هەرێم‌و بەغداد لیژنەیەك لەبارەی هێرشەكانی ئێران‌و توركیا پێكدەهێنن

ئێران مۆڵەت بۆ چەكدانانی حزبەكانی رۆژهەڵات دیاری دەكات

2 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

لەماوەی كەمتر لەدوو مانگدا، سوپای پاسدارانی كۆماری ئیسلامی ئێران بۆ جاری سێیەم هێرشیكردەسەر بنكەو بارەگاكانی حزبە كوردییەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان لەهەرێمی كوردستان، هەرێم و بەغداد لیژنەیەكی هاوبەش لەبارەی هێرشەكانی ئێران و توركیا پێكدەهێنن، هاوكات ئێران 10 رۆژ وەك دوایین مۆڵەت بۆ پارتەكانی رۆژهەڵات دیاریی دەكات تا چەك دابنێن.
ئەم هێرشانەی سوپای پاسداران لەكاتێكدایە، بەپێی راپۆرتە رۆژنامەوانییەكان، ئیسماعیل قائانی فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران لەماوەی چەندڕۆژی رابووردوودا سەردانی بەغدادی كردووەو هەڕەشەی كردووە كەوڵاتەكەی هێرشی زەمینی بۆ سەر بنكەو بارەگاكانی حزبەكانی رۆژهەڵاتی کوردستان ئەنجامدەدات ئەگەر بێتو حكومەتی عێراق ئاسایشی سنور نەپارێزێت و رێوشوێنی پێویست دژی حزبە كوردییەكان نەگرێتەبەر.
قائانی ئەوەشی وتووە ئەگەر بێتو بەغدا بەدەم داواكارییەكانیەوە نەچێت، ئەوا ئێران هێرشی سەربازیی زەمینی دەكات و بۆردومانی بنكەو بارەگاكانی نەیارانیشی دەكات.
لەسەردانەكەیدا بۆ بەغداد نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێم لەگەڵ محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیران رێككەوتن لیژنەیەكی هاوبەش پێكبهێنن و سەردانی هەردوو وڵاتی ئێران و توركیا بكەن بۆ وەستاندنی هێرشەكانیان، هاوكات سودانی لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: حكومەتی عێراق ئاگاداری هێرشەكانی ئێران نەبووەو رەزامەندی ئێمەشیان لەسەر نەبووە، ئێمە رێوشوێنی پێویست دەگرینەبەر بۆ ئەوەی هێرشەكان دووبارە نەبنەوە. 
ناسر كەنعانی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێرانیش لەبارەی هێرشەكانی سوپای پاسداران بۆ سەر هەرێمی كوردستان رایگەیاندووە: ئێران هەوڵدەدات ئاسایشی خۆی دابینبكات‌و هەڕەشەكان دووربخاتەوە، هەوڵ بۆ ئەوەش دەدات عێراق دەسەڵاتی خۆی لەتەواوی سنورەكانیدا بسەپێنێت‌و چیتر تاران ناچار نەبێت بۆ بەرگری لەخۆی، پەنا بۆ رێكاری دیكە ببات، ئاماژەی بۆ ئەوەشكردووە: چاوەڕوانیمان لەعێراق‌و هەرێمیش ئەوەیە كەچالاكییەكانی حزبەكانی دژبەری ئێران سنوردار بكەن، ئێران چاوەڕوانیی ئەوەشی لەهەرێم هەیە كە نابێت هەرێمی كوردستان ببێتە شوێنی هەناردەكردنی چەك‌و كەرەستەی سەربازیی دژی ئێران.
محەمەد كازم ئال سادق، باڵیۆزی ئێران لە عێراق رایگەیاندوە؛ شاندێكی تاران بە سەرۆكایەتیی ئیسماعیل قائانی، فەرماندەی فەریلەقی قودس لەگەڵ بەرپرسانی عێراق كۆبونەتەوە و داوایانكردوە بەپێی خشتەیەكی كاتی پارتەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان لەهەرێم چەك بكرێن.
ئەو بە تەلەفیزیۆنی (ئەڵعالەم)ی راگەیاندوە؛ بەرپرسانی عێراق رازیبون بەدوو داواكاریی ئێران بۆ چەككردن و رەوانەكردنی ئەندامانی ئەو پارتانە بۆ كامپی پەنابەرانیان بەڵام هاوكات داوای كاتی زیاتریان كردووە بۆ چەككردنی سەرجەم ئەندامان و هێزەكانی ئەو پارتانە.
بەپێی لێدوانی باڵیۆزی ئێران لە بەغدا، شاندی وڵاتەكەی 10 رۆژیان وەك دوایین مۆڵەتی بەرپرسانی عێراق و هەرێم دیاریی كردووە بەمەبەستی جێبەجێ كردنی دوو دواكارییە سەرەكییەكەیان.
لەبەرامبەر هێرش و پەلامارەكانی ئێرانیش، حكومەتی هەرێمی كوردستان لەڕاگەیەندراوێكدا سەركۆنەی هێرشەكانی ئێرانی كردو رایگەیاند پێشێلكاری بەردەوامی سەروەری عێراق و هەرێمی كوردستان لەلایەن ئێرانەوە، هیچ پاساوێك هەڵناگرێت و پێشێلكردنێكی ئاشكراو زەقی یاساو رێسا نێودەوڵەتییەكان و پەیوەندی دراوسێیانەیە، داواشی لەكۆماری ئیسلامی ئێران كردووە، ئەم شاڵاوە لەدژی هەرێمی كوردستان رابگرێت، چونكە سەقامگیریی، هەرگیز لەڕێگەی توندوتیژییەوە دەستەبەر نابێت.
حكومەتی هەرێم داوا لەدۆست و هاوبەشانی لەحكومەتی فیدراڵی و نەتەوەیەكگرتووەكان و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەگشتی دەكات، كە هەڵوێستی روون و ئاشكرایان بەرامبەر ئەو هێرشە بەردەوامانە هەبێت. 
وەزارەتی دەرەوەی عێراقیش راگەیاند، ئەو هێرشانەی توركیاو ئێران لە رێگەی مووشەك و درۆنەوە دەیكەنە سەر هەرێمی كوردستان، پێشێلكاریی سەروەریی عێراقە. راشیگەیاند: عێراق رەتیدەكاتەوە وڵاتەكەی ببێتە گۆڕەپانێك بۆ یەكلاكردنەوەی ململانێی لایەنی دەرەكی.  
لەبارەی كاردانەوە نێودەوڵەتییەكانیەوە، ئەلینا رۆمانۆسكی باڵیۆزی ئەمریكا لەعێراق رایگەیاند: عێراق  پێشێلكاریەكی تری بەخۆوە بینی، هێرشی درۆن و مووشەكی ئێرانی ژیانی هاووڵاتیانی مەدەنی دەخەنە مەترسییەوەو دەبنەهۆی وێرانكردنی ژێرخانی عێراق، دەشڵێت، دەبێت ئەم هێرشە بێباكانەی سەر هەرێمی كوردستان بوەستن.
دایڤید هەنت، كونسوڵی گشتی بەریتانیاش لەهەولێر سەبارەت بەهێرشەكانی ئێران بۆ سەر هەرێمی كوردستان رایگەیاند، جارێكی دیكە هەرێمی كوردستان رووبەڕووی هێرشی مووشەكی و فڕۆكەی بێفڕۆكەوان لەلایەن سوپای پاسدارانی ئێران دەبێتەوە، بەریتانیا بەرامبەر ئەم دەستدرێژییە بێ پاساوە لەگەڵ هەرێمی كوردستانی عێراق دەوەستێت، پەیامەكەمان روونە، بوەستن.
نێردەی نەتەوەیەكگرتووەكانیش لەعێراق (یۆنامی) لەڕاگەیەندراوێكدا داوایكرد هەموو هێرشە دووبارەبووەكانی ئێرانی لەعێراق بوەستێنرێت كە دەبێتەهۆی پێشێلكردنی سەروەریی عێراق، داواشیكرد بیانووەكان هەرچییەك بن نابێـت پەناببرێتە بەر ئەو هێرشانە كە دەبێتەهۆی خوڵقاندنی كارەسات و پێویستە پەناببرێتە بەر رێگە دیپلۆماسییە باوەكان.
باڵیۆزخانەی كەنەدا لەعێراق لە راگەیەنراوێكدا ئیدانەی هێرشەكانی ئێرانی بۆ سەر بارەگای حزبەكانی رۆژهەڵات لەهەرێمی كوردستان كردو دووپاتیكردەوە، ئەو جۆرە هێرشانە سەروەریی خاكی عێراق پێشێل دەكەن و گیانی كەسانی مەدەنی دەخەنە مەترسییەوە و پێویستە ئەو هێرشانە رابگیرێن.
سوپای پاسدارانی ئێران لە رێكەوتی (28/9/2022) واتە 12 رۆژ دوای سەرهەڵدانی ناڕەزایەتییەكانی مەرگی ژینا ئەمینی بەموشەك و فڕۆكەی خۆكوژ هێرشی كردەسەر بنكەو بارەگاكانی حدكاو كۆمەڵەو پاك لەهەولێرو كۆیەو سلێمانی كە بووەهۆی شەهیدبوونی 18 كەس كە ژمارەیەكیان ژن و منداڵ بوون و هاوكات بریندابوونی 62 كەسی لێكەوتەوە، لەهێرشەكانی رۆژی دووشەممە (14/10/2022)ش بۆ سەر بارەگاكانی حدكا لەكۆیە دوو پێشمەرگە شەهیدبوون و هەشت كەسی دیكەش برینداربوون.
درەنگانی شەوی یەكشەممەو بەرەبەیانی دووشەممە بەدرۆن و مووشەك هێرشیكردە سەر بارەگای حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران لەكۆیەو كامپی جێژنیكان لە بەحركەی هەولێر كەخێزانی پەنابەرەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان تێیدا نیشتەجێن؛ هەروەها بارەگای حزبی كۆمەڵەی شۆڕشگێڕ لەزڕگوێز، لەئاكامدا پێشمەرگەیەكی حزبی دیموكرات لەكۆیە شەهید بوو، هەروەها رۆژی سێشەممە ئێران بە چوار موشەك هێرشی كردەسەر بارەگای پارتی ژیانی ئازادی كوردستان لە پردێ‌، سەرۆكی حزبەكە دەڵێت ژمارەیەك پێشمەرگەمان برینداربوون.
 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار