عێراق؛ ٥٠٠ هەزار كەس بەهۆی نەمانی ئاو بۆ شارەكان كۆچ دەكەن

نەتەوەیەكگرتووەكان: هەزاران دۆنم زەوی كشتوكاڵی رووبەڕووی لەناوچوون دەبنەوە

2 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

ساڵ لەدوای ساڵ كاریگەرییەكانی وشكەساڵی لەعێراقدا دەردەكەوێت و ئەم وڵاتە بەپێی راپۆرتەكانی نەتەوەیەكگرتووەكان یەكێكە لەو پێنج وڵاتەی كە بەكاریگەرییەكانی كەشوهەوا زیانی پێگەیشتووە، حكومەتی عێراقیش هۆكارەكەی بۆ ئەو بەنداوانە دەگەڕێنێتەوە كە هەردوو وڵاتی ئێران و توركیا لەسەر هەردوو رووباری دیجلەو فورات دروستیان كردووە كەهەر ئەمەش بووەتە هۆكاری كەمبوونەوەی ئاستی ئاوی ئەو دوو بەنداوە.

راپۆرتە فەرمییەكان ئاماژە بەوەدەكەن نزیكەی ٥٠٠ هەزار كەس لەسەرەتای ساڵی ٢٠٢٠ەوە لەناوچەكانی باشووری عێراقەوە روویان لەناوەڕاستی شارەكان كردووە، رێكخراوی خۆراك و كشتوكاڵی سەر بەنەتەوەیەكگرتووەكانیش هۆشداری ئەوەی داوە كەدۆخی كشتوكاڵ لەعێراقدا بەهۆی گۆڕانی كەشووهەواو كەمبوونەوەی ئاوەوە مایەی نیگەرانییەو پێویستی بەهاوكاری هەیە.

بۆ نموونە لەپارێزگای بەسرە كەنزیكەی دوو ملیۆن دانیشتوانی هەیە لەماوەی چەند مانگی رابووردوودا زیاتر لە ٣٥٠ هەزار كەسی لەخۆگرتووە كە كۆچی بەكۆمەڵیان كردووە بەهۆی ئەوەی چیتر زەوییە كشتووكاڵیەكانیان بەكارناهێنن ئەویش بەهۆی كەمبوونەوەی ئاوەوە، ئەم خەڵكانەش ناچار بەشێوەیەكی هەڕەمەكیانەو بەبێ هیچ خزمەتگوزارییەك لەناو شاردا بڵاوبوونەتەوە.

هۆكاری ئەم كۆچە بەكۆمەڵەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە پارێزگای بەسرە بەتایبەت ناوچەكانی باكوورو باكوری خۆرئاواری پارێزگاكە زیاتر لەهەموو پارێزگاكانی دیكە رووبەڕووی وشكەساڵی و كەمئاوی بوونەتەوە، ئەمەش وایكردووە كە بەدەیان هەزار جوتیار گوندو شوێنەكانیان بەجێبهێڵن و روو لەناوەندی شارەكان بكەن، لەئێستاشدا لەشارەكان بەبێ هیچ سەرچاوەیەكی ژیانكردنن و بەهاوكاری دەژین.

رێكخراوەكانی ژینگەپارێزی جەخت لەوەدەكەنەوە كە نزیكەی ٥٠٠ هەزار جوتیار و خێزانەكانیان پارێزگاكانی باشووری عێراقیان بەرەو ناوەڕاستی شارەكان بەدوای ژیانێكی باشتردا بەجێهێشتووەو حكومەتیش لەئاستیاندا كەمتەرخەمە، ئەوەش رووندەكەنەوە ئەو دۆسیەیە هەر بەتەنیا ئەو كەمئاوییە نییە كە سیاسییەكان لەبارەیەوە دەدوێن، بەڵكو لەئەرزی واقیعدا وشكەساڵییەكی راستەقینە لەئارادایە.

بەر لەهەفتەیەكیش نەتەوەیەكگرتووەكان هۆشداری ئەوەی دابوو كەعێراق رووبەڕووی وشكەساڵییەكی درێژ دەبێـتەوەو دەبێتەهۆی لەناوچوونی هەزاران دۆنم زەوی كشتووكاڵی، ئاماژەشی بەوەدابوو كە هۆكاری هەموو گرفتەكان دیاردە ناجێگیرەكانی كەشوهەواو و گۆڕانی دۆخەكەیە وەك شەپۆلی گەرمای درێژو باران بارینی زۆرو بەرزبوونەوەی پلەكانی گەرماو تێكچوونی كاتی باران بارین و پێشبینینەكردن بۆی و شەپۆلی خۆڵبارین و وشكەساڵی درێژو لافاوو كەمبوونەوەی ئاوی هەردوو رووباری دیجلەو و فورات بۆ رێژەی لەسەدا ٣٠ بۆ ٤٠.

گۆڕانی كەشوهەوا هەر بەتەنیا كاریگەری ناخاتە سەر كەرتی كشتوكاڵی، بەڵكو دەبێتەمایەی هەڕەشەیەكی ترسناكیش لەسەر مافە بنەڕەتییەكانی مرۆڤ و لەمپەرێكیش دەبێت لەبەردەم گەشەسەندنێكی بەردەوامدا.

لەماوەكانی رابووردووشدا وەزارەتی سەرچاوەكانی ئاوی عێراق ئاشكرای كردبوو كەمەترسییەكی گەورە لەگەردنی عێراقییەكان ئاڵاوە، ئەویش بەهۆی كەمی هاتنی ئاو لەوڵاتانی باكوورو رۆژهەڵاتی عێراقەوە (كەمەبەست لێی توركیاو ئێرانە)، ئاماژەشی بەوەكردبوو رێژەی خەزنكردنی ئاو لەوڵاتدا گەیشتووەتە لەسەدا ١٢ی رێژەی خەزنكردنی گشتی، ئەویش بەهۆی رێگریكردن لەهاتنی ئاو لەتوركیاو ئێرانەوە بەشێوەیەكی ئانقەست، وەزارەتەكە جەختیشی لەوەكردبووەوە كەهەنگاوەكانی حكومەتی عێراق بۆ چارەسەركردنی ئەو گرفتە لەدوو ئاراستەدا خۆی بینوەتەوە، یەكەمیان كەمكردنەوەی ئاسەواری كەمی ئاو لەسەر هاووڵاتیان، دووهەمیشان گرەنتی گەیشتنی بەشە ئاو بۆ هەموو سودمەندبووان.

وەزارەتی سەرچاوەكانی ئاوی عێراقیش لەپێشوتردا پلانێكی 20 ساڵیی هەبوو بۆ مۆدێرنەكردنی ژێرخانی تۆڕەكانی ئاو كە لەساڵی 2015 دایڕشتووە، بەڵام نەبوونی بودجەو پشتیوانی، ئەو پلانەی بێ جێبەجێكردن هێشتووەتەوە. ئەو پلانە پێویستی بە 160 ملیار دۆلارە، واتە ساڵانە هەشت ملیار دۆلار بۆ ماوەی 20 ساڵ، بەڵام وەزارەتی سەرچاوەكانی ئاو كەمترین بودجەی بۆ تەرخان دەكرێت. بۆ نموونە لەساڵی 2017دا لەكۆی بودجەی 85.2 ملیار دۆلار، تەنیا 558.1 ملیۆن دۆلار بۆ وەزارەتی سەرچاوەكانی ئاو لەعێراق تەرخان كرابوو.

وشكەساڵییەكەی عێراق بەجۆرێكە بەپێی لێدوانی فەرمی بەرپرسان لەساڵی 1930ەوە تائێستا دۆخی وەها رووی لەعێراق نەكردووەو عێراق قورسترین ساڵی بەڕێكردووە.

شارەزایانی بواری ژینگە بڕوایان وەهایە ئەو شەپۆلی وشكەساڵییە كە وڵاتی گرتووەتەوە گرفتی راستەقینەی درووستكردوە بەتایبەت لەگەڵ زیادبوونی ژمارەی دانیشتوان و كۆنترۆڵكردنی سەرچاوەكانی ئاو لەلایەن ئێران و توركیاوە لەدوای ساڵی 2003ەوە كەوایكردووە عێراق لەوڵاتێك كە ئاوی لێ زیادبوو ببێتە وڵاتێك كەهەژاربێت لەڕووی ئاوەوە.

ئەو شارەزایانە بڕوایان وایە ناوچەكانی باشوری عێراق زۆرترین زیانیان پێگەیشتووەو ناوچەكانی دیكەش هەریەكەو بەجۆرێك زیانیان پێگەیشتووە، بەمەش كۆچی بەكۆمەڵی لێكەوتووەتەوەو هۆڕەكان وشكیان كردووەو ئاژەڵ و بەرهەمی ماسی كەمبووەتەوە كە بەسەرچاوەی سەرەكی ژیانكردن لەو ناوچانە ئەژماردەكرێت.

لەئێستاشدا قەبارەی ئاوی خەزنكراوی عێراق كەمترە لە پێنج ملیار مەتر چوارجا، كە سێ ملیاری ئاوی خەزنكراوی مردووە كەهیچ سودێكی لێ نابینرێت، بەڵام عێراق پەنای بردۆتەبەر ئەو ئاوە خەزنكراوە مردووەی دەریاچەی سەرسار، ئەوەی ئێستا سودی لێدەبینرێت تەنیا دوو ملیار مەتر چوارجا ئاوە.

شارەزایان بڕوایان وایە ئەگەر دۆخەكە بەمجۆرە بڕوات ئەوا عێراق وەك وڵاتێكی ئەفریقی لێدێت لەڕووی برسێتی و تینویەتییەوە، ئەمە جگەلەوەی بێكارییەكی زۆر بڵاودەبێتەوە، هەربۆیە داواكارن عێراق داوای بەشە ئاوی خۆی بكات لەتوركیاو ئێران و ژێرخانی خۆی بونیات بنێتەوەو پەنا بباتەبەر كشتوكاڵی مۆدێرن و رێگە لەزیادەڕۆیی بگرێت.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار