ئەمریكا بەوریاییو گومانەوە لەسیاسەتەكانی سودانی دەڕوانێت
2 ساڵ لەمەوپێش
ڕاپۆرت: هێمن مەحموود
كوشتنی (ستیفن ترۆل)ی هاوڵاتی ئەمریكی لەناوەڕاستی شاری بەغدا لەهەفتەی رابووردوودا جارێكی تر ئەو پرسیارەی لای چاودێرانی دۆخی سیاسی عێراق زیندووكردەوە كە ئایا كابینەكەی (محەممەد شیاع سوودانی) لەبەڕێوەبردنی حكومەتی عێراقیدا هاوشێوەی كابینەكانی پێشووی خۆی دەكەوێتە ژێر هەژموونی گرووپە میلیشیاییەكانی سەر بەئێرانەوە یاخود سنورێكیان بۆ دادەنێت، ئەمریكا زۆر بەوریایی و گومانەوە لەسیاسەتەكانی سوودانی دەڕوانێت، بەڵام دەرگاشی دانەخستووە بۆ هەنگاونان بۆ هەبوونی بەهێزكردنی زیاتری متمانە بەسوودانی.
هەرچەندە دوابەدوای هێرشەكەو كوژرانی هاووڵاتییە ئەمریكییەكە گروپێكی شیعە بەناوی (ئەهل كەهف) كوشتنەكەیان لەئەستۆگرت و سوودانی سەرۆك وەزیرانیش فەرمانیكرد كە لێكۆڵینەوەیەكی خێرا دەستپێبكرێت و بەڵێنیشیدا كە وردەكاری و هۆكاری كوژرانەكەو بكوژانی بەزوویی ئاشكرابكات و ئاماژەی بەوەشكرد كەساتەوەختی تاوانەكە چەندین پرسیاری سەرسوڕمان لەخۆدەگرێت بەتایبەت ئەو كەسە لەساڵی ٢٠٢١ەوە لەعێراقدایە، بەڵام تاوەكو ئێستا هیچ ئەنجامی لێكۆڵینەوەیەك لەسەر ئەو رووداوی كوشتنە ئاشكرا نەكراوە.
میلیشیای (ئەهلی كەهف) كە میلیشایەكی زۆر ناسراو نییەو لەساڵی ٢٠١٩ یەكەم چالاكی خۆی بڵاوكردۆتەوە، رایگەیاندووە كوشتنی ئەمریكییەكە لەتۆڵەی كوژرانی (قاسم سلێمانی) و (ئەبو مەهدی موهەندیس)دایە كە لەسەرەتای ساڵی ٢٠٢٠ەوە لەبەغدا لەلایەن ئەمریكییەكانەوە كوژرا. ئەم میلیشیایە كەخۆی بەجیاواز لەمیلیشیاكانی تر وەسفدەكات، بەبڕوای چاودێرانی دۆخی ئەمنی عێراق تەنیا واجیهەیەكە بۆ میلیشیاكانی دیكەو هەموو زانیارییەكانیان لەلای ئەمریكییەكان هەیەو هەركاتێك ئەمریكییەكان بیانەوێت سەركردەكانیان دەكەنە ئامانج. بەپێی لێكۆڵینەوەیەكی پەیمانگای (كوینزی) ئەمریكیش، ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا زۆر بەوریایی و گومانەوە لەسیاسەتەكانی سوودانی دەڕوانێت بەتایبەت لەچەندین دۆسیەی وەك رۆڵی سەربازی ئەمریكا لەعێراق و بچووككردنەوەی رۆڵی حەشدی شەعبی و رووبەڕووبوونەوەی گرووپە لایەنگرەكانی ئێران، بەڵام دەرگاشی دانەخستووە بۆ هەنگاونان بۆ هەبوونی بەهێزكردنی زیاتری متمانە بەسوودانی.
ئەوەی ئەمریكییەكانی نیگەرانكردووە لادانی (رائید جوحی) سەرۆكی دەزگای هەواڵگری عێراقە كە لەلایەن مستەفا كازمی سەرۆكوەزیرانی پێشووەوە دانرابوو بەلایەنگری ئەمریكییەكان ناوی دەركردبوو.
هەرچەندە ئەمریكییەكان سوودانی-یان بەلاوە گرنگە ئەویش بەهۆی ئەوەی لەگەندەڵی تێوەنەگلاوەو لەدەرەوەی عێراقەوە نەگەڕاوەتەوە، بەڵام گومانیان هەیە بتوانێت لایەنگری ئێران نەكات و رووبەڕووی میلیشیاكان بێتەوە بەتایبەت بەهۆی باڵادەستی لایەنگرەكانی ئێرانەوە لەناو چوارچێوەی هەماهەنگی كەسوودانیان گەیاندۆتە لوتكەی دەسەڵاتی عێراق، لەهەمووشی گرنگتر ئەوەیە سەرۆكوەزیران چۆن بتوانێت رووبەڕووی حەشدی شەعبی ببێتەوەو دەسەڵاتیان كەمتربكاتەوە لەكاتێكدا ئەم دەزگایە بەفەرمی بەشێكە لەدەزگای ئەمنی و سەربازیی عێراقی.
بۆ رەوینەوەی شك و گومانەكانی ئەمریكاش سەبارەت بەتواناكانی بۆ رووبەڕووبونەوەی هەژموونی ئێران، هەر زۆر بەزوویی سەرۆكوەزیرانی عێراق بۆ سەپاندنی دەسەڵاتی خۆی چەند هەنگاوێكی گرتەبەر كە یەكێك لەو هەنگاوانە بڕیاریدا هیچ لایەنێكی فەرمی عێراقی بەبێ مۆڵەتی حكومەتەكەی بۆی نییە پێشوازی بكات یاخود سەردانی هیچ وەفد یاخود كەسایەتییەك بكات، هاوكات یەكێكی دیكەش لەهەنگاوەكان هەڵوەشاندنەوەی مۆڵەتی ئەمنی بوو لەناوچە رزگاركراوەكانی ژێردەستی داعش، كەئەمەش لێدانێكی ئاشكرابوو لەهەیمەنەو هەژموونی حەشدی شەعبی لەو ناوچانەدا چونكە تیایدا باڵادەستن و بەبیانووی لێكۆڵینەوە لەمۆڵەتی ئەمنی نەیاندەهێشت خێزانە ئاوارە سوننەكان بگەڕێنەوە ناوچەكانی خۆیان.
بەبڕوای چاودێرانی دۆخی ئەمنیش ئەوەی ئەمریكییەكانی زیاتر نیگەرانكردووە هەڵوێستی سوودانییە لەسەر رێككەوتننامەی ستراتیژی نێوان ئەمریكاو عێراق كەتیایدا هەبوونی هێزە ئەمریكییەكان لەناو خاكی عێراقدا رێكخراوە بەتایبەت لەكاتێكدا هێشتا چەكدارانی داعش كۆتاییان نەهاتووەو لەچالاكیدان و ترسیان هەیە بەفشاری ئێران و گرووپە میلیشیاییەكان سوودانی هەڵوێستی عێراق بگۆڕێت، بەڵام زۆرینەی چاودێرانی دۆخەكە بڕوایان وایە چ ئێران و چ حەشدی شەعبی و گرووپە میلیشیاییەكانی دیكە نایانەوێت ئەم دۆخەی هەیە تێكیبدەن و دەیانەوێت ئاوا بمێنێتەوە چونكە لەبەرژەوەندی خۆیانە.