بەریتانیا؛ قاچاغچییەكی كورد بەتۆمەتی خنكانی چەندین كۆچبەر دەستگیردەكرێت

2 ساڵ لەمەوپێش



كاوە ڕەش

 ئاژانسی تاوانی نیشتیمانی بەریتانیا ڕایگەیاند: ڕۆژی سێ شەممەی كاتژمێر 6:45 خولەكی بەرەبەیان لێكۆڵەرەوەكانیان شانبەشانی ئەفسەرانی یەكەی نیشتیمانی لە شاری گلۆستێرشایر، كوردێكی قاچاغچیان دەستگیركردوە كەپەیوەندی ڕاستەوخۆی بەگیانلەدەستدانی لانیكەم 27 كۆچبەرەوە هەیە، كەلەمانگی نۆڤەمبەری ساڵی ڕابردوودا لە هەوڵی پەڕینەوە بەدەربەندی ئینگلیزیدا خنكاون.

بەپێی ئاماژەی ئاژانسی تاوانی نیشتیمانی بەریتانیا، بەناسنامەی قاچاغچیەكە، ناوی تەواوی (ه، ئ، ئ)ە، و تەمەنی ٣٢ ساڵە، لەناونیشانێك لەناوچەی چێڵتنهام دەستگیركراوە. شوێنپێ هەڵگرتن و دەستگیركردنی ئەو قاچاغچییە بەهاوكاری لەگەڵ دەسەڵاتدارانی فەرەنسا ئەنجامدراوە كەكاریانكردوە بۆ لێكۆڵینەوە لەو كارەساتەی نۆڤەمبەری ساڵی ڕابردوو كەبووەتە هۆی خنكانی دەیان كۆچبەر.

ناوبراو یەكێكە لەئەندامی گروپی تاوانە ڕێكخراوەكان، كەدەستی هەبووە لەگواستنەوەو پەڕاندنەوەی چەندین كۆچبەری نایاسایی بۆ بەریتانیا بەبەلەمێكی بچووك. لەنێویاندا یەكێك لەو بەلەمانەی هەوڵی پەڕاندنەوەی داوە بۆ بەریتانیا دوای جێهێشتنی كەناراوەكانی فەرەنسا، ژێر ئاو كەوتووە، بەهۆیەوە جگە لەدوو كەسی ناو بەلەمەكە، هەموویان گیانیانلەدەستداو تائێستاش چوار كۆچبەر بێسەروشوێنن.

دوای دەستگیركردنی ئەو تۆمەتبارە، بڕیارە ناوبراو سبەی لەبەردەم دادگای وێستمینستەردا ئامادەبێت، تا ڕێكارو ڕێوشوێنی ڕادەستكردنەوە دەستپێبكات لەگەڵ دەسەڵتدارانی فەرەنسا، چونكە تاوانەكە لەژێر كۆنتڕۆڵی ئاوی فەرەنسادا ڕوویداوە. كرایك تۆرنەر، جێگری بەڕێوەبەری ئاژانسی تاوانی نیشتیمانی بەریتانیا دەڵێ; ئەم ئۆپراسیۆنە ، لەچوارچێوەی لێكۆڵینەوەیەكی بەرفراواندا بووە، سەبارەت بەو ڕووداوانەی كەبوونەتە هۆی خنكانی ئەو كۆچبەرانەی لەو كارەساتە دڵتەزێنەدا بوون لەبەندەرەكەدا. ناوبراو ئاماژەی بەوەشكردووە، ئەو قاچاغچییەی ئەمڕۆ دەستگیركراوە گومان دەكرێت ڕۆڵێكی سەرەكی هەبووبێت، لەگیانلەدەستدانی بەئەنقەستی ناو بەلەمەكە. ئەو بەرپرسەی ئاژانسەكە دەڵێ، ئەوان لەنزیكەوە لەگەڵ هاوبەشە فەرەنسییەكانیان بڕیاریانداوە هەموو هەوڵێك بدەن بۆ بەدەستهێنانی مافی دادپەروەری بۆ كەسوكاری ئەو كەسانەی كە ژیانیان لەدەستداوە لەو كارەساتەدا، و هەوڵی بێ ماندوبونیش دەدەن بۆ پەكخستن و هەڵوەشاندنەوەی تۆڕی چەپەڵی تاوانكاریی و ڕێكخراوەیی قاچاغچییەكان، ئەوانەی تێوەگلاون لەبازرگانیكردنن بەمرۆڤەوە.

وەزیری ناوخۆی بریتانیا، سوێلا براڤەرمان، لەبارەی دەستگیركردنی ئەو قاچاغچییەوە دەڵێت: سەرباری هاوخەمیی و هاوسۆزی بەردەوامی من، لەگەڵ خێزانی هەموو ئەو كەسانەی كە بەو شێوەیە كارەساتبارو خەمبارە گیانیانلەدەستدا لەم ڕووداوەدا، سوپاسی هەموو دەزگاكانی دیكە لەسەرانسەری بریتانیاو فەرەنسا دەكەم، بۆ كارە گرینگ و ماندونەناسانەیان بۆ چەسپاندنی دادپەروەری بۆ قوربانییەكان و خێزانەكانیان لەڕێگەی دەستگیركردنی ئەو تۆمەتبارانەی كەپێمان وایە، بەرپرسیارن لە ڕووداوانە وە دەبێ ئێمە دڵنیابین لەوەی، هێزی یاسا بەتەواوی بەسەر تۆمەتباراندا جێ بەجێ دەكرێت. جێی وەبیر هێنانەوەیە، لە٢٤نۆڤەمبەری ساڵی ڕابردوو، بەلەمێكی پەناخوازان كەهەوڵی پەڕینەوەی دەدا لەفەڕەنساوە بۆ بەریتانیا بەنایاسایی، لەكەناڵەكەدا تێكشكاو ژێر ئاو كەوت.

لەو ژمارەیە لانی كەم ٢٧پەناخواز خنكان و چوار كەسی دیكەش تائێستاش بێ سەروشێنن و تەنها دووكەس بەزیندووی ڕزگاریان بوو. پەناخوازەكان زۆربەیان خەڵكی هەرێمی كوردستانی عێڕاق بوون و لەنێویاندا ٢٠ لەوان خەڵكی شارۆچكەی ڕانیەیی سەر بەپارێزگای سلێمانی بوون.

لەساڵیادی ئەو كارەساتە تراجیدییەدا، كەناڵی (ئای تیڤی) بەریتانی،دۆكۆمێنتەریەكی ٦٠ خولەكی دەربارەی ئەو ڕووداوە بڵاوكردوە، كەنزیكەی یەك ساڵی خایاندوە لەبەرهەمهێنانی و تێدا بەشێك لەخێزانی قوربانییەكان و یەكێك لەڕزگاربوەكان، چیرۆكی كارەساتەكە دەگێڕنەوە. هەروەها كەناڵی ئای تیڤی لەڕێگای ڕۆژنامەوانێكی كوردەوە بەنهێنی شوێن پێی قاچاغچییەكانی، دەنكیغ و كاڵاسی سەرسنوری فەڕەنسا هەڵدەگرێی و، لەوێ ڕەوشی بازرگانیكردن و پەڕاندنەوەی كۆچبەران تۆمار دەكات.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار