بۆردومانەکانی تورکیا و ئێران پیلانێکی هاوبەشی ڕانەگەیەندراوی مەترسیدار لەسەر هەرێم
2 ساڵ لەمەوپێش
جوتیار ڕەشید
هەرچەندە تورکیا و ئێران دوژمنایەتی قوڵی مێژویی و مەزهەبی و ئیمپراتۆریان هەیە بەڵام لە ئێستادا کۆمەڵێک خاڵی هاوبەشیان هەیە کۆیاندەکاتەوە و پێدەچێ لە ڕێککەوتنێکی ڕانەگەیەندراودا،هەنگاوی چون یەک بهاوێژن بۆ بەرژەوەندی هەردو لایان.
خاڵە مەترسیدارەکانی سەر هەردو لایان:-
1-ئابڵوقەی ئابوری و کێشەی قوڵی ئابوری و داڕمانی نرخی دراو.
2-کێشەی چارەسەرنەکراوی نەتەوەی کورد لە هەردوو وڵاتدا،هەردوو لا وەک بۆمبی تەوقیتکراو لێی دەڕوانن.
3-هەردوو دەسەڵاتی کوردی،هەرێمی کوردستانی باشور وەک هاوسنوری هەردوکیان،بەڕێوەبەری خۆسەر وەک هاوسنوری تورکیا و سوریای دۆستی ئێران.
3-هێزە کوردیە چەکدارەکانی دەرەوەی سنوری ئێران و تورکیا(پ.ک.ک،پژاک،کۆمەڵە دیموکرات ...هتد)،بەهێزی سەربازی کورد دەزانن،لەهەر چرکەیەکدا دژیان بەکاربهێنرێن.
4-کێشەی ناڕەزایەتیە ناوخۆییەکانیان،ئۆپۆزسیۆنی تورکی و ناڕەزایەتیە ناوخۆییەکانی ئێستای ئێران.
(ڕۆڵی کورد لەهەردوکیاندا ڕۆڵێکی مەترسیدارە بۆ هەردوکیان).
5-داهاتوی وزەی باشوری کوردستان و ڕۆژئاوای کوردستان:-
-تورکیا ترسی ئەوەی هەیە لە داهاتویەکی نزیکدا وزەی باشوری کوردستان لە ڕێگای ڕۆژئاوای کوردستانەوە بنێردرێتە دەرەوە،بەوەش تورکیا لەو پارە مفت و مۆڵەی لە وزەی هەرێم دەستی دەکەوت بێ بەش دەکرێ.
-ئێرانیش ئەو لێکدانی وزەی کوردە بە بەدیلی وزەی خۆی دەزانێ،ئەمریکا و ڕۆژئاوا لە داهاتودا لە وزەی ئێران بئ منەت دەکا.
-هەردوکیشیان ئێران و تورکیا،لێکدانی وزەی باشور و ڕۆژئاوا بە هەنگاوی ڕاستەقینەی کرداری و بنەمای لێکدانی هەرێمی باشور و هەرێمی ڕۆژئاوای کوردستان دەزانن،دواتریش بۆ دەوڵەتێکی کوردی بەهێز.
بۆیە هەردوو لایان بە هاوبەشی هەوڵ دەدەن هەرێمی کوردستان بکەنە گۆڕەپانی شەڕی نێوان خۆیان و هێزە سێبەرەکانیان بۆ ئەم مەبەستەش:-
1-هاوشێوەی ڕاگواستنەکەی صدام و بعث،لە ڕێگای بۆردومانە بەردەوامەکانیان سنوری ئاوەدانی هەرێمی کوردستان تەسک بکەنەوە و گوندنشینەکان ناچاری ڕەو بکەن بەرەو شار و شارۆچکەکان،دوای چۆڵەوانی ئەو ناوچانەش هێڕشی زەمینی بۆ دەکەن و دەیانکەنە ناوچەی محڕەمە هاوشێوەی بعث.
بەوەش کێشە ئابوریەکانی دەسەڵاتی باشور قوڵتر دەکەنەوە و خەڵک بێکارتر دەبێ و کێشە کۆمەڵایەتیەکان لە شارو شارۆچکەکان زیاد دەبن،شیرازەی کۆمەڵایەتی دەپسێ،لەوانەشە خەڵک ڕوبەڕوی دەسەڵاتدارانی هەرێم ببێتەوە،یان بەهۆی دابەش بونی هێزە چەکدارەکانی هەرێمەوە شەڕی ناوخۆ لە هەرێم نوێ بکەنەوە.
2-بە بیانوی مەترسی لەسەر ئاسایشی نەتەوەیی هەردو لایان شەڕی ڕاستەوخۆ یان هێزە سێبەرەکانیان بگوازنەوە قوڵایی هەرێم.
3-لە ڕۆژئاوای کوردستانیش تورکیا دەست بە هێڕشەکانی بکاتەوە.
4-زیندوکردنەوەی ڕێکخراوە توند ئاژۆکان، کە هەردولایان کاریگەریان لەسەریان هەیە،هاندانیان بۆ پشێوی و ئاژاوە لە هەرێمی کوردستان و ڕۆژئاوای کوردستان.
تەنانەت لە شارە کورد نشینەکانی ناو تورکیا و ئێران ئەگەر بە پێویستان زانی.
لە کۆتاییدا
سەلامەترین پلان ئەو پلانەیە،خراپترین ئەگەرەکان لەبەرچاو دەگرێت.
بۆیە داواکارم لە دەسەڵاتدارانی هەرێم،ئەو بۆردومانە هاوکات و هاو ئامانجانەی تورکیا و ئێران بە هەڕەشەی ڕاستەقینە لەسەر هەرێم وەربگرن.
لەگەڵ هەموو هێزە کوردیەکان بەتایبەتیش بەڕێوەبەری خۆسەر لە ڕۆژئاوا لێکۆڵینەوەی هاوبەش و پلانی هاوبەش دابنێن بۆ چۆنیەتی ڕوبەڕوبونەوەیان.