ناتۆ: "لە پشتیوانیکردنی ئۆکراینا پاشەکشە ناکەین"

2 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

سکرتێری گشتیی ناتۆ، یانس ستۆڵتێنبێرگ بە ئاماژەدان بەوەی کە ناتۆ بەردەوام دەبێت لە پشتیوانیکردنی ئۆکراینا لەو جەنگەی رووسیا لە دژی هەڵی گیرساندووە، رایگەیاند: "ئەگەر رووسیا سەرکەوتوو بێت، ئاشتی یەکجارەکی بەدی نایەت".

یانس ستۆڵتێنبێرگ لە میانی کۆڕبەندی "Aspen-German Marshall Fund" لە بوخارێست رایگەیاند کە لە بەرامبەر داگیرکارییەکانی رووسیا ئامادەکارییەکانی باڵی رۆژهەڵاتی ناتۆ زیادیان کردووە و ژمارەی گرووپە جەنگییەکان لە چوارەوە کراون بە هەشت.

سکرتێری گشتیی ناتۆ ئاماژەی بەوە دا کە هەرچەند ناتۆ و وڵاتانی ئەندام لە ناتۆ لایەن نین لە جەنگی نێوان رووسیا و ئۆکراینا، بەڵام ناتۆ بە جۆرێک پشتیوانی لە ئۆکراینا دەکات کە پێشتر هاوشێوەی نەبیندراوە و گوتی: "سەرۆکی رووسیا، ڤلادیمیر پوتین دەزانێت لە جەنگەکەدا لە دۆڕاندان، بۆیە ستەمکارییەکانیان زیاتر کردوون و هێرش دەکەنە سەر شارەکان و ژێرخانی مەدەنی لە ئۆکراینا".

ناوبراو پتەوی پەیوەندییەکانی نێوان ناتۆ و ئۆکراینای بۆ پێشتر لە جەنگ گێڕاندەوە و گوتی: "ئەگەر رووسیا سەرکەوتوو بێت، ئاشتی یەکجارەکی بەدی نایەت. ناتۆ بەردەوام دەبێت لە پشتیوانیکردنی ئۆکراینا لەو جەنگەی رووسیا لە دژی هەڵی گیرساندووە و لە پشتیوانیکردنی ئۆکراینا پاشەکشە ناکات".

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار