ئەڵمانیا و فەڕەنسا خەڵاتی مافەکانی مرۆڤ دەبەخشنە ژینا ئەمینی و ژنان لە ئێران
2 ساڵ لەمەوپێش
فەڕەنسا رایگەیاند لەگەڵ ئەڵمانیا خەڵاتی ئەمساڵی مافەکانی مرۆڤیان بەخشیوەتە ژینا ئەمینی و ژنان لە ئێران.
باڵیۆزخانەی فەڕەنسا لە تاران بە بڵاوکردنەوەی پەیامێک رایگەیاند؛ ئەمساڵ خەڵاتی هاوبەشی وڵاتەکەی و ئەڵمانیا بۆ مافەکانی مرۆڤ و سەروەریی یاسا بەخشراوەتە ژنانی ئێران و ژینا ئەمینی.
پەیامەکەی باڵیۆزخانەی فەڕەنسا لە تاران بە فەرمی لە ئەژماری تویتەری ئەو باڵیۆزخانەیە بڵاو کراوەتەوە و بەرپرسانی ئێرانیش هیچ کاردانەوەیەکیان نەبوە.
ئەڵمانیا و فەڕەنسا دوای سەرهەڵدانی ناڕەزایەتییەکان دەیان سزایان بەسەر دەسەڵاتی ئێراندا سەپاندوە بە هۆی ئەو توندویژی وسزا توندانەی بەرامبەر خەڵک و خۆپیشاندەرانی ناڕازیی وڵاتەکە کراوە، هاوکات ئەنجومەنی شارەوانییەکانی پاریس بە کۆی دەنگ ژینا ئەمینیی کرد بە هاوڵاتیی فەخریی پایتەختی فەڕەنسا.
ژینا ئەمینی خەڵکی شاری سەقز لە رۆژهەڵاتی کوردستان لە (16/9/2022) دوای سێ رۆژ بە بێهۆشی لە نەخۆشخانەی کەسرا لە شاری تاران گیانی لەدەستدا و بە پێی بەڵگەکانیش دەرکەوتوە لە لایەن پۆلیسی ئەخلاقی شاری تاران توندوتیژیی بەرامبەر کراوە و بەهۆی لێدانەوە توشی جەڵتەی دڵ و خوێنبەربونی مێشک بوە.