چوار ژنی کورد لە لیستی 100 ژنی کاریگەری جیهاندان
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
بی بی سی لیستی 100 ژنی کاریگەری لە سەرانسەری جیهان بۆ ساڵی 2022 ئاشکرا کرد کە لە ناویاندا چوار ژنی کوردی تێدایە هاوشانی گۆرانیبێژی بەناوبانگی جیهانی بێڵی ئایلش، خانمی یەکەمی ئۆکرانیا ئۆلینا زێلێنسکا، ئەکتەری بەناوبانگ پریانکا چۆپرا و سێلما بلەیر 'تزارینای پۆپی ڕووسی' و ئالانا پوگاچیڤا، شاخەوانی ئێرانی و ئێلناز ڕێکابی، یاریزانی بازدانی سێ قۆڵی و نووسەری گانیان نانا دارکوا سکیاماو ژنان لە سەرجەم چین و توێژە جیاجیاکان لەسەرانسەری جیهانەوە .
بی بی سی ڕایگەیاند " ئەمە دەهەمین وەرزی دەرکردنی لیستی 100 ئافرەتی کاریگەری جیهانە ، بۆیە ئێمە دەرفەت وەردەگرین بۆ ئەوەی بزانین لە ماوەی دەیەی ڕابردوودا چ پێشکەوتنێک بەدی هاتووە. لە کاتێکدا هەنگاوی زۆر گەورە بۆ مافەکانی ژنان هەیە - لە زیادبونی ژمارەی سەرکردە مێینەکانەوە بۆ بزووتنەوەی میتوو بۆ ژنان بەڵام لە زۆرێک لە گۆشەکانی جیهان هێشتا ڕێگایەکی دوورودرێژ هەیە بۆ ڕۆیشتن.
لەناو لیستی ١٠٠ ژنی کاریگەری جیهان چوار ژنی کورد هەن ئەوانیش:
زارا محەمەدی، مامۆستا
زارا محەممەدی وەک یەکێک لە دامەزرێنەرانی کۆمەڵەی فەرهەنگی کۆمەڵایەتی نۆژین، زیاتر لە دە ساڵە کاتی خۆی بۆ فێرکردنی زمانی کوردی لە شارەکەی خۆی، سنە تەرخان کردووە. بەڵام حکوومەتی ئێران زارای بە "پێکهێنانی گرووپ بە ئامانجی تێکدانی ئاسایشی نەتەوەیی" تۆمەتبار کرد و حوکمی پێنج ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێندراو لە مانگی یەکی ٢٠٢٢ وەوە لە زینداندایە.
ڕۆیا پیرایی، چالاکوان
کاتێک دایکی ڕۆیای تەمەن 62 ساڵ لە شاری کرماشان سەرقاڵی ناڕەزایەتی دەربڕین بوو، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە تەقەی لێکرا و کوژرا. ڕۆیا بە سەری تاشراوەوە لە تەنیشت گۆڕی دایکی وەستابوو و قژی بڕاوەکەی بە دەستەکانیەوە گرتبوو و بە سەرپێچییەوە سەیری کامێراکەی دەکرد.
ئەو کچە بووەتە یەکێک لەو ڕووخسارانەی کە لە ئاستی نێودەوڵەتیدا بووە مانشێتی ڕۆژنامەکان دوای بڵاوبوونەوەی ناڕەزایەتییەکانی دژ بە حکومەت لە ئێران. ڕۆیا چاوی بە ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆکی فەرەنسا کەوتووە بۆ ئەوەی پشتیوانی نێودەوڵەتی بۆ ناڕەزایەتییە بەردەوامەکان وەربگرێت.
ڕۆزا ساڵح، سیاسەتوان
لە مانگی ئایاری ساڵی 2022، ڕۆزا ساڵح بووە یەکەم پەنابەر کە بۆ ئەنجومەنی شارۆچکەی گلاسکۆ هەڵبژێردرا، دوای ئەوەی لە تەمەنی کچێکی گەنجدا گەیشتە سکۆتلەندا.
ڕۆزا ساڵح خەڵکی هەرێمی کوردستانە، ئەو هاو دامەزرێنەری (سۆلیداریتی سکۆتلەند لەگەڵ کوردستان)ە، وەک چالاکوانێکی مافی مرۆڤ سەردانی ناوچە کوردنشینەکانی تورکیای کردووە.
نیگار مارف، پەرستار
کارەکانی نیگار مارف لە هەرێمی کوردستان بریتین لە چارەسەرکردنی ئەو ژنانەی کە خۆیان سووتاندووە، نیگار نزیکەی ٢٥ ساڵە لە نەخۆشخانەکاندا کاردەکات، چ لە بواری سووتانی منداڵان و چ لە چاودێری چڕدا. هەروەها لە بەشی نەخۆشخانەکەیدا چارەسەری ئەو نەخۆشانە دەکات کە بە ڕێکەوت تووشی سووتان بوون.