88 رۆژە ناڕەزایەتییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بەردەوامە

3 ساڵ لەمەوپێش



ئەمڕۆ 88 رۆژ بەسەر ناڕەزایەتییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێراندا تێدەپەڕێت و لە شاری مەشهەد رێگریی کرا لە بەڕێوچونی رێوڕەسمی جەماوەریی و پرسەی مەجیدڕەزا رەهنەوەرد کە رۆژی رابردو لەسێدارە درابو، هاوکات کەشی ئەمنیی و سەربازیی بەسەر شاری جوانڕۆدا سەپێنرا بەهۆی ناڕەزایەتیی خەڵکی ئەو شارە دژی دەستگیرکردنی مامۆستایەکی ئاینیی و سێ گەنجی کورد مەترسیی لەسێدارەدانیان لەسەرە.

مەلا سەیفوڵڵا حسێنی بە تۆمەتی پشتیوانیی لە ناڕەزایەتییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و شاری جوانڕۆ لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە شەوی دوشەممە دەستگیر کراوە و ئەوەش توڕەیی خەڵکی شارەکەی لێکەوتەوە جەماوەرێکی زۆر تا بەرەبەیانی رۆژی سێشەممە لەبەردەم قائیمقامیەتی جوانڕۆ کۆبونەوە و داوای ئازاکردنی ئەو مامۆستا ئاینییەیان کرد.

دادگایەکی ئێران لە شاری ورمێ سزای سێدارەی بەسەر چوار گەنجی دیکەی شاری شنۆ لە رۆژهەڵاتی کوردستان سەپاندوە و بەوەش تا ئێستا شەش گەنجی ئەو شارە کە دوانیان بران بە تۆمەتی بەشداریی لە ناڕەزایەتییەکان سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێنراوە.

سەرچاوەیەک لە کەسوکاری فەرهاد و فەرزاد تەهازادە کە بران و سزای سێدارەیان بۆ بڕاوەتەوە رایگەیاندوە؛ بڕیارە رۆژی چوارشەممە سزای سێدارەدانی ئەو دوو برایە جێبەجێ بکرێت.

تا ئێستا زیاتر 15 گەنجی کورد لە شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و تاران و کەرەج سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێنراوە.

رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی ئەمڕۆ لە بەیاننامەیەکدا داوای راگرتنی سزای سێدارەی سامان سەیدی ناسراو بە یاسین، هونەرمەند و راپەری شاری کرماشان لە رۆژهەڵاتی کوردستانی کرد کە بە تۆمەتی بەشداریی لە ناڕەزایەتییەکانی شاری تاران سزای سێدارەی بەسەردا سەپێنراوە و بە پێی بەیاننامەکەی ئەو رێکخراوەیە؛ سامان یاسین بە مەبەستی لەسێدارەدانی لە زیندانی ئێڤین لە تاران بۆ زیندانی رەجایی شار لە کەرەج گوازراوەتەوە و مەترسیی راستەقینە لەسەر ژیانی هەیە.

ئەمڕۆ دوای رۆژێک لە سێدارەدانی مەجیدڕەزا رەهنەوەرد هێزە ئەمنییەکان رێگەیان نەدا رێوڕەسمی جەماوەریی و پرسە بۆ ئەو گەنجە لە شاری مەشهەد بەڕێوبچێت.

رۆژی سێشەممە وەزارەتی دەرەوەی فەڕەنسا ئەرکداری باڵیۆزخانەی کۆماری ئیسلامی ئێرانی لە پاریس بانگهێشت کرد و ناڕەزایەتیی وڵاتەکەی لەسەر سەرکوتی خۆپیشاندەران و فڕۆشتنی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بە روسیا ئاڕاستەی تاران کرد.

فەڕەنسا داوای لە ئێران کردوە سزای سێدارە راگرێت و رەچاوی مافە رەواکانی خۆپیشاندەران و خەڵکی وڵاتەکەی بکات.

تەنها لە تاران سزای زیندانیی دورودریژ بۆ 400 خۆپیشاندەری دەستگیرکراو بڕایەوە و سەرۆکی داواکاری گشتیی شاری تاران ئەمڕۆ ئاشکرای کرد لەو ژمارەیە 160 کەس پێنج ساڵ بۆ 10 ساڵ زیندانیان بەسەردا سەپێنراوە و 80 کەسیشیان دو بۆ پێنج ساڵ زیندانیان بۆ بڕاوەتەوە و 160 دەستگیرکاویشیان سزای دو ساڵ زیندانی و 70 دەستگیرکراوی دیکەیسزای مادییان بەسەردا سەپێنراوە.

دژی لەسێدارەدانی دەستگیرکراوان ئەمڕۆ لە زانکۆی پزیشکی شاری تەبرێز رێپێوان بەڕێوەچو و خوێندکارانی ئەو زانکۆیە داوای راگرتنی سزای سێدارەیان کرد و لە تاران و شیراز و مەشهەد و کامیارانیش ناڕەزایەتیی دژی سزای سێدارە بەڕێوچو.

ئەمڕۆ لە شاری فرانکفۆرت لە ئەڵمانیا مانگرتن و ناڕەزایەتیی دژی دەسەڵاتی ئێران و سزای سێدارە بەڕێوچو و لە شاری لەندەن و مانچستر لە وڵاتی بەریتانیا لەبەردەم نوسینگەی رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتیی گردبونەوە دژی دەسەڵاتی ئێران و سزای سێدارە بەڕێوەچو.

هاوکات لە شاری میلان و تورین لە وڵاتی یتاڵیا و ئۆکلاند لە نیوزلەندا و ئیستانبوڵ لە تورکیا و سیدنی لە ئۆسترالیا و گۆتێنێرگ لە سوید ناڕەزایەتیی و گردبونەوەی چالاکوانان دژی دەسەڵاتی ئێران و سزای سێدارە بۆ خۆپیشاندەران بەڕێوەچو.

وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا رۆژی سێشەممە لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند 12 بازرگانی روسیا و ژمارەیەک بازگانی ئێرانی سزا داوە و هاوکات لەو بەیاننامەیەدا جەختی لەوە کردوەتەوە کە ئێران بە رەفتار و هەڵسوکەوتەکانی سەرەڕای سەرکوت و ناڕەزایەتییەکانی ناوخۆی وڵاتەکە بوەتە هۆی ناسەقامگیریی و دروستکردنی مەترسیی بۆسەر رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

لە لایەکی دیکەوە جەیک سولیڤان، راوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانیی ئەمریکا رایگەیاند بەهۆی ئەو سەرکوت و سێدارانەی دەسەڵاتی ئێران دەیسەپێنێت، واشنتۆن هەوڵ دەدات زۆربەی ئەو بەرپرسانەی تاران سزا بدات کە دەستیان لە پێشلکردنی مافەکانی مرۆڤدا هەیە.

ئەو وتیشی کۆشکی سپی بۆ سزادانی زیاتری کۆماری ئیسلامی ئێران لەگەل وڵاتانی هاوپەیمانی بە هەماهەنگی کار دەکات بۆ ئەوەی روی راستەقینەی روداوەکان بۆ جیهان ئاشکرا بن و دەسەڵاتی تاران بخڕێتە بەر بەرپرسیارێتیی ئەو تاوان و پێشێلکارییانەی ئەنجام دەدات.

بە پێی ئەو بەڵگانەی بڵاو کراونەتەوە سبەینی چوارشەممە کار دەکرێت بۆ ئەوەی مافی ئەندامێتیی ئێران لە کۆمیسیۆنی ژنانی سەر بە نەتەوەیەکگرتوەکان بسەندرێتەوە و ئەمریکا پێشەنگایەتیی ئەو هەنگاوە دەکات.

 

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار