پنتاگون: دەوریەکانمان لەگەڵ هەسەدە بە تەواوی دەست پێکردەوە
پاتریک ڕیدەر وتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەمریکا
2 ساڵ لەمەوپێش
پاتریک ڕیدەر وتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەمریکا (پنتاگۆن) رایگەیاند، دەورییە هاوبەشەکانی نێوان هاوپەیمانان و هەسەدە "بەتەواوی" دەستیپێکردووەتەوە کە بەهۆی هێرشە ئاسمانییەکانی تورکیاوە راگیرابوون.
ڕیدەر لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەوانیدا ئاماژەی بە دۆخی هێزەکانی هاوپەیمانان لە سوریا و پەیوەندیەکانیان لەگەڵ هەسەدە کرد و وتی، " بەناوی هێزەکانی ئەمریکاوە دەتوانم بڵێم، ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانمان لەگەڵ هەسەدە، دژی داعش دەستی پێکردووتەوە."
وتەبێژی پنتاگۆن باسی ئەوەشی کرد کە هێزەکانی ئەمریکا بەهۆی هێرشەکانی تورکیاوە، راستەوخۆ رووبەرووی مەترسی ببوونەوە، بەڵام دۆخەکە ئاساییە و لە ئێستادا هیچ مەترسیەکی دیکە لەسەر هێزەکانیان دروست نەبووە.
لە وڵامی پرسیارێکدا لەبارەی ئەوەی، ئایا تورکیا سوورە لەسەر هێرشی زەمینی بۆسەر باکوری سوریا یان نا؟ پاتریک ڕیدەر وتی، نامەوێت لەبری تورکیا قسە بکەم، بەڵام بەناوی ئەمریکاوە دەڵێم کە لەگەڵ هەسەدە چالاکیەکانمان بە تەواوی دەست پێکردووەتەوە و دەوریەکانمان پێکەوە لە نۆی مانگەوە ئۆپراسیۆن ئەنجام دەدەن.
بەهۆی هێرشی دەوڵەتی تورکیاوە کە شەوی ١٩ی تشرینی دووەم دەستی پێکرد، هێزەکانی سوریای دیموکراتی لە ٢٣ی ئەو مانگەدا رایگەیاند، بەهۆی هێرشەکانەوە، هەموو چالاکی و ئۆپراسیۆنێکیان لەگەڵ هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان راگرتووە و خۆیان بۆ وڵامدانەوەی هێرشەکانی تورکیا ئامادە دەکەن.