سێ مانگ خۆپیشاندانو ناڕەزایی لەئێران
توندوتیژیی دەسەڵات شەقامەكان بێدەنگ ناكات
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
سی مانگە سەرەڕای سزای سێدارەو كوشتنی گەنجان لەشەقام و لەژێر ئەشكەنجەدا شەقامەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان و ئێران لەئاست دەسەڵاتی كۆماری ئیسلامی بێدەنگ نەبون و بەشەوو رۆژو بەشێوازی جیاواز سەرجەم چین و تووێژەكان بەردەوامن لەدەربڕینی ناڕەازایەتیی.
دەسەڵاتی كۆماری ئیسلامی ئێران مێژووی 43 ساڵەی لەسێدارەدانی وایكردووە ببێتە یەكەم وڵاتی جیهان لە رووی جێبەجێكردنی ئەوە سزایەوەو نەتەوەیەكگرتوەكانیش لە راپۆرتێكدا ئاشكرایكردووە لەساڵی 1978 تائێستا زیاتر لە 30 هەزار كەسی دانیشتوی ئێران بەپەتی سێدارەی دەسەڵات كۆتایی بەژیانیان هێنراوە.
لەدوای مەرگی ژینا ئەمینی و سەرهەڵدانی ناڕەزایەتییەكان لانیكەم سزای سێدارە 50 خۆپیشاندەر دەگرێتەوەو لەو ژمارەیەش 26 كەسیان لەقۆناغی یەكەمی دادگاكانی كۆماری ئیسلامی ئێراندا سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێنراوەو لەو ژمارەیەش لانیكەم 10 كەسیان كوردن.
سەرەڕای ئەوەی لەماوەی كەمتر لەچوار رۆژدا دوو گەنجی دەستگیركراوی خۆپیشاندانەكانی مەشهەدو تاران لەسێدارەدران بەڵام شەقام و ناڕەزایەتییەكان دانەمركاونەتەوە و تەنانەت سەركردەكانی ریفۆرمخوازان دوای ماوەیەكی زۆر لەبێدەنگی بەئیدانەكردنی لەسێدارەدانی گەنجان ئاماژەیان بەوە كردووە دەسەڵاتی ئێران بە لەسێدارەدانی گەنجان گۆڕی خۆی هەڵدەكەنێت.
لەمەشهەد و تاران بەسێدارەو لەسنەو سەردەشت و شنۆ بەئەشكەنجە هەوڵی چاوترسێنكردنی خەڵكی وڵاتەكە دەدرێت، بەڵام وەك شارەزایانی كۆمەڵناسیی دەڵێن قۆناغی خەمگینی بووەتە هیواو چیتر بەو هەنگاوانە گەنجان و خەڵكی ناڕازیی سڵ لەهەڕەشە و تۆقاندنی دەسەڵاتی ئێران ناكەنەوە و ئەگەری هەیە ئاستی توندوتیژییەكانیش بەشێوەیەكی چاوەڕاواننەكراو زیاد بكەن.
وڵاتانی جیهان لەكاردانەوەی لەسێدارەدانی گەنجانی ناڕازیی ئێران پێداگرن لەوەی سنورێك بۆ پێشێلكارییەكانی دەسەڵات لەو وڵاتە دابنێن و تەنانەت وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا و باڵیۆزخانەی ئەو وڵاتە لە تارانی پایتەخت رایانگەیاند لەگەڵ ئەڵمانیا خەڵاتی هاوبەشی هەردوو وڵاتەكە بۆ مافەكانی مرۆڤ و سەروەریی یاسا دەبەخشنە ژنانی ئێران و ژینا ئەمینی كە ئەو هەنگاوەش بەهۆشداریی توندی ئەوروپا بۆ دەسەڵاتی ئێران لەقەڵەمدەدرێت بەهۆی كوشتنی گەنجان لەسەر شەقامەكان و ئەشكەنجەو سێدارە لەزیندان.
سێدارە شەقامەكان بێدەنگ ناكات
لەگەڵ لەسێدارەدانی یەكەم گەنجی دەستگیرکراوی ناڕەزایەتییەكانی شاری تاران بەناوی مۆحسین شكاری لە (8/12/2022) جارێكی دیكە خۆپیشاندان لەدەیان شەقامی پایتەخت بەشێوەیەكی بەرفراوان دەستیپێكردەوەو تەنات سەركردەكانی پێشووی كۆماری ئیسلامی ئێران سەر بەباڵی ریفۆرمخواز دوای نزیكەی 90 رۆژ بێدەنگی، هۆشدارییاندایە دەسەڵات و رایانگەیاند پەتی سێدارە بزوتنەوەی جەماوەریی راناگرێت و هۆشدارییان دا ئەو سزایانە بەخواستی خامنەیی بۆ ترساندن و تۆقاندن بەكاردەهێنرێت.
میرحسێن موسەوی، سەركردەیەكی بزوتنەوەی سەوز لەئێران لەپەیامێكدا رایگەیاند» نە چەك و نە سێدارە بزوتنەوەی خەڵك بۆ ئازادی و دیاریكردنی مافی چارەنووسی خۆیان راناگرێت، شۆڕشی ساڵی 1978 لەئێران بەمەبەستی چۆڵكردنی زیندانەكان بوونە وەك بۆ پڕكردنیان و سووتاندنیان».
هاوكات مەهدی كەڕوبی، یەكێكی دیكە لەبەپرسانی پێشووتری كۆماری ئیسلامی ئێران لەپەیامێكدا وتی: لەسێدارەدانی یەكەم گەنجی دەستگیرکراوی ناڕەزایەتییەكان بەمەبەستی لەسێدارەدانی زیاتری گەنجانی ناڕازاییە بەخواستی دەسەڵاتخوازان، ئەو وتیشی خامنەیی بەئەنقەست بەمەبەستی لەسێدارەدانی گەنجانی ناڕازیی، خۆپیشاندەران بەدەستی دەرەكیی ناودەهێنێت تا بواری سەركوتی زیاتری ئەو ناڕەزایەتییانە بخوڵقێنێت.
ئەگەرچی قسەی ئەو دوو بەرپرسە باڵایەی ریفۆرمخوازانیش دادی مەجید رەزا رەهنەوەرد، گەنجێكی دیكەی دەستگیركراوی ناڕەزایەییەكان لەشاری مەشهەدی نەداو تەنها دوای چوار رۆژ ئەویش لەسێدارە درا، بەڵام مەرگی ئەویش نەبووەتە هۆی كپكردنی ناڕەزایەتییەكان دژی دەسەڵاتی ئێران.
مەجید رەزا رەهنەوەرد كەوەرزشوان بوو دوای 23 رۆژ لەدەستبەسەركردنی سزای سێدارەی بەسەردا سەپێنراو لەتاریك و روونی بەرەبەیانی دووشەممە (12/12/2022) بەبێ ئەوەی پێشوەخت كەسوكاری ئاگاداربكرێنەوە لەسێدارەدرا.
هاوكات لەگەڵ لەسێدارەدانی دووەم گەنج لەئێران، هەواڵی گیانلەدەستانی گەنجێكی دیكەی شاری رۆژهەڵاتی كوردستان بەهۆی ئەشكەنجەی هێزە ئەمنییەكانی ئێران لەشاری سەردەشت بڵاوكرایەوە.
تۆڕی مافەكانی مرۆڤی كوردستان ئاشكرایكرد شەهریار عادلی تەمەن 27 ساڵ كە لەلایەن هێزە ئەمنییەكانی ئێران لەناڕەزایەتییەكان شاری سەردەشت دەستگیركرابوو بەهۆی ئازارو ئەشكەنجەوە گیانی لەدەستداوە.
بەپێی ئامارەكان تائێستا تەنها لەڕۆژهەڵاتی كوردستان لانیكەم نۆ گەنج بەئەشكەنجە و ئازار لەزیندان و بنكەی ناوەندە ئەمنییەكان گیانیان لەدەستداوە و بڵاوبوونەوەی ئاسەوارەكانی ئەشكەنجە لەسەر جەستەی ساردوسڕی ئەو گەنجانە بووەتە مایەی تووڕەیی زیاتری خەڵك.
هەوڵی دەسەڵات بۆ خنكاندنی ناڕەزایەتییەكان
دوو یاسای مەترسیدارو رێبەری كۆماری ئیسلامی ئێران بەكاریگەرترین هۆكاری جێبەجێكردنی سزای سێدارە لەوڵاتەكە لەقەڵەمدەدرێن بەتایبەت كە بەپێی دەستور، رێبەری وڵاتەكە بە راوێژ لەگەڵ دەزگای داد دەسەڵاتی تەواوی راگرتنی سزای سێدارەی هەیە.
زۆربەی ئەوانەی لەماوەی رابردوودا سزای سێدارە چاوەڕوانیان دەكات بەپێی یاساكانی (محاربة) دژایەتی خوداو (الإفســــاد فی الارض) سزادراون كە هەر یاسایەكیان دەتوانێت ببێتە هۆی ئەوەی بێتاوانێكیش بەو مەرجەی تەنها ناڕەزایەتیی دژی كۆماری ئیسلامی ئێران دەربڕێت لەسێدارە بدرێت،
هەڵگەڕانەوەی لە دین و ئایینی ئیسلام یا دژایەتیی خودا (ارتدادو موحاربه)
بەپێی ئەم یاسایەی ئێران هەر كەسێك لەدینی ئیسلام هەڵگەڕێتەوە و سوكایەتی و تۆمەتی ناڕەوا بخاتە پاڵ (پێغەمبەری ئیسلام) و ببێتە هۆی تێكدانی ئاسایشی گشتی دەكرێت بەپێی توندترین سزای تایبەت بەو تاوانە، لەسێدارە بدرێت كە ئەم سزایەش دەكرێت لێخۆشبوون بیگرێتەوە و تۆبەكردنیش یان بوون بەتەواب سزاكە هەڵدەوەشێنێتەوە.
(الإفساد في الآرض)
بەپێی یاسای تاوان لەئێران هەر كەسێك یان كەسانێك بەشێوەیەكی بەربڵاوو فراوان تاونێك ئەنجامبدەن و ببنەهۆی زیانگەیاندن بەتەندروستیی گشتی و بەشداربن لەتاوانی دژە ئاسایشیی ناوخۆو دەرەوەی وڵات و بڵاوكردنەوەی درۆو تۆمەت، كێشەدروستكردن لەسیستمی ئابوریی گشتی وڵات، ئاگربەردان و وێرانكاریی ماڵ و حاڵی گشتی، بڵاوكردنەوەی ماددەی ژەهراوی و مەترسیدارو میكرۆبی و كوشندە، دروستكردنی كۆڕو كۆمەڵی تاوان و لەشفرۆشی و هاوكاریی لەتێكدانی سیستمی گشتیی وڵات، تێكدانی ئاسایش و زیانگەیاندنی بەتەندروستیی جەستەیی گشتی یان دارایی گشتی و تایبەت، یان ببێتە هۆی بڵاوبوونەوەی گەندەڵی و لەشفرۆشی لەئاستی بەرفراون، بەتاوانبارێكی گەندەڵكار یان (مفسد في الارض) لەقەڵەمدەدرێت و سزای سێدارە دەیگرێتەوە.
هەر بڕیارێك لەلایەن دادگاكانی كۆماری ئیسلامی ئێران بۆ جێبەجێكردنی دواقۆناغی سزای لەسێدارەدان، دەبێت لەلایەن عەلی خامنەیی، رێبەری كۆماری ئیسلامی ئێرانەوە، واژۆ بكرێت و دواجار سەرۆكی دەزگای داد لەو وڵاتە بڕیاردەدات كەسزای سێدارە جێبەجێ بكرێت یان نا، لەكاتێكدا خامنەیی دەتوانێت هەموو بڕیارێكی سێدارە جگە لەسزای سێدارەی تایبەت بەكوشتنی بەئەنقەست نەبیت راگرێت بەڵام ئەویش توانای هەڵوەشاندنەوەی ئەو سزایەی بۆ هیچ بكوژێك نییە تەنها دەتوانێت داوای دانیشتنی دادگای پێداچوونەوە بۆ ئەو بەرپرسە باڵایانەی كۆماری ئیسلامی ئێران بكات كەسزای سێدارەیان بەسەردا سەپێنراوە.
بەپێی یاساكانی ئێران هەر جۆرە دژایەتییەكی حكومەت و دەسەڵاتی ئەو وڵاتە دەكرێت بخرێتە خانەی جەنگ لەگەڵ دینی ئیسلامدا، بۆیە هەر چالاكوانێكی سیاسیی كورد یان هەر نەتەوەیەكی دیكە لەئێران ئەگەر دژایەتی حكومەت و دەسەڵاتی كۆماری ئیسلامی بكات یان ببێتە ئەندامی پارتێكی نەیاری كۆماری ئیسلامی ئێران، دەكرێت بچێتە ئەو خانەیەوە و سزای سێدارەی بەسەردا بسەپێت كەهەندێكجار دادگاكانی ئەو وڵاتە بەسودوەرگرتن لەیاسای كوشتنی بەئەنقەست، مەرگی چەكدارانی سەر بەحكومەت و پلەدارە سەربازییەكانی ئێران دەخەنە ئەستۆی چالاكوانانی سیاسی و بەمەش سزای سێدارە بە\هیچ جۆرێك هەڵناوەشێتەوەو جێبەجێ دەكرێت.
لەئامارەكاندا دەردەكەوێت لەماوەی 43 ساڵی حوكمڕانی و دەسەڵاتی كۆماری ئیسلامی ئێران زیاتر لە 40 هەزار كەس لەسێدارە دراون ئەگەرچی دەزگای دادوەریی ئێران ئەو ژمارە لەجێبەجێكردنی سزای سێدارە رەتدەكاتەوە، بەڵام نەتەوەیەكگرتوەكان و رێكخراوەكانی مافەكانی مرۆڤ ئاشكرایانكردووە لەو ژمارەیە نزیكەی 10 هەزار كەسیان گولـلەباران كراون یان بەگولـلە كۆتایی بەژیانیان هێنراوە.
سێ مانگ ناڕەزایی و خۆپیشاندان
هەر لەچوارچێوەی توندوتیژییەكانی دەسەڵاتی ئێران جگە لەئاشكرابوونی دەستدریژیكردنە سەر زیاتر لە 11 كچ لەزیندان و گرتووخانەكانی ئێران كە لەڕێگەی تەلەفیزیۆنی (سی ئێن ئێن)ی ئەمریكا بڵاوكراوەتەوە چالاكوانانی مەدەنی و رێكخراوەكانی مافی مرۆڤ بەبێ ناوهێنان و بڵاوكردنەوەی ناسنامەیان ئاماژەیان بەوە كردووە دەستدرێژیی سێكسی لەناوەندە ئەمنیی و هەواڵگرییەكانی كۆماری ئیسلامی بووەتە ئامرازێك بۆ بێدەنگركردن و بێڕێزیی بەكوڕان و كچانی ناڕازیی ئەو بەشە لەكوردستان و ژمارەیەك لەو كەسانەش بە رەچاوكردنی دابونەریتی كۆمەڵایەتیی بێدەنگیان لەئاست ئەو تاوانە كردووە كە بەرامبەریان كراوە.
لەشارەكانی جوانڕۆ، سنە، بۆكان ، سەقزو كامیاران، كرماشان تاوانی دەستدرێژیی كراوەتەسەر دەیان گەنج و ئەوەش نیگەرانیی زۆبەی ناوەندەكانی مافی مرۆڤی لێكەوتووەتەوە بەتایبەت كە رەنگە زۆرینەی ئەو كوڕ كچانە ئامادە نەبن ئەو تاوانەی بەرامبەریان كراوە، ئاشكرا بكەن.
شاری سنە كە لەسەرەتای ناڕەزایەتییەكانەوە بەمانگرتن و خۆپیشاندان و دەربڕینی ناڕەزایەتی مێژوویەكی دیكەی لەسەرهەڵدان و ناڕەزایەتیی تۆماركردووە بەیەكەم شاری ناو جوگرافیای ئێران لەقەڵەمدەدرێت كە 90 رۆژی تەواو گەنجان و كچان و پیرو لاوی بێدەنگ نەبوون لەئاست دەسەڵات و لەسەر شەقام و گۆرەپانەكان بەردەوامبون لەدەربڕینی ناڕەزایەتیی.
تەنها لەو شارەی رۆژهەڵاتی كوردستان كە بەدەستەخوشكی شاری سلێمانی ناودەهێنرێت 18 كەس لەناڕەزایەتییەكاندا كوژراون كە دوو گەنجیان لەژێر ئەشكەنجەی هێزە ئەمنییەكان گیانیان لەدەستداوە.
شاری سنە بەهۆی ئەو مێژووە لەناڕەزایەتیی دژی دەسەڵات لەئێران هەیەتی و بەبەردەوامی رووبەڕووی توندترین سەركوت و هێرش بووەتەوە، بەسنەی خوێناویی ناودەهێنرێت.
ئامارەكانی سێ مانگ ناڕەزایەتیی دژی دەسەڵاتی ئێران
بەپێی ئامارەكانی مافەكانی مرۆڤ تا 89 رۆژی ناڕەزایەتییەكان لانیكەم 126 كەس لەڕۆژهەڵاتی كوردستان گیانیان لەدەستداوە كە نۆ كەسیان بەهۆی ئەشكەنجەو ئازار لەزیندان و بنكەی هێزە ئەمنییەكانی ئێران بووەو ژمارەی دەستگیركراوانی ئەو بەشە لەكوردستانیش شەش هەزار كەسی تێپەڕاندووەو تائێستا سزای لەسێدارەدانی 10 گەنجی كورد لەقۆناغی یەكەمی دادگاییەكاندا یەكلابووەتەوە.
ناوەندی مافەكانی مرۆڤی ئێران (هەرانا) بڵاویكردووەتەوە بەگشتی لەماوەی سێ مانگ ناڕەزایەتیی و خۆپیشاندان لەڕۆژهەڵاتی كوردستان و ئێران زیاتر لە490 كەس كوژراون كە ناوو ناسنامەی ئەو ژمارەیان دیارەو لەو ژمارەیەش 68 كوژراویان تەمەنیان لە 18 ساڵ كەمتر بووە و نزیكەی 61 ئەندامی هێزە ئەمنی و سەربازییەكان و پۆلیس كوژراون و سوپای پاسدارانیش دانی بەوەدا ناوە كە لەو ژمارەیە 51 كەسیان ئەندامی سەر بەو سوپایەن.
لە 160 شارو شارۆچكە خۆپیشاندان و ناڕەزایەیی لەسەرتاسەریی رۆژهەڵاتی كوردستان و ئێران بەڕێوچووە و لە 143 زانكۆی وڵاتەكەش مانگرتن و ناڕەزایەتیی بەردەوام بوە.
بەپێی ئامارەكانی ئەو ناوەندە زیاتر لە 18 هەزارو 259 كەس بەهۆی ناڕەزایەتییەكانەوە دەستگیركراون كەنزیكەی دوو هەزار كەسیان خوێندكاری زانكۆكان بوون.
بەرپرسان توانای نكۆڵیان نەماوە
لەنوێترین لێدوانیدا سەرۆكی پەرلەمانی ئێران دوای لەسێدارەدانی دووەم گەنجی ناڕەزایەتییەكان رایگەیاند: هەندێك كێشەی وڵاتەكە لەكاتی خۆیدا چارەسەر نەكراوە و رەنگە چارەسەری ئەو كێشەیە لەئێستادا هیچ بەهاو نرخێكی نەبێت بۆیە دەبوایە لەكاتی خۆیدا كێشەكانی وڵاتەكە چارەسەر بكرانایە.
لەلایەكی دیكەوە غوڵام حسێن ئێژەی، سەرۆكی دەزگای داد لەئێران رایگەیاندووە نابێت چیتر لەپڕوپاگەندەی نەیارانی سێدارەو سزاكانی كۆماری ئیسلامی ئێران سڵ بكەینەوە، چونكە دۆخی وڵاتەكە لەمەترسیدایە.
ئەو داواشی لەدادوەری دادگاكان كرد كە لەژێر كاریگەریی فشارەكانی دەرەوە چاوپۆشیی لەدەستگیركراوانی خۆپیشاندانەكان نەكەن و سزای پێویستی تاوانباران بدەن بۆ ئەوەی كۆماری ئیسلامی رووبەڕووی مەترسیی گەورەتر نەبێتەوە.