە رادەی هەماهەنگیكردن لەگەڵ عێراق بۆ رادەستكردنی تۆمەتبارانی دۆسیەی گەندەڵی و گێڕانەوەی پارە براوەكان.
هاوكات وابڕیارە هەفتەی داهاتوو یەكەم كۆبوونەوە لەشاری بەغدا بۆ هەمواركردنەوەی یاسای هەڵبژاردن بەڕێوەبچێت كەوا پێویستە پەرلەمان دەستكاری ئەم یاسایە بكات كە ئێستا لەئارادایەو چوارچێوەی هەماهەنگی بەهۆكاری شكستەكانی خۆیانی دەزانن لەهەڵبژاردنەكانی رابووردوودا، بەڵام ئەمە لەلایەن رەوتی سەدرەوە رەتدەكرێتەوە و نایانەوێت بگەڕێنەوە بۆ یاسا كۆنەكەو شێوازە كۆنەكەی هەڵبژاردن.
بەڵام بەپێی بڕوای بەشێك لەچاودێرانی سیاسی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە لەماوەی ساڵێكدا هەر بەتەنیا لەئەستۆی حكومەت نییە، بەڵكو ئەركەكە دەكەوێتە سەر پەرلەمانیش، چونكە پێویستی بەهەمواركردنەوەی یاسای هەڵبژاردن هەیە كە دادگای فیدڕاڵی بڕیاری لەسەر ئەوەداوە، ئینجا هەبوونی ئارەزوویەكی حكومی و سیاسی بۆ ئەو مەبەستە كە ئەمەش پێویستی بەتەوافوقی سیاسی هەیە و كاتێكی زۆری پێویستە، هاوكات تەرخانكردنی پارەو گۆڕانكاری لەكۆمیسیۆنیش كاتێكی زیاتریان دەوێت، هەربۆیە پێناچێت لەماوەی ساڵێكدا ئەوە ئەنجامبدرێت.
هەژاری و بێكاریش یەكێكی ترە لەو مەلەفانەی رووبەڕووی كابینەكەی سوودانی بووەتەوە، كە بەپێی نوێترین راپۆرتی رێكخراوی ناوەندی ستراتیژی مافەكانی مرۆفی عێراق رێژەی هەژاری هاوشانی رێژەی بێكاری لەوڵاتدا زۆر بەرزبووەتەوە.
بەپێی ئامارەكە رێژەی هەژاری نزیكبووەتەوە لەسەدا ٢٥ی دانیشتوان، واتە نزیكەی نۆ ملیۆن هاوڵاتی عێراقی، هاوكات رێژەی بێكاریش گەیشتۆتە نزیكەی لەسەدا ١٤ واتە نزیكەی چوار ملیۆن بێكار ئەمەش بەهۆی بەرزكردنەوەی نرخی دۆلارو پاڵپشتی نەكردنی كەرتی پیشەسازی و كشتوكاڵی و پشتبەستن بەهاوردەكردنەوە درووستبووە.