87 رۆژە ناڕەزایەتییەکانی رۆژهەڵات و ئێران بەردەوامە

لەسێدارەدانی دووەم گەنجی دەستگیرکراوی ناڕەزایەتییەکانی ئێران کاردانەوەی بەرفراوانی نێودەوڵەتیی لێکەوتەوە

2 ساڵ لەمەوپێش



87 رۆژە ناڕەزایەتییەکانی رۆژهەڵات و ئێران بەردەوامە دوەم خۆپیشاندەر لە شاری مەشهد لەسێدارە دار و گەنجێکی شاری سەردەشت بەهۆی ئەشکەنجەی هێزە ئەمنییەکان گیانی لەدەستدا، ئەوروپا 21 بەرپرس و ناوەندی کۆماری ئیسلامی ئێرانی بەهۆی پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ سزا دا و نەتەوەیەکگرتوەکان و فەڕەنسا و دەیان وڵاتی دیکە دژی جێبەجێکردنی سێدارە ئیدانەی دەسەڵاتی ئێرانیان کرد.

لە سێدراەدانی گەنجێکی دیکەی خۆپیشاندەر لە ئێران کاردانەوەی لێکەوتەوە و چالاکوانان و گەنجانی ناڕزایی رایانگەیاند کاتی شین نییە و کاتی شەڕە لە دژی دەسەڵاتێک کە دەیەوێت بە سێدارە بمانکوژێت.

هاوکات لەگەڵ لەسێدارەدانی مەجیدڕەزا رەهنەورد لە مەشهەد، هەواڵی کوژرانی شەهریار عادلی، دەستگیرکراوێکی خۆپیشاندانەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە ژێر ئەشکەنجەدا ئاشکرا بو.

تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان رۆژی دوشەممە بڵاوی کردەوە، گەنجێکی دیکەی کورد بە ناوی شەهریار عادلی تەمەن 27 ساڵ کە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێران لە ناڕەزایەتییەکان شاری سەردەشت دەستگیرکرابو بەهۆی ئازار و ئەشکەنجەوە گیانی لەدەستداوە.

ئەو گەنجە لە 22ی مانگی رابردودا بە تۆمەتی بەشداریی لە ناڕەزایەتییەکانی دەستگیر دەکرێت و لە بنکەیەکی ئەمنیی و هەواڵگریی شاری سەردەشت ئەشکەنجەدەدرێت، دواتر بە دانانی بارمتە مۆڵەتی پێدراوە لە نەخۆشخانە چارەسەری خوێنبەربونی بۆبکرێت کە دوای چەند رۆژ مانەوە بەهۆی سەختی ئەشکەنجە و کاریگەریی زۆر لەسەر جستەی دواجار شەهریار عادلی لە نەخۆشانە گیانی لەدەستداوە.

لەگەڵ لەسێدارەدانی ئەو گەنجە وەرزشکارەی شاری مەشهد لە زۆربەی زانکۆکانی تاران و مەشهەد و چەند شارێکی دیکە ناڕەزایەتیی بەڕێوچو و خوێندکاران ئیدانەی سزای سێدارەیان لە ئێران کرد.

چالاکوانان و ئەنجومەنەکانی تایبەت بە شارەکانی ناوخۆی ئێران بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتیی داوایان کردوە لە سبەینێوە بۆ ماوەی سێ رۆژ مانگرتن و ناڕەزایەتیی لە سەرتاسەری وڵاتەکە دژی لەسێدارەدان.

یەکێتی ئەوروپا لە دانیشتنی رۆژی دوشەممەی وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی ئەندامی یەکێتییەکە ژمارەیەک سزای دیکەی دژی کۆماری ئیسلامی ئێران بەهۆی توندوتیژیی و لەسێدرەدانی خۆپیشاندەران راگەیاند.

جۆزێپ بۆڕێل، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا رایگەیاند 20 بەرپرسی کۆماری ئیسلامی ئێران و دامەزراوەیەکی ئەو دەسەڵاتە لە لایەن ئەوروپاوە سزای قورسیان بەسەردا دەسەپێت و هۆکاری ئەو سزایانەش پێشێلکردنی حاشاهەڵنەگری مافەکانی مرۆڤە لە لایەن دەسەڵاتی ئێرانەوە.

وەزارەتی دەرەوەی فەڕەنسا لە بەیاننامەیەکدا دوای لەسێدارەدانی مەجیدڕەزا رەهنەوەرد رایگەیاند؛ پاریس بە توندترین شێوەی ئیدانەی لەسێدارەدانی دوەم گەنجی دەستگیرکراوی ناڕازیەتییەکانی ئێران دەکات و ئەوەش ئاماژەیەکی رون و مەترسیداری پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤە کە قبوڵکراو نابێت.

هاوکات ئەنجومەنی مافەکانی مرۆڤی سەر بە نەتەوەیەکگرتوەکان لە پەیامێکدا رایگەیاند لەسێدرارەدانی گەنجێکی دیکەی ناڕازیی لە ئێران توشی شۆک بوین و بەکارهێنانی سزای سێدارە لەگەل مافە گەردونییەکانی ژیان یەک ناگرنەوە.

لەگەڵ فەڕەنسا و یەکێتی ئەوروپا، ئانالینا بەیربۆک، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا لە پەیامێکدا ئیدانەی جێبەجێکردنی سزای سێدارەی لە ئێران کرد و رایگەیاند؛ ئەو هەنگاوانەی دەسەڵاتی ئێران بۆ لەسێدارەدان لە پێناو ترساندن و تۆقاندنی خەڵکدایە.

ئەمڕۆش لە چەند شارێکی رۆژهەڵاتی کوردستان دەستگیرکردنی گەنجان و لاوان بەردەوامبو و سەرچاوەکانی هەواڵ ئاشکرایان کرد حەوت گەنجی دیکەی کورد لەو بەشەی کوردستان دەستگیرکراون و هاوشێوەی ماوەی رابردو چارەنوسی زۆربەیان دیار نییە.

بەپێی ئامارەکانی مافەکانی مرۆڤ تا ئێستا لانیکەم 127کەس لە ناڕەزایەتییەکانی رۆژهەڵاتی کوردسیان گیانیان لەدەستداوە کە نۆ کەسیان بەهۆی ئەشکەنجە و ئازار لە زیندان و بنکەی هێزە ئەمنییەکانی ئێران بوە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار