عومەر ئیلخانیزادە لەچاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ هاوڵاتی: پێش روداوەكانی ناوخۆی ئێران هەردوو كۆمەڵە یەكیانگرتبووەوە

ئێران لەهێرشەكانیدا بۆ سەر ئێمە هیچ دەستكەوتێكی نەبووە

2 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

عومەر ئیلخانیزادە دەڵێت: رووداوەكانی ناوخۆی ئێران كاریگەری لەسەر یەكگرتنەوەی هەردوو حزبی كۆمەڵەی شۆڕشگێڕو كۆمەڵەی زەحمەتكێشان هەبووە، بەڵام ئێمە پێشتر یەكمان گرتبووەوە.

عومەر ئیلخانیزادە جێگری سكرتێری كۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتكێشانی كوردستانی ئێران لەچاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵا رۆژنامەی هاوڵاتی، رایگەیاند: ئێران لەهێرشەكانیدا بۆ سەر ئێمەی هیچ دەستكەوتێكی نەبووە، بەو هێرشانە دەیەوێت بمانكێشێتە مەیدانی شەڕو بەربەرەكانێیەكی نیزامی و جۆری خەباتی كوردستان لەگەڵ باقی شوێنەكانی ئێران جیابكاتەوەو بەو شێوە بتوانێت سەركوتێكی خوێناوی لەكوردستان بكات.

ئاشكراشیكرد: رۆژهەڵاتی كوردستان دەورێكی سەرەكی لەو بزوتنەوەیەی كە ئەمڕۆ لەئێراندا هەیە پەیداكردووەو كورد بۆ یەكەمجار لەمێژووی هەموو كوردستاندا لەلایەن خەڵك و نەتەوەكانی دیكەی وڵاتێك كەكوردی تێدایە پشتیوانی لێدەكرێت.

وتیشی: ئێمە ئاڵای سەردەمی كۆمارمان قبوڵ نیەو ئاڵای سەردەمی كۆماریش دەكرێ گۆڕانی تێدا بكرێت.

هاوڵاتی: هەردوو حزبی كۆمەڵەی شۆڕشگێڕو كۆمەڵەی زەحمەتكێشان بەڕەسمی یەكگرتنەوەتان راگەیاند، پاڵنەری سەرەكی ئەم یەكگرتنەوەیە چی بوو؟

عومەر ئیلخانیزادە: ئێمە ساڵ و نیوێكە دیالۆگی یەكگرتنەوەمان هەیە لەباری سیاسی و گوتاری سیاسی و لەباری روانین بۆ كاری حزبی و كاری رێكخستن،   روانین بۆ كۆمەڵگای كوردستان و ئەركەكانی كۆمەڵە لەو بوارانەدا هەمووی یەكبووین و زۆر چووبووینە پێشەوە، بەڵام یەك دوو كاری بچووك مابوون بەهۆی ئەو گیروگرفتانەی كە لەكوردستانی باشوور هاتەپێشێ بۆ ئێمە و  هەم بەهۆی ئەم بزووتنەوە جەماوەرییەوە كات نەبوو تا لەكۆتاییدا لیژنەكەمان هەموو كارەكانی خۆی بردبووە پێشێ ئەو یەك دوو گیروگرفتە بچووكەش سپێردرا بەمن و بەڕێز كاك عەبدوڵای موهتەدی لەدانیشتەكانیدا ئەوانەش چارەسەركراو پێمانوابوو كەئێستا كاتێكی زۆرباشە ئەگەر ئەو هەلومەرجەش نەهاتبایەتە پێشەوە زووتریش ئێمە دەمانتوانی ئەوە رابگەیەنین، ئێمە دوای جیابوونەوەی ساڵی ٢٠٠٧یش لەباری گوتاری سیاسییەوە هەر لەیەك دانەبڕاین.

هاوڵاتی: هۆكاری چیبوو لەدەرەوەی وڵات یەكگرتنەوەكەتان راگەیاندو لەناوخۆی كوردستان نەبوو؟

عومەر ئیلخانیزادە: چونكە من هاتبوومە دەرەوە بۆ هەندێك كار تەمدیدكردنەوەی پاسپۆرتەكەم و كاك عەبدوڵاش لەدەرەوە بوو، نەماندەتوانی بڵێن با بووەستین و با بچینەوە كوردستان و پێمانوابوو دوای ئەوەی هەموو شتێك جێبەجێبووەو لیژنەكەش كاری خۆی رادەستی لیژنەی هاوبەشەكە كردبوو، باشترین كات ئەوەیە ئێستا مزگێنییەكی باشیشە بەخەڵكی كوردستان و بەهەموو ئەڵقەی كۆمەڵەش.

یەكگرتنەوەكە لەستۆكهۆڵم بوو لەسیمینارێك كەبەشێكی زۆری كادرەكانی هەردوولامانی لێبوو و بەشێكیش لەوانەی كە لەگەڵ حزب نەماون بەڵام كۆمەڵە لەوێبوون و خەڵك و میوانی دیكەو نوێنەری حزبە سیاسییەكانیش بوون .

هاوڵاتی: یەكگرتنەوەكەتان تاچەند پەیوەندی بەم ناڕەزایەتییانەی ئێستای رۆژهەڵاتی كوردستان و ئێرانەوە هەیە؟

عومەر ئیلخانیزادە: عەرزم كردیت ئێمە یەك دوو جاری تریش دیالۆگمان هەبووە پتر لەساڵ و نیوێكە لیژنەیەكی هاوبەشمان بۆ داناوە، حەوت كەس لەهەردوو لاوە بەسەرپەرشتی هاوڕێ عەبدوڵای موهتەدی و ساڵ و نیوێكە گفتووگۆ دەكەین، ئەسڵەن ئەو بزوتنەوەیەی ئێستا سەریهەڵنەدابوو  زۆربەی شتەكانیشمان پێش ئەو رووداوانە بردبووە پێشێ، ئەركی یەكخستنەوەی كۆمەڵە ئەركی پێكهێنانەوەی كۆمەڵەیەكی گەورە لەكوردستانی ئێران، دەورێكی مێژوویی كەكۆمەڵە بوویەتی هەردوولامان بەئەركی خۆمانمان زانیوەو بەهەموو وجودیشەوە كاری بۆ دەكەین و دڵنیاشم لەو ماوەیەداو چ لەناوەندی هاوكاری حزبەكانی كوردستانی ئێران یەك گوتار بووین چ لەمەسەلەی ئەو رووداوە شۆڕشگێڕانەیەی كە لەهەموو كوردستان و ئێراندا هاتووەتە ئاراوە یەكدەنگ بووین و ئەوەش پاڵنەر بووە.

هاوڵاتی: واتە رووداوەكانی ئێران پاڵنەر بوو بۆ یەكگرتنەوەتان؟

عومەر ئیلخانیزادە: دڵنیام لەم بابەتەوە تەئسیری دەبێت ئێمە پێش ئەوە یەكمان گرتبوو، بەڕاستی باپێت بڵێم ئێمە یەكمانگرتبوو لەخوارەوەو لەنێو هەموو ریزەكانمان لەسەرەوە لەكۆمیتەی ناوەندییەوەو لەكادیرەكانەوەو لەئەندامانمان و لەكەسانمان و لەشارەكانی كوردستان و لەناوخۆو لەدەرەوەی وڵات ئێمە بەهەموو شێوەیەك یەكمانگرتووبوو و نزیك یەكبووین و كاری هاوبەشمان كردووەو رۆژی كۆمەڵەمان نۆ مانگ لەوەوپێش پێكەوە كردو پێكەوە كارمانكردو لەئەنجامدا بەشی زۆری كاری ئێمە تەواوبوو و عەرزمكردیت یەك دوو گرێكوێرە مابوو رایی بكرێت.

هاوڵاتی: دەسەڵاتی كۆماری ئیسلامی ئێران فشاری زۆری بۆ خۆپیشاندەران هێناوەو شارەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان ئێستا رووبەڕووی هەڵمەتی سوپای پاسداران بوونەتەوەو ژمارەی شەهیدەكان زۆر زیاتربوون، ئێوە وەك حزبەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان رۆڵتان لەم بارودۆخەدا چییە؟

عومەر ئیلخانیزادە: با عەرزت بكەم رۆژهەڵاتی كوردستان دەورێكی سەرەكی لەو بزوتنەوەیەی كەئەمڕۆ لەئێراندا هەیە پەیداكردووەو كورد بۆ یەكەمجار لەمێژووی هەموو كوردستاندا لەلایەن خەڵك و نەتەوەكانی دیكەی وڵاتێك كەكوردی تێدایە پشتیوانی لێدەكرێت وەك ئولگو (نمونە) چاوی لێدەكرێت ئەو شۆڕشە لەكوردستانەوە بەدروشمی (ژن، ژیان، ئازادی) و لەمەرگی ناجوامێرانەو كوشتنی ناجوامێرانەی كچێكی كوردەوە بەناوی ژینا ئەمینی سەقزی دەستیپێكرد، دەتوانم بڵێم كچێكی كورد گیانیلەدەستدا، بەڵام گیانی كرد بەبەر هەموو خەڵكی ئێرانداو كوردستان ٤٣ ساڵ بوو بەدژی ئەو رژێمە راوەستاوە نای گوتووە بەكۆماری ئیسلامی و خوازیاری سكۆلاریزم بووە، فرەچەشنی قبوڵكردووە  لەكوردستاندا، تاك كەوتبووینەوە، ئێمە تەنها لایەن بووین، بەڵام ئێستا شۆڕشەكە پەڕیوەتەوە بۆ هەموو ئێران و تەنانەت لەجیهانیش پشتیوانی نێونەتەوەیی پەیداكردووە.

هاوڵاتی: پێتانوایە دەسەڵاتی كۆماری ئیسلامی ئێران بەڕێگای سەركوتكردن دەتوانێت كۆتایی بەخۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەكان بهێنێت، ئایا بەبڕوای ئێوە خۆپیشاندانەكان بەرەو كوێ دەڕوات؟

عومەر ئیلخانیزادە: من لام وایە كۆماری ئیسلامی ئێران هەر بەهۆی سەركوت و كوشتارو میلیتالیزم و دژە ژنی هەر هاتووەو ئیعتیرازات بەرەو رووی زۆرتر بووەتەوە ئینجا لەگەڵ خەباتێكی بێوێنە و بوێرانەی سەرانسەری لەگشت ئێراندا رووبەڕوو بووە، ئینجا پێشی وایە هەوڵی ئەوەدەدات كەكوردستان داببڕێت لەشوێنەكانی دیكە كوردستان بە مەكۆو سەنگەرێكی گەورەی ئەم ئیعتیرازو بزوتنەوانە دەزانێت هەر دەیەوێت وا بنوێنێت كە ئەوە حزبە كوردییەكانن خەباتی چەكداری ئەوەیان دەستپێكردووە و بەو شێوەیە كاردەكەن ئەو پیلانەی پوچەڵبووەوە ئەم لەنەزەر خەڵكی ئێران هەم لەوەی ئێمە بڕیارماندا خەباتی مەدەنی وەك خەباتی مەدەنی بۆ خۆی بكرێت هیچ هێزێكی چەكداری تێكەڵ نەكەین ئەو پیلانەی شكستی خواردووە، هەربۆیە بەهەموو شێوەیەك چەندجار بۆمبارانی كردووین بەموشەك و درۆن، بەڵام جوابەكەی وەرگرتووەتەوە دوای هەر هێرشێكی كۆماری ئیسلامی خەباتەكە گەرموگوڕتر بووە، ئەم بەشەی كوردستان مەكۆیەكی شۆڕش و سەنگەرێكی قایمی شۆڕشی كوردستانە كە هەموو خەڵكەكەی لەگەڵ حزبە سیاسییەكان هاوتەریب و یەكدەنگ و هاوپەیوەندین، لەلایەكی ترەوە من پێموایە لەسەرەتای مانگی سێی ئەو خەباتەداین هیچ كات لەئێران وانەبووە كە هەموو رۆژێك ئیعتیرازو موبارەزە و هاتنە خیابان بەردەوام بێت و دیتمان لەباقی شوێنەكانی دیكەی ئێرانیش لەچەند رۆژی رابردوودا مانگرتنە گشتییەكان دەستیپێكردو ئەوە نیشاندەدات كەئیتر ئەو ئولگوەی لەكوردستان بوو ئەو یەكپارچەییەی لەكوردستان بوو چووەتە تاران، چووەتە تەورێز، ئازەربایجان بەگشتی بەلوجستان و هەموو جێگەیەك، بۆیە ئەو مانگرتنە گشتییانە ئەوە نیشاندەدات كە یەكگرتووییەكی گشتی خەڵك و بەشدارییەكی گشتی خەڵك لەبزوتنەوەكەدا هەیەو من ناڵێم كۆماری ئیسلامی توانای سەركوتی نەماوە، بەڵام بەدڵناییەوە ئەو شۆڕشە نانیشێتەوەو بەدڵنیاییەوە ئێران تازە ناچێتەوە پێش دۆخی مەرگی ژیناو شۆڕشی ژینا بەردەوام دەبێت.

