ئیسلامی سیاسی تەنها هێندەی ئەم وێنەیە مونافیقە!

یەک ساڵ لەمەوپێش



ڕێبین ئەحمەد ڕەشید

دەقیق چوار ساڵ بەر لە ئێستا لەم ئەکاونتە موتەوازیعەوە نووسیم جیهان لەسەروبەندی هەڵدانەوەی ماسکی گەورەترین مونافیقی خۆیدایە، دڵنیا بووم لە بێ مۆراڵی و هەلپەرەستییەکەی، بەڵام دڵنیا نەبووم وا بەزوویی ماسکەکەی بکەوێت، ناخۆشی ئەم وێنەیە ئەوەیە هەڵدانەوەی ئەو ماسکە ئایدۆلۆژیا پەرەستەکانی ئیسلامی سیاسی شۆک ناکات کە بە بوقی ئەو مونافیقە بوونە قوربانیی جەندرمەیەکی دژە دیموکراسی و کرانەوە و خوێنڕێژی وەک فەتاح سی سی، وا ئەمڕۆ ماسک هەڵدرایەوە و چوار پەنجەکەی ڕابیعەش لەبیر برانەوە و خوێنی سەدان جوامێر کرانە قوربانی هەلپەرەستیی ئەم دوو مرۆڤە ناشیرینەی سەدەی بیستویەک.

نیفاقی سیاسیی و دین دووشتی جیاوازن لەیەک، ئیسلامی سیاسیی بەداخەوە ئەمڕۆ شەخس سەنتەرە نەک حەقیقەت سەنتەر. ئیسلامی سیاسی لای سوننەکان هەنگاوێک ویلایەتە فیقهییەکەی ئێرانیشی تێپەڕاندووە بەوەی لەوێ ئایدۆلۆژیای دوازدە ئیمامی تەقدیس دەکرێت، لای سوننەکان سوڵتانێکی بێ مۆراڵی بێ ئایدۆلۆژیای هەلپەرەست. ئێستا لە هەر کاتێکی دیکە زیاتر ئیسلامی سیاسی تورکی لەسەر نیفاق و پارادۆکسی سیاسیی دەژی و هەر بەم نیفاقەش دونیای عەرەبی و ئیسلامی خستۆتە هەلەکە سەمای گەڕانەوەی ئیمپراتۆرییەتی نۆعوسمانی.

ئیسلامی سیاسیی شێرپەنجەی گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە، دەبێت لەبنەوڕا ڕیشەکێش بکرێت و دواتر چارەسەریی کیمیایی و ڕادیۆیی بۆ کۆمەڵگەکان بەکاربهێندرێت بۆ ئەوەی ئیدی کەس جورئەتی ئەوەی نەبێ بەناوی خوداوە قسە بکات و خۆی بکاتە سێبەری ئەو لەسەر زەوی بۆ مەرامە کەسی و سیاسیەکانی.

دڵنیام کە ئەم ڕێوییە پیرە لە مرۆڤ نەزاوە، بەڵام دڵم بۆ ئەو مێزەر "سپی" و عەمامە و تەڕوبوشانە دەسوتێ کە ڕۆژانێک دەنوشتانەوە بۆ دەستماچکردنێکی ئەم پیرە ڕێوییە و ئومێدی موزەیەفیشیان لەژێر ناونیشانی خیلافەت و ئیمامەت و موعجیزەی ژمارە 6 بۆ شوێنکەوتووەکانیان لێ دروستدەکرد. پێشنیار دەکەم هەموو ئەو مەلاشێخ و موفتییە چەنەباز و دەڵەک و ڕێوی پۆشانە کە بەخەڵکیان دەگوت بۆ پاراستنی شکۆی خەلیفە و ئابوورییەکەی بە خۆتان و بیکینی و مایۆکانتانەوە سەفەرەکانتان ببەنە ئانتالیا و لەوێ دۆلارەکانتان ساغ کەنەوە، هەر ئەمشەو تەوبەیەکی نەسوح بکەن و سبەینێش لە بەرچاوی خەڵک ڕووی خۆیان ڕەش بکەن سا بەڵکو لە دیوانی حەق تەعالادا ڕوسپی لێیدەرچن.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار