گەنجێکی دیکەی کورد بەهۆی ئەشکەنجەدانی هێزە ئەمنییەکانی ئێران گیانی لەدەستدا
نۆ گەنجی کورد بەهۆی ئەشکەنجە لە ناڕەزایەتییەکانی ئێران گیانیان لەدەستداوە
شەهریار عادلی تەمەن 27 ساڵ کە بە ئەشکەنجە گیانی لەدەستدا
3 ساڵ لەمەوپێش
رێکخراوەکانی مافی مرۆڤی رۆژهەڵاتی کوردستان بڵاویان کردوە گەنجێکی شاری سەردەشت لەژێر ئەشکەنجەی هێزە ئەمنییەکانی ئێران گیانی لەدەستداوە و بەوەش تا ئێستا نۆ گەنجی ئەو بەشەی کوردستان بەهۆی ئەشکەنجەوە گیانیان لەدەستداوە.
تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان رۆژی دوشەممە بڵاوی کردەوە؛ گەنجێکی دیکەی کورد بە ناوی شەهریار عادلی- تمەن 27 ساڵ خەڵکی شاری سەردەشت کە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێران لە ناڕەزایەتییەکاندا دەستگیرکرابو بەهۆی ئازار و ئەشکەنجەوە گیانی لەدستداوە.
رێکخراوەکە ئاماژەی بەوە کردوە ئەو گەنجە لە 22ی مانگی رابردو بە تۆمەتی بەشداریی لە ناڕەزایەتییەکانی شاری سەردەشت دەستگیر کراوە و گوازراوەتەوە بۆ بنکەیەکی ئەمنیی و هەواڵگریی شارەکە، هەر لەو بنکەیە بەهۆی ئەشکەنجەدانیەوە توشی خوێنبەربون بوە.
شەهریار عادلی چەند رۆژ پێش گیانلەدەستدانی بە دانانی بارمتە رەوانەی نەخۆشخانە دەکرێت بە مەبەستی چارەسەریی خوێنبەربونەکەی بەڵام بەهۆی کاریگەریی ئەشکەنجەدانەکەیەوە لە نەخۆشخانەی شاری سەردەشت گیانی لەدەستداوە.
بە پێی ئامارەکانی مافەرکانی مرۆڤ تا ئێستا لانیکەم 126کەس لە ناڕەزایەتییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان گیانیان لەدەستداوە کە نۆ کەسیان بەهۆی ئەشکەنجە و ئازار لە زیندان و بنکەی هێزە ئەمنییەکانی ئێران بوە.