هاوڵاتی: بەبڕوای ئێوە ئێران ئامانجی چییە لەهێرشەكانیدا، یاخود دەیەوێت چ پەیامێك بگەیەنێت لەماوەی كەمتر لەدوو مانگدا ئەوە سێیەمین جارە هێرش بكاتەسەر بارەگای حزبەكانی رۆژهەڵات لەهەرێمی كوردستان؟

عومەر ئیلخانیزادە: یەكەم دەیەوێت ئێمە دنە بدات و تەحریكمان بكات كە بۆ بەربەرەكانێ و بمانكێشێتە مەیدانی شەڕو بەربەرەكانێیەكی نیزامی و بەو شێوەیە جیامان بكاتەوە، جۆری خەباتی كوردستان لەگەڵ باقی شوێنەكانی ئێران و بەو شێوەیە بتوانێت سەركوتێكی خوێناوی لەكوردستان بكات، من بەنموونە پێت دەڵێم لەبزوتنەوەی سەوزدا ئەوكات كوردستان زۆركەم بەشداربوو، بەڵام وەختێك بزوتنەوەكەی خەواندەوە زۆرترین كوشتاری لەكوردستان كرد زۆرترین ئیعدامەكان لەكوردستان بوون، بۆیە ئەو دەزانێت كوردستان ئەڵتەرناتیف بووە بەرامبەر كۆماری ئیسلامی ئێران، كوردستانە لەئەوەڵەوە نای وتووە كوردستانە مەكۆی دیموكراسیخوازی و فرەچەشنی و ئێستا لەلایەن گەلانی ئێرانیشەوە ئەوە قبوڵكراوە ئەوەش دووەمین دەلیلە، سێیەمین دەلیل ئەوەیە كە ئەو ئیحتیاجی بەوەیە كە بڵێ ئەوە لەدەرەوەی سنوورەكان شەڕێك و كێشەیەك سازبكات و ئاژاوەیەك بنێتەوە، كەمن پێموایە لەوەشدا سەركەوتوو نابێت هەموو ئەمانە من بەپەلەقاژێی كۆماری ئیسلامی دەبینم دەزانم دەتوانێت خەسارمان بگەیەنێ و گەیاندوشیەتی، دەزانم دەتوانێت گوشاری زیاتر بخاتەسەر هەرێمی كوردستان، بەڵام بەهەموو مەنتیقێك و بەهەموو روانینێك كە لەعێراق و هەرێمی كوردستانیش دەیبینن ئێمە هیچ جوڵەیەكی چەكداریمان نەكردووە، ئێمە لەخاكی ئەو هەرێمەوە هیچ شتێكمان لەدژی كۆماری ئیسلامی ئێران نەبووەو نەكردووەو هیچ بیانوویەكمان نەداوەتە دەست و وەزعی ئەو هەرێمەو خەڵكەكەی و ئاسایشی هەمیشە بۆ حزبەكانی كوردستانی ئێران بەتایبەتی بۆ كۆمەڵە لەهەموو دەورەكاندا مەسەلەیەكی گرنگ بووە.

هاوڵاتی: ئێران دەڵیت ئەگەر حزبەكانی رۆژهەڵات چەك نەكرێن هێرشی زەمینی دەكەینەسەر هەرێمی كوردستان، حكومەتی هەرێم داوای لەئێوە كردووە چەك دانێن؟

عومەر ئیلخانیزادە: نەخێر داواكاری لەئێمە نەكراوە، پێشم وانییە قەد هەرێمی كوردستان تەسلیمی ئەوەبێت، ئێمە پێش رووخانی سەدام حسێنیش لێرە بووین و لەنێو ئەو گەلەدا بووین، ئێمە پشتیوان بووین لەڕاپەڕیندا پشتیوان بووین لەدروستكردنی هەرێمی كوردستاندا و گەلی ئێمە لەڕۆژهەڵات بەهەموو قودرەتی خۆیەوە پشتیوانی كردووە لەهەموو پێشكەوتنێك لەو هەرێمە، بۆیە ئەو داوایە لەلایەن هەرێمیشەوە دڵنیام ناتوانرێت قبوڵبكرێت لەلایەن رووناكبیران و خەڵكی ئەو هەرێمە، پەیوەندییەكی مێژوویی نێوانی كوردستانی رۆژهەڵات و باشوور هەیە، پێموایە ئەو داواكارییە ناتوانرێت قبوڵبكرێت و تائەو جێیەی ئێمە مەعلوماتمان هەیە دەوڵەتی عێراقیش بۆی ئاسان نییە هەر لەو رۆژانەشدا قەرارە پەرلەمانی عێراق كۆبێتەوە، جیا لەوە من بەفڕوفیشاڵی دەزانم ئێرانێك كە دەیەوێت لەكوردستانی عێراق هێرشبكاتە سەر ئێمە، لەنێو خاكی ئێرانداو لەنێو كوردستانی ئێراندا لەژێر پالامارو زەبری شۆڕش و ئاخێزێكی جەماوەری گەورەدایەو لەباری نێونەتەوەییەوە تڕۆو ریسوا بووەو تەریك كەوتووەتەوە، من پێموانییە ئەوە كارێكی ئاسان بێت و ئەگەر ئەو كارەبكات كارێكی شێتانەیە كەمەرگی خۆی بەدواوە دێت، ئەو كوردستانی ئێرانی بۆ رانەگیراوە قابیلە بتوانێت ئەو كارە لێرە بكات و ئەوە كارێكی شێتانەو ئەحمەقانەیەو بەزیانی خۆی سەد لەسەد هەڵدەگەڕێتەوە، هەروەك چۆن هێرشەكانی بۆ ئێمەی كردووە هیچ شتێكی دەستكەوت بۆ ئەو نەبووە ئەگەر زەربەیەكی لەئێمە دابێت شۆڕشی ئێمەی پتەوتر كردووەو یەكگرتوویی زۆرتر كردووە.

هاوڵاتی: پژاك بڕیاریداوە ئاڵای كۆماری كوردستان لەمهاباد وەكو ئاڵایەكی هاوبەش لەگەڵ حزبە كوردییەكان بۆ رۆژهەڵاتی كوردستان قبووڵ بكات، ئێوە چ ئاڵایەكتان پێباشە بۆ ئەم قۆناغە؟ هاودەنگن لەگەڵ ئەمە یاخود رای جیاوازتان هەیە؟

عومەر ئیلخانیزادە: نەخێر ئێمە هاودەنگ نین و خەڵكی كوردستانیش لەگەڵ ئەمە هاودەنگ نییە، ئێمە دەبینین لەهەموو دەرەوەی وڵات لەهەموو جێیەك لەئەوروپا خەڵك ئەو ئاڵایە هەڵدەدات، ئەوە بەمانای ئەوە نییە دواجار رۆژهەڵاتی كوردستان ئاڵای خۆی نابێت، چاو لەوڵاتانی ئەسكەندەنافی بكە هەموو ئاڵاكەیان سەلیبە ئەو سور و سپییە یەك زەردو شینە، یەك جۆرێكی دیكەیە، بەڵێ هەر ئەو شێوازە لەئاڵا هەر ئەو سێ رەنگە بۆ ئێمە دەمێنێتەوە و ئەوە ئاڵایەكە كەدەسەڵاتێكی كوردی پەرلەمانێكی كوردی دەنگی بۆ داوەو ناسراویشە، بەڵام بەدڵنیاییەوە رۆژهەڵاتی كوردستان دەبێت ئاڵای خۆی هەبێت و ئێمە دەست لەوەهەڵناگرین، پێمانوایە ئەوە جۆرێك دووبەرەكی سازكردنەو ئێمە چ وەك كۆمەڵە چ وەك ناوەندی هاوكاری نەكەوتووینەتە ئەو داوەوەو ناكەوین.

هاوڵاتی: بەڵام ئەوە ئاڵای سەردەمی كۆمارە ئێوە بۆچی پێتان باش نییە؟

عومەر ئیلخانیزادە: قەیناكا ئەی ئاڵای سەردەمی كۆماریش دەكرێ گۆڕانی تێدا بكرێت، ئاڵای عێراقیش گۆڕانی تێدا كراوە، ئێرانیش تیایدا كراوەو وڵاتانی جۆراوجۆر ئاڵاكەیان گۆڕانی تێدا كراوەو دەبێت بچینەوە دەسەڵاتێكی یاسایی، ئەوە بگۆڕێت ئەمە كاری حزب نییە.

هاوڵاتی: ئێوە تەنها لەگەڵ هێزە سیاسییەكانی ناوەندی هاوكاری حزبەكانی رۆژهەڵات پەیوەندیتان هەیە، یاخود لەگەڵ حزبە ئۆپۆزسیۆنەكانی تری ئێران بەگشتی پەیوەندی و هەماهەنگیتان هەیە؟

عومەر ئیلخانیزادە: ئێمە لەناوەندی هاوكاریداین و لەوێدا هاوپەیمانێتییەكمان هەیە كەپێشی وەفادارین و پێمانوایە دەبێت گەشەشی پێبدەین، لەهەمانكاتدا چ وەك ناوەندی هاوكاری چ وەك كۆمەڵە ئێمە خوازیاری هاوئاهەنگی لەگەڵ حزبەكانی دیكەش هەین و هەر لەو ماوەیەشدا هاوئاهەنگیمان هەبووە بۆ راییكردنی ئەركەكانی ئەو بزوتنەوەیەو سیاسەتێك كەدەیگرینەبەرو ئەوەش پەرە پێدەدەین و دیالۆگ و دانیشتنیشمان بڕیارداوە لەگەڵ هەموو ئەوانەی لەكوردستاندا هەن دانیشتن و دیالۆگ دەكەین كە كاردەكەین رێگەچارەیەك ببینینەوە بۆ هاوئاهەنگی زۆرتر ئەگەر نەمانتوانی بەتەواوی هاوپەیمان بین و بەرەیەكی كوردستانی پێكبهێنین، كەهیوادارم بتوانین، بەڵام دەتوانین جۆرێك چەتری نزیكی و هاوكاری و هاوئاهەنگیمان هەبێت و ئێمە چ وەك ناوەندی هاوكاری حزبەكانی رۆژهەڵاتی كوردستانی ئێران، چ وەك كۆمەڵە لەو بوارەدا گرفتێكمان نییە.

لەكۆتاییدا هیوادارم كەخەڵكی كوردستانی عێراق ئەو وتووێژە دەخوێنێتەوە بەهەموو وجودیەوە وەك هەموو جاران پشتیوانی رۆژهەڵات بن لەو قۆناغە سەختەدا، كەدەزانم سەختە، بەڵام دڵنیام سەركەوتوویی هەر بۆ گەلی كوردە

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار