ئەو هەڵە تەندرووستیانە چیە کە نابێ لە وەرزی سەرمادا بیانکەم؟

یەک ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

" پێویستە بەڕادەی پێویست جلوبەرگ بپۆشین، چونکە کاتیک هەست بەسەرما ئەکەین لەشمان خانەی بەرگری درووست دەکات و سیستەمی بەرگریمان بەهێزتر دەبێت"

 لەگەڵ دەستپێکردنی وەرزی سەرمادا جۆری نەخۆشیەکانیش دەگۆڕێن و پێویست ئەکات بەشێوازێکی زانستی مامەڵە لەگەڵ نەخۆشیە وەرزیەکان بکەین ئەمەش لەبەرئەوەی چارەسەری نازانستی لەنەخۆشیە وەرزیەکانەوە سەرنەکێشێت بۆ نەخۆشیە درێژخایەن و مەترسیدارەکان.

لە بارەی باوترین نەخۆشیە وەرزیەکان ومامەڵەیەکی تەندرووست لەگەڵیان، دکتۆر ڕامی،پزیشکی گشتی لە چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ ڕۆژنامەی هاوڵاتی باسی لەوە کرد کاتیک بەرەو وەرزی سەرما دەڕۆین ئەوە بزانین کە پێداویستیەکانی لەش دەگۆڕین لە وەرزی زستاندا و بۆ ئەمەش گرنگە ئاگامان لە شێوازی جوڵە وچالاکیەکانمان و سیستەمی خۆراکیمان بێت، هەروەها کات وشێواز و بڕی دەرمانەکانیش کارێکی یەکجار هەستیار وپەیوەستە تەندرووست مانەوەمان.

دکتۆر ڕامی لە درێژەی قسەکانیدا وتی، باوترین نەخۆشیەکانی وەرزی سەرما کۆکە وسەرمابوون، حەساسیەت و ئەنفلۆنزایە کە زۆربەیان نزیکەی هەفتەیک دەخاێنن وگرنگە لەکاتی تووشبونمان لەسەرەتاوە یەکسەر پەنا نەبەینە بەر دەرمان بەتایبەت وەک ئەوەی باوە لە کوردستان کە یەکسەر پەنا دەبەنە بەر دەرزی و دەرمانە دژە زیندەییەکان، ئەو پزیشکە باسی لەوە کرد کە لە وڵاتە پێشکەوتووەکان %٩٠ لەسەدی خەڵک بەبێ وەرگرتنی چارەسەر ئەم نەخۆشیانە تێدەپەڕێنن و لەئەگەری درێژەکێشانی حاڵەتەکەیان بۆ زیاتر لە هەفتەیەک ئەوکات دەچنە سەردانی پزیشک.

هاوڵاتی: دکتۆر ڕامی،جگە لە هەڵە بەکارهێنانی دەرمان، ئەو هەڵە باوانە چیە کە نابێ بیانکەین لە وەرزی سەرمادا؟

لە ڕاستیدا زۆر گرنگە ئاگاداری پۆشینی شێوازی جلوبەرگمان بین، وەک دەزانین لە وەرزی سەرمادا گرنگە لەشمان بە گەرمی بهێڵینەوە بەڵام گرنگە بەڕادەی پێویست جلوبەرگ بپۆشین و زیادەڕەوی نەکەین چونکە کاتێک کاریگەری لەسەر سیستەمی بەرگریمان دەبێت ئەمەش لەبەرئەوەی کاتێک هەست بەسەرما دەکەین وزیادەڕەوی ناکەین لە جلوبەرگدا ئەوا جەستەمان خانەکانی بەرگری درووست دەکات کە زۆر گرنگە لە پاراستنی لەش لە هۆکارەکانی نەخۆشی ( مایکرۆبەکان)؛ جگە لەوە پەیوەست بە جلوبەرگ بۆ ئەوەی خەوێکی تەندرووستمان هەبێت و خەوێکی پچڕ پچڕمان نەبێت باشترە قاچەکانمان بەگەرمی بهێڵینەوە ولەکاتی خەودا گۆرەوی لەپێ بکەین.

هاوڵاتی: دکتۆر خەڵکی لە وەرزی سەرمادا بڕێکی زۆر کافاین ئەخۆنەوە ولەبەرامبەردا ئاوێکی یەکجار کەم دەخۆنەوە، ئەمە تاچەند ناتەندرووستە؟

لە ڕاستیدا لە وەرزی زستان مرۆڤ بەشێوەیەکی ئاسای حەزێکی زۆری بۆ خواردن دەچێت وبەمەش زۆرجار زیادەڕەوی تێدادەکەن ئەمەش تاڕادەیەک ئاساییە چونکە لەش لە وەرزی سەرمادا بڕێکی زۆرتر کالۆری دەسوتێنێت، بەڵام ئەوەی گرنگە ئەوەیە کە بایەخێکی زۆرتر بدەین بە خواردنە ڕیشاڵیەکان چونکە وادەکات بەشێوەیەکی تەندرووست بۆماوەیەکی زۆر بەتێری بمێنینەوە وبەم جۆرەش کێشمان لە وەرزی سەرمادا زیاد ناکات. لەبارەی کەم خورادنەوەی ئاو ئەوە ڕوونە کە بەهۆی جوڵەی کەمتر وکەمبونەوەی چالاکیەکان ودەرچونمان لە وەرزی سەرمادا کەمتر هەست بە تونێتی دەکەین و ئاوێکی کەمتر ئەخۆینەوە ئەمەش زۆر کارێکی هەڵەیە چونکە دەبێتە هۆی تێکدانی سیستەمی هەرس و زیانگەیاندن بە گورچیلە و قەبزی.

هاوڵاتی: دکتۆر ئایا وەک ئەوەی لەناو هەندێک لە هاوڵاتیاندا ئاماژەی پێدەکرێت، خواردنەوە کحولیەکان تەندرووستە بۆ مانەوەی لەش بەگەرمی؟

هەرچەند بەپێی هەندێک توێژینەوە خواردنەوەی بڕێک لە خواردنەوە کحلویەکان دەبێتە هۆی فراوانبوونی مولولەکانی خوین و زیادکردنی پێداڕۆیشتنی خوێن و بەوەش وادەکات هەست بە گەرمی لەشمان بکەین، بەڵام بەجۆریک زیادخواردنەوەیان دەبێتە هۆی کێشەی گورچیلە، جگەر، دابەزاندنی بەرگری لەش.

هاوڵاتی: ئایا درووستە زۆربەی کاتەکانمان بەمانەوە لەماڵەوە بەسەربەرین لە وەرزی سەرمادا؟

لە وەرزی سەرمادا بەهۆی نزمبونەوەی پلەکانی گەرما و کورتبونەوەی کاتەکانی ڕۆژ، مێشکمان بڕێکی زیاتر لە هۆرمۆنی میلاتۆنین دەرئەکات وبەمەش هەست بە خەواڵویی دەکەین و وادەکات کاتیکی زۆرتر لەماڵەوە بەسەربەرین، بەڵام گرنگە لە وەرزی سەرماشدا چالاکیمان هەبێت بەتایبەت وەرزش و چوونە دەرەوەیەکی کورت، چونکە زۆر مانەوە لەماڵەوە و سستی لەش دەبێتە هۆی لاوازبوونی بەرگری وقەڵەوی.

هاوڵاتی: دکتۆر ئایا خۆشتن بە ئاوێکی گەرم وبۆماوەیەکی درێژ کاریگەری ئەرێنی هەیە لەسەر تەندرووستیمان یاخود ناتەندروستە؟

لەڕاستیدا ئەگەر بۆ ماوەیەکی زۆرنەبێت ئەوا تەندرووستە و یارمەتی ئارامبونەوەی مێشک و لەش دەدات، بەڵام گرنگە سنورداری بکەین چونکە بۆ ماوەیەکی درێژ مانەوە لە ناو دوشێکی گەرمدا دەبێتە هۆی وشک بونەوەی پێست ودرووستبونی حەساسیەت و زیانگەیاندن بە کیراتینی پێست، لەگەڵ ئەوەشدا گرنگە مەڵهەمی تایبەت بە شێدارکردنەوەی پێست لە زستاندا بەکاربێت.

هاوڵاتی: دکتۆر کۆتا ڕێنمایت چیە بۆ هاوڵاتیان؟

لە ئەگەریی توشبون بە پەتا وەرزیەکان ودەرکەوتنی نیشانەکانی وەک، بەرزی پلەی گەرمی، کۆکە، هەناسەتوندی هەتا هەفتەیەک ئاساییە وباشترە بەبێ چونە پزیشک بەخۆپارێزی وخواردنەوەی چای سەوزی شلەتێن چارەسەری خۆتان بکەن، لە ئەگەری درێژەکێشانی گرنگە ئەوکات سەردانی پزیشک بکەن؛ بەپێچەوانەوە نابێت دەستبەجێ پەنا ببەنە بەر دەرمان ودەرزی وبەتایبەت وەک دەرزی تێكەڵە کە لەکوردستان باوە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار