له‌ڕۆژنامه‌ی (هاوڵاتی)ییه‌وه‌.. بەپێی پلانی حكومەت تا 5 ساڵی‌تر دەستكاری نرخی دینار ناكرێت

2 ساڵ لەمەوپێش



ڕاپۆرت: هێمن مه‌حموود

نزیكەی مانگێكە بازاڕەكانی عێراق بەگشتی و بازاڕەكانی دراو بەشێوەیەكی تایبەتی جۆرە نائارامی و شڵەژانێكیان بەخۆیانەوە بینیوە، ئەویش بەهۆی بەرزونزمی نرخی دینار لەبەرامبەر دۆلاری ئەمریكییدا كەنرخە فەرمییەكەی لەلای بانكی ناوەندی بۆ هەر ١٠٠ دۆلارێك ١٤٦ هەزار دینارە، بەڵام لەبازاڕدا نرخی هەر ١٠٠ دۆلارێك تا ١٤٥ هەزار دینار دابەزیوە، ئەویش لەسەروبەندی ئەو دەنگۆیانەی كە باس لەوەدەكەن گوایە حكومەتی عێراق بەنیازی بەرزكردنەوەی بەهای دینارە لەبەرامبەر دۆلاردا بۆ هەمان نرخی پێشوو كەهەر ١٠٠ دۆلارێك ١١٨ هەزار دیناربوو، هەربۆیە بازرگانان دۆلارێكی زۆریان خستووەتە بازاڕەوەو بەمشێوەیە نرخی دۆلار بەرامبەر دینار كەمتر بووەتەوە.
لەتازەترین هەنگاویشدا بۆ هاوسەنگ راگرتنی نرخی دۆلارو دینار بەو مەبەستەی كەخۆی دەیەوێت، بانكی ناوەندی ئەم هەفتەیە كەمترین بڕە دۆلاری رۆژانەی خستە بازاڕەوە بەشێوەیەك كە لەماوەی دوو ساڵی رابووردوودا ئەمە یەكەمین جارە ئەم بڕە پارەیە بەكەمی دەخاتە بازاڕەوە.
رۆژی یەكشەممە بڕی ١٢٦ ملیۆن و ٩١٢ هەزار دۆلار، رۆژی دووشەممە بڕی تەنیا ٧٣ ملیۆن و ٥٣٧هەزار و ٥٨٢ دۆلار و رۆژی سێشەممە ٨٦ ملیۆن و ٤١٠ هەزار دۆلاری بەنرخی ١٤٦٠ دینار بۆ هەر دۆلارێك خستە بازاڕەوە كە بڕە پارەی رۆژی دووشەممە كەمترین بڕی رۆژانەیە لەدوو ساڵی رابووردوودا كە خستبێتیە بازاڕەوە.
هەرچەندە یەكێك لەهۆكارەكانی ئەم یاریكردنەی نرخی دینارو دۆلار لێدوانی سیاسییەكان بوو كەپێش هەڵبژاردنەكان باسیان لەوەدەكرد ئەگەر بێنە دەسەڵات نرخی دینار وەك خۆی لێدەكەنەوە، بەڵام دواتر لەبەڵێنەكانیان پەشیمانبوونەوەو رایانگەیاند دەستكاریكردنی نرخی دینار لەدەسەڵاتی بانكی ناوەندیدایە.
هەر بۆ نموونە محەممەد شیاع سودانی پێشتر رایگەیاندبوو دەستكاری نرخی دینار دەكات، بەڵام كاتێك بوو بەسەرۆكوەزیران رایگەیاند كە گۆڕانكاری لەنرخی دیناردا لەدەسەڵاتی ئەودا نیەو لەدەسەڵاتی بانكی ناوەندیدایەو حكومەتیش پەیوەستە بەسیاسەتەكانی بانكی ناوەندییەوە، كەچی لەو نێوەندەدا تویتەكەی نوری مالیكی سەرۆكی هاوپەیمانێتی دەوڵەتی یاسا كەداوایكردبوو نرخی هەر دۆلارێك لەبری ١٤٥٠ دینار كەمبكرێتەوە بۆ ١٣٧٥ دینار، جارێكی تر ئاڵۆزی خستەوە بازاڕەكان.
بانكی ناوەندی عێراقیش هاوشانی كەمكردنەوەی خستنەڕووی رۆژانەی دۆلار، لەڕاگەیەندراوەكانیشدا جەختی لەوەكردووەتەوە كە لەبەرنامەیاندا نیە بەمنزیكانە نرخی دینار لەبەرامبەر دۆلاردا بەرزبكەنەوەو هەر یاریكردنێكیش بەنرخ دەرئەنجامی كوشندەی بۆ ئابووری وڵات دەبێت.
ساڵی ٢٠٢٠ بانكی ناوەندی لەهەنگاوێكدا بۆ قەرەبووكردنەوەی داهاتی نەوت كە بەهۆی نزمی نرخەكەیەوە لەبودجەدا كورتهێنانی درووستكردبوو، نرخی هەر دۆلارێكی بۆ ١٤٦٠ دینار بەرزكردەوە لەكاتێكدا كە نرخە فەرمییەكەی ١١٨٢ دیناربوو، بەمەش داهاتێكی زۆری بۆ بودجە دەستەبەركردو لەئێستاشدا بەهۆی ئەو سیاسەتەو بەرزی نرخی نەوتەوە چاوەڕواندەكرێت تا كۆتایی ئەمساڵ یەدەگی نەختینەیی عێراق بگاتە ١٠٠ ملیار دۆلار.
بەپێی یاسای ٢٠٠٤ی بانكی ناوەندیش دەسەڵاتی دیاریكردنی نرخ و سیاسەتی نەختینەیی تەنیا لەدەسەڵاتی بانكی ناوەندیدایەو كەس ناتوانێت دەستوەردان لەدەسەڵاتەكانیاندا بكات، هەربۆیە بەبڕوای چاودێرانی دۆخی ئابووری جارێكی تر قورسە دەستكاریكردنی نرخی دینارو دۆلار، بەتایبەت لەكاتێكدا بەپێی ئەو پلانە داراییەی كە بە (لاپەڕەی سپی) ناسراوەو وەزیری دارایی پێشوی عێراق لەسەردەمی كابینەكەی كازمیدا پێشكەشیكردووە نرخی دینار لەسێ ساڵ تا پێنج ساڵی دیكە هەر بەوجۆرە دەبێت كەدیاریكراوە.
هاوكات هەندێك لەسیاسییەكانیش باس لەوەدەكەن لەپرۆژەی بودجەی ساڵی ٢٠٢٣ دەستكاری نرخی دینار دەكرێت، بەڵام وەزارەتی دارایی رەتیكردووەتەوەو بەبڕوای ئابووریناسانیش هەر دەستكاریكردنێكی بێ بەرنامەی نرخ دەبێتە هۆی ئەوەی ئابووری عێراق نزیكەی ٥٢ ترلیۆن دینار زیان بكات و ناسەقامگیری دارایی درووستبكات.
هەموو ئەمانە لەكاتێكدایە بانكەكە رایگەیاندووە كە بەهۆی دابەزینی نرخی دینارەوە لەبەرامبەر دۆلار بەنیازە دراوی جۆری ٢٠ هەزاری دەربكات، هاوكات لەنوێترین هەنگاویشدا بۆ رێكخستنەوەی بازاڕی ئاڵوگۆڕی دراو، بانكەكە مامەڵە لەگەڵ چوار بانكی ئیسلامیدا راگرت و رایگەیاندووە وردبینی بۆ كارەكانیان دەكات و دۆلاریان پێنافرۆشێت، دەربارەی لابردنی سفرەكانیش بانكەكە رایگەیاندووە ئەوە پێویستی بەیاسا هەیەو كەشێكی گونجاوی ئابووری تا ئەو گۆڕانكارییەكانە هەزمبكرێت.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار