ئاگادارییەکی گرنگ بۆ دەرچوانی دوانزەی ئامادەیی
3 ساڵ لەمەوپێش
نزیکەی ١٣٠٠ دەرچوی دیکەی دوانزەی ئامادەیی ناویان لە زانکۆ و پەیمانگەکان گەڕایەوە
وەزارەتی خوێندنی باڵا لە ڕاگەیەندراوێکدا ڕایگەیاند ژمارەیەک لە دەرچوانی پۆلی دوانزەی ئامادەی کە پێشتر لە ئەنجامەکانیان نوسرابو (وردبینی دەکرێت)، لەلایەن وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی ناویان گەڕایەوەو لە ئێستادا دەتوانن شوێنی وەرگرتنیان لە زانکۆ و پەیمانگەکان بەپێی کۆنمرەکانیان وەربگرنەوە.
د. خەتاب ئەحمەد مستەفا بەڕێوەبەری گشتی خوێندن و پلاندانان و بەدواداچون لە وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی لە لێدوانێکدا ڕایگەیاند: ئەو دەرچوانەی پۆلی دوانزەی ئامادەیی کە پێشتر لە ئەنجامەکانیان نوسرابو وردبینی دەکرێت، لە ئێستادا بەپێی کۆنمرەکانیان ناویان لە زانکۆ و پەیمانگەکانی هەرێمی کوردستان گەڕاوەتەوە و دەتوانن لە وێبسایتی regayzanko.com لە شوێنی وەرگرتنیان دڵنیا ببنەوە کە ژمارەیان نزیکەی (١٣٠٠) وەرگیراوە.
هەروەک وتیشی: داوا لەو دەرچوانە دەکەین لە هەفتەی داهاتودا پەیوەندی بکەن بەو کۆلێژو بەشانەی کە ناویان لێی گەڕاوەتەوە، بۆ ئەوەی مامەڵەی خۆتۆمارکردن ئەنجام بدەن. بەڕێوەبەری گشتی خوێندن و پلاندانان و بەدواداچون وتیشی: لە ئایندەیەکی نزیکدا ناوی ئەو دەرچوانەش ڕادەگەیەنرێت کە لە ڕێگەی فۆڕمی ڕاستەوخۆ داواکارییان پێشکەش کردبو بۆ وەرگرتنیان لەو کۆلێژ و بەشانەی کورسی بەتاڵیان ماوەتەوە.
وتیشی: تایبەت بە دەرچوانی خوێندنگە کوردییەکانی ناوچە دابڕاوەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان بەهەمان شێوە ناویان لە زانکۆ و پەیمانگەکانی هەرێمی کوردستان هاوشێوەی خوێندکاران و قوتابیانی هەرێمی کوردستان دەگەڕێتەوە.
